خه‌سرۆ گۆران: ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی عێراق ئاسایی نه‌کرێته‌وه زه‌حمه‌ته هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان به‌ڕێوه بچێت
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 28ی کانوونی دووهه‌می 2019 خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی ده‌زگای ھه‌ڵبژاردن به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی عێراق به گشتی ئاسایی نه‌كرێته‌وه، ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردن زه‌حمه‌ته ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێت، چوونكه ھێشتا بڕیاری كۆتایی له‌باره‌یه‌وه نه‌دراوه و ته‌نیا كۆمیسیۆنی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕه‌زامه‌ندیی نیشان داوه و حكوومه‌تی عێراق ئه‌و ڕێكه‌وته‌ی په‌سه‌ند نه‌كردوووه."
ناوبراو گوتیشی: "ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له پانزده پارێزگادا به‌ڕێوه ده‌چێت به مووسڵ و كه‌ركووكیشه‌وه و پێم وایه ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكات ڕه‌وشی عێراق ئاسایی بكرێته‌وه، ئه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی به‌ھێزه به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌وشه‌که سه‌قامگیر نه‌بێت ھه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌خرێته ساڵی دابێت."
گۆران له‌باره‌ی كه‌ركووكه‌وه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "كه‌ركووک ڕه‌وشێكی تایبه‌تی ھه‌یه و ئێمه وه‌ک پارتی به‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستاوه ڕه‌تمان كردوووه‌ته‌وه به‌شداری له ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكدا بكه‌ین و ئێمه‌یش به‌شداری نه‌كه‌ین به‌و دۆخه‌ی ئێستای كه‌ركووک ھه‌ڵبژاردن ناكرێت له‌و پارێزگایه‌دا به‌ڵام كه باس له ئاسایی كردنه‌وه ده‌كرێت، ئێمه‌یش له دوای ئاسایی كردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی كه‌ركووک و دانانی پارێزگار و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران