خبر 2018-09-27 08:39 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
یاساناسێکی عێراقی:

پەڕلەمانی عێراق دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ئەو کاندیدانەی بەشداریی ڕیفراندۆمەکەی کوردستانیان کردبوو ڕەتیان بکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یاساناسێکی عێراقی دەڵێت: پەڕلەمانی عێراق دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کە ئەو کەسانەی ساڵی ڕابردوو لە ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کردبوو و ئێستا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق خۆیان کاندید کردووە ڕەتیان بکاتەوە.

کوردپرێس:

عەلی تەمیمی یاساناسێکی عێراقییە و لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی مەعلوومەی عێراقی وتووە دەبێت سەرۆککۆماری عێراق کار بۆ یەکڕیزی و یەکپارچەییی عێراق بکات و ڕێگری بکات لە دابەشبوونی وڵات و ئەندام پەڕلەمانەکانی پەڕلەمانی عێراقیش مافی ئەوەیان هەیە سەڵاحیەتی ئەو کەسانە ڕەت بکەنەوە کە ساڵی ڕابردوو لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد و ئێستاش خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید کردووە.

تەمیمی زیادی کرد: یەک لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ کاندیدی سەرۆککۆماری عێراق ئەوەیە پێبەند بێت بە دەستووری عێراق و پارێزگاری کردن لە یەکڕیزی و یەکپارچەییی خاکی عێراق بۆیەش پەڕلەمان دەتوانێ لە ڕێگای ئەو کۆتلەیەی بۆ گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان پێک هێنراوە سەڵاحییەتی ئەو کاندیدانە ڕەت بکاتەوە کە بەشداریی ڕیفراندۆمیان کردبوو و ئێستاش خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید کردووە.

ئەو یاساناسە دەشڵێت: ئەگەر کەسێکیش ناوی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕەت کرایەوە ئەوا سێ ڕۆژ ماوەی دەبێت لای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆمار بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.