خبر 2018-10-21 07:41 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووری پەروێزخان بەشەو و بەڕۆژ بەردەوام دەبێت

بەشی کرماشان- قایمقامی شاری قەسر شیرین لە لێدوانێکدا وتوویەتی ئەم ماوەیە بە بۆنەی هاتوچۆی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی حسێنییەوە هاتوچۆ لە دەروازەی پەروێزخانەوە قەرەباڵخیی دروست کردووە و ژمارەیێکی زۆری لۆری و بارهەڵگریش گەشتوونەتە ئەو دەروازەیە بۆ هەناردەکردنی کاڵا بۆیە بڕیاریان داوە بەوەی کە ئەو دەروازەیە لە 24 کاتژێری شەو و ڕۆژدا کراوە بێت و هاتوچۆی گەشتیار و ئاڵوگۆڕی کاڵا نەوەستێت.

کوردپرێس:

مورا عەلی تەتەر ڕۆژی یەکشەمە 21ی ئەکتەوبری 2018 لەو بارەیەوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی هەناردەکردن لە دەروازەی پەروێزخانەوە تا ڕادەیێکی بەرچاو زیادی کردووە و بە حوکمی ئەوەی لەم ڕۆژانەدا هاتوچۆی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی حسێنییش لەو دەروازەیەوە زۆر بووە قەرەباڵخی دروست بووە هەر بەو بۆنەیەشەوە بڕیارمان داوە لە 24 کاتژمێری شەو و ڕۆژدا دەروازەکە چالاک بێت و نەوەستێت لە هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی و هاتوچۆی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن.

ناوبراو زیادی کرد: هەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 2000 لۆری و بارهەڵگر لە دەروازەکانی دیکەی ئێرانەوە ڕوویان لە دەروازەی سنووری پەروێزخان کردووە و ئەوەش بەهۆی هاتئچۆی زیارەتکارانەوەیە بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.

تەتەر لە بارەی ڕێژەی بەرهەمی هەناردەکراوی ئێرانی لە دەروازەی پەروێزخانەوە ئاشکرای کرد لە سەرەتای ساڵی 97ەوە بڕی 226 ملوێن و 305 هەزار و 419 دۆلار کاڵا بەرەوە عێراق هەناردە کراوە و لە باری کێشیشەوە ئەو بەرهەمانە 4 ملوێن و 921 هەزار و 773 تەن بوون.

دەروازەی سنووری پەروێزخان ساڵی 1386ی هەتاوی لە قەسر شیرینی کرماشان کرایەوە و سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و یەک لە دەروازە سنوورییە هەرەگرینگەکانی ئێرانە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیار و زیارەتکار.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.