هیوایێک بە ڕێککەوتنی نێوان ENKS و PYNK نەماوە
«حسێن مەستۆ» ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی سووریا، دەڵێت: هێشتا هیچ دەسکەوتێک لەو کۆبوونەوانە بەدەست نەهاتووە بەڵام دانیشتنەکان درێژەیان هەیە.
ئەندامەکەی الپارتی درێژەی دا: ئێمە وەکوو پارتی دیموکرات بڕوامان وایە ڕێێکەوتنی سیاسی لە کوردستانی سووریا دەستەبەر ناکرێت مەگەر ئەوەی کە هەموو ڕەوتە سیاسییەکان لە گفتوگۆکاندا بەشدار ببن.
حسێن مەستۆ دەشڵێت: ڕێگایێکی تر ئەوەیە کە کۆنگرەیێکی نەتەوەیی بە بەشداریی هەموو حزب و کەسایەتییە سیاسییە کوردەکانی سووریا پێکبێت تاکوو بگەنە لێکتێگەیشتن و لە ئەنجامی ئەم لێکتێگەیشتنە لیژنەیێک بۆ بڕیاردان لەبارەی بەڕێوەبردنی کوردستانی سووریا پێکبهێندرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە: هیوایێک بە دانوستانی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتی نیشتمانی نەماوە چوونکە لایەنەکان هەوڵ بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی دەدەن.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) ئاشکراشی کرد: ئەو ڕەوتانەی بەشدارن لەم دانوستانەدا بەدوای ڕێککەوتنی پەنجا-پەنجا لە دانوستانەکاندان بەبێ ئەوەی هەموو حزبە سەربەخۆکان بەشدار بکەن و بەرژەوەندیی گەل لەبەرچاو بگرن، ئەم ڕەفتارەش پێشینەیێکی شکستخواردووی هەیە.
حسێن مەستۆ وەبیری هێنایەوە بۆ ئەوەی کوردستانی سووریا سەقامگیر بێت و نەزمی تێدا جێگیر بکرێت پێویستە هەموو ڕەوتە سیاسییەکان لە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی داهاتوودا ڕۆڵ بگێڕن و لەبیر بردنەوەی ئەم بابەتەیش زەبرێکی توند لە دۆخی سیاسی کورد لە سووریا ددەدات. باشتر وایە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە کوردستانی سووریا دووپات نەکرێتەوە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: تا ئەو کاتەی ناوماڵی خۆمان ڕێکنەخەین هیچ سەرکەوتنێک دەستەبەر ناکرێت. پێویستە هەموو ڕەوت و حزبەکان بەشداری لە دانوستانەکاندا بکەن ئەگینا هیچ ڕێێکەوتنێک ناکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران