خبر 2018-11-18 05:44 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەندامێکی بنەماڵەی مامۆستا هەژار گلەیی لە ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد دەکات

بەشی فەرهەنگ و هونەر- بارزان شەرەفکەندی نەوەی مامۆستا هەژارە و بەبۆنەی شێوازی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی هەژار کە ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد بەڕێوەی برد گلەیی لەو ئەنجومەنە دەکات و دەڵێت ڕاوێژیان بە پسپۆڕان و بنەماڵەی هەژار نەکردووە.

کوردپرێس:

کۆنگرەی زانستیی هەژار مووکریانی لە سەر ئەرکی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد ڕۆژانی چوارشەمە و پێنجشەمە 23 و 24ی گەڵاڕێزانی 1397 بەرانبەر بە 14 و 15ی تشرینی دووهەمی 2018 بە ئامادەبوونی مامۆستایانی زانکۆ، شاعیران، توێژەران و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە هۆڵی وەحدەتی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

بارزانی شەرەفکەندی وەکوو ئەندامێکی بنەماڵەی مامۆستا هەژار دەڵێت دەبوایە ئەنجومەنی ئەدەبی لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردن و بەرنامەکانی ئەو کۆڕبەندە ڕاوێژی بە بنەماڵەی مامۆستا هەژار بکردایە بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد کاتێک پێوەندییان بە ئێمەوە کرد هەموو بەرنامەکانی ئەو کۆڕبەندەیان ڕیز کردبوو و کەسانێک لە بەرنامەکەدا قسەیان لە سەر هەژار دەکرد کە زانیارییان لە سەری نەبوو.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئێمە پێشتر لە کۆڕبەندەکەی هێمندا بەشداریمان کردبوو و هیوادار بووین هەڵە و کەموکوڕییەکانی ئەو کۆڕبەندە لەم بەرنامەیەشدا دووپات نەبێتەوە بەڵام بەداخەوە ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد ئاوڕی لە بۆچوون و ڕای ئێمە نەدایەوە.

نەوەی مامۆستا هەژار تانەی دووبارەی لە ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد دایەوە و گوتی ئەو ئەنجومەنە لە بەڕێوەبردنی کۆڕبەندەکەدا قۆرخکاریی کرد و بەشداریی بە پشپۆڕان و کەسوکاری بنەماڵەی هەژار مووکریانی نەکرد.

شەرەفکەندی گوتیشی ئەوان داوایان کردبوو کە کۆڕبەندەکە لە ئاستێکی فراوانتردا بەڕێوە بچێت و داواین لە کۆتلەی فەرهەنگیی ئەنجومەنی ئیداریی شارەکە کردبوو کە دانیشتنێک تایبەت بەو کۆڕبەندە بکات بەڵام ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد بەشداریی ئەو دانیشتنەی نەکرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.