لوقمان عه‌بدولقادر: ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی چه‌كی كیمیایییان داوه‌ته سه‌دام دادگایی ده‌کرێن
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له ماوه‌ی ڕابردوودا یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایی كردنی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی چه‌كی كیمیایییان داوه‌ته سه‌دام كه له دژی هه‌ڵه‌بجه به‌كاری بێنێت، به‌ڕێوه چوو، به‌ڵام به هۆی ئاماده‌نه‌بوونی تۆمه‌تبارانه‌وه دانیشتنی دادگا بۆ مانگی 11 دوا خرا و دواتر به شێوه‌یێكی فه‌رمی كۆمپانیاكان ئاگادار كرانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له دانیشتنی داهاتوودا ئاماده بن.
ده‌رباره‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی كۆمپانیاكان لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بڕیاره له مانگی 11ی ئه‌مساڵ دووه‌م دانیشتنی دادگایی كردنی ئه‌و كۆمپانیایانه به‌ڕێوه ده‌چێت که چه‌كی كیمیایییان داوه‌ته ڕژێمی به‌عس بۆ ئه‌وه‌ی له دژی هه‌ڵه‌بجه به‌كاری بێنێت و ئه‌م جاره هه‌موو به‌ڵگه‌كان و ئاگاداركردنه‌وه بۆ كۆمپانیاكان ڕۆیشتوون كه ژماره‌یان حه‌وت كۆمپانیایه بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رده‌م دادگادا ئاماده بن."
لوقمان عه‌بدولقادر گوتیشی: "ژماره‌یێک له‌و كۆمپانیایانه ئاماده‌ییی خۆیان نیشان داوه بێنه به‌رده‌م دادگا بۆ دادگایی كردنیان."
لوقمان عه‌بدولقادر ڕوونیشی كرده‌وه: "سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان كراون بۆ دادگایی كردنی كۆمپانیاكان كه سه‌رجه‌میان بیانین و هی وڵاتانی جیاجیان و مه‌به‌ست له دادگایی كردنیشیان قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی و مه‌عنه‌ویی كه‌سوكاری قوربانیانه."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران