تایبەتی کوردپرێس: دەنگۆی مردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕەت دەکرێتەوە
کوردپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە هەموو ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە کۆچی دوایی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری مام جەلال دەکەن درۆیە و هیچ بنەمایێکی نییە.
ناوبراو وێڕای ئەوەی دەنگۆی مردنی هاوسەرەکەی مام جەلالی ڕەت کردەوە زیادی کرد: ئێستا من لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کوڕی هێرۆخان لە مەڕاسیمێکدام و هەر ئەوەش وەڵامێکە کە دەنگۆی مردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕەت دەکاتەوە.
شیاوی ئاماژەیە هەواڵی مردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری سەرۆکی خوالێخۆشبووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە بەڵام هیچ ئاژانسێکی هەواڵی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردۆتەوە و کوردپرێس بۆ ڕوونکردنەوەی ڕای گشتی لەو بارەیەوە پرسیاری لە وتەبێژی فەرمیی یەکێتی کرد و وەڵامەکەی سەعدی ئەحمەد پیرە هەموو دەنگۆکانی ڕەت کردەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیێکی وڵاتی ئەڵمانیا لە ژێر چاودێریدایە.
سەعدی پیرە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: هێرۆ ئیبراهیم ئێستا لە شاری سلێمانییە و تەندروستیشی باشە.
بۆچوونی بەکارهێنەران