قۆناغی سێهه‌می که‌مکردنه‌وه‌ی پێبه‌ندبوونمان به ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌خه‌ینه بواری جێبه‌جێکردنه‌وه
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه 2ی ئه‌یلوولی 2019 سه‌یید عه‌باس مووسه‌وی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌باره‌ی جێبه‌جێکردنی قۆناغی سێهه‌می که‌مکردنه‌وه‌ی پێبه‌ندبوونی وڵات به ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی ڕایگه‌یاند: هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رفه‌ته ڕهچاوکراوهی که کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لایه‌نی ئه‌ورووپی به مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی کرداری بۆ پارێزگاری کردن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵات له ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی له ڕێگای دیپلۆماسی، ته‌عامول و گفتوگۆ دایناوه قۆناغی سێهه‌می که‌مکردنه‌وه‌ی پێبه‌ندبوونمان به ڕێککه‌وتنه‌که داڕێژراوه و ئاماده‌ی جێبه‌جێکردنه.
ناوبراو په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی نێوان سه‌رۆک کۆمارانی ئێران و فه‌ڕه‌نسا، سه‌ردانی دووباره‌ی سه‌یید عه‌باس عێراقچی بۆ پاریس له ڕۆژی دووشه‌ممه 11ی خه‌رمانانی 1398 به‌رانبه‌ر به 2ی ئه‌یلوولی 2019 و دوو جار سه‌ردانی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف بۆ فه‌ڕه‌نسا له ماوه‌ی سێ ڕۆژی به هه‌نگاوه دیپلۆماتیکه‌کانی ئێران بۆ پارێزگاریکردن له ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی وه‌سف کرد و گوتیشی: سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌وڵه دیپلۆماتیکانه کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی ئاماده کردووه که ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌کان ئه‌نجامێکی باشی به‌دواوه نه‌بێت و لایه‌نی ئه‌ورووپی هه‌نگاوی کرداری بۆ پارێزگاریکردن له ڕێککه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌که هه‌ڵنه‌گرێت ئه‌وا کۆماری ئیسلامیی ئێران قۆناغی سێهه‌می که‌مکردنه‌وه‌ی پێبه‌ندبوونی به ڕێککه‌وتنه‌که جێبه‌جێ ده‌کات.
سه‌یید عه‌باس مووسه‌وی زیادیشی کرد: قۆناغی سێهه‌م ئاماده‌یه و له قۆناغه‌کانی یه‌که‌م و دووهه‌م پته‌وتر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوسهنگییێک له نێوان ماف و ئه‌رکه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی دروست بکات.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختی کرده‌وه: ئاساییه که ئه‌گه‌ر پێشنیاز و دانووستانه‌کان بۆ پێبه‌ندبوونی لایه‌نی ئه‌ورووپی له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌ره‌و ئاقارێکی باش بڕوات ئه‌وا ئێران له‌و کاره پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران