خبر 2019-06-07 12:19 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی:

درێژەی دۆخی ئێستای کەرکووک مەترسیی خراپ لەسەر پێگە و ڕێژەی کورد دادەنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند: ئەگەر دۆخی ئێستای كەركووک بەو شێوەیە بەردەوامبێت، ئەوە بۆ سەرژمێری گشتیی عێراق كە بڕیارە ساڵی داهاتوو 2020 ئەنجام بدرێت، مەترسی گەورە و كاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر پێگەو رێژەی كورد لە پارێزگای كەركووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووک بە SNN وتیشی: گرنگە لایەنە كوردستانیەكان بگەڕێنەوە كەركووک و ئاوڕێک لە مەترسییەكانی ئەو شارە بدەنەوە و پارێزگارێكی كورد هەڵبژێردرێت و ئەنجومەنی پارێزگای كەركووک چالاک بكرێتەوە.

بەوتەی ئاسۆ مامەند سەرژمێریی ساڵی 2020، هاوشێوەی سەرژمێری ساڵی 1957 دەبێت بە بنەمایێک بۆ دەرخستنی ڕێژەی پێكهاتەكانی كەركووک و بەتایبەت كورد لەسەرجەم ناوچە دابڕێنراوەكان.

ناوبراو دەیشڵێت "پیلان هەیە كە لە ڕێگەی تەعریب كردن و ئازاردانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان، پێگەی كورد لەسەرژمێرییەكەی 2020 لاواز بكەن و تائێستاش كورد هیچ پلانێكی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە نییە".

ئاسۆ مامەند زیادی کرد: "وەكوو یەكێتی بڕیاری قورسی زۆرمان داوە لە كەركووک، وەک بڕیاری مانەوەمان لە كەركووک و بەشداری كردنمان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق، تەنها ئامانجیشمان ئەوەبوو پێگەی كورد لە كەركووک لاواز نەبێت".

لە کۆتاییدا ئاسۆمامەند ئەوەشی وت: "بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی پارتی بگەڕێتەوە كەركووک و پارێزگارێكی كورد هەڵبژێردرێت، كەچی لە موسڵ پارێزگارێكی عەرەب هەڵدەبژێرێت، بۆیە باشتر وایە دەست لە موزایەدە كردن لە هەولێرەوە بهێنن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.