خبر 2026-10-10 13:19 کاتی خوێندنەوە: 16 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

مێژووی کورد  لە زاری حەمید بۆزئەرسەلانەوە

حەمید بۆزئەرسەلان، توێژەری کوردی نیشتەجێی فەرەنسا، بە پشکنینی مێژووی سیاسیی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دەردەخات و نیشانی دەدات چۆن سەرکوت، ململانێ سیاسییەکان و ئەزموونە مێژووییەکان کاریگەرییان لەسەر پێکهاتنی ناسنامەی کوردی و پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ دەوڵەتەکاندا داناوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەمید بۆزئەرسەلان، مێژوونووس و بیرمەندی زانستە سیاسییەکان، لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانە لە قوتابخانەی باڵای خوێندنی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پاریس (EHESS). ئەو لە توێژەرە دیارەکانی مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد ئەژمار دەکرێت و بەرهەمەکانی لەبارەی توندوتیژی، دەوڵەت، شۆڕش و بزووتنەوە سیاسییەکان، پێگەیەکی ناسراویان لە ناوەندە زانکۆییەکانی فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپادا هەیە.

بۆزئەرسەلان، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨ لە باکووری کوردستان و کوڕی محەمەدئەمین بۆزئەرسەلانی نووسەری ناسراوی کورد، لەو توێژەرانەیە کە مێژووی کورد بە جیا لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتووری و نەتەوەییەکانی ناوچەکە لێک ناداتەوە. گرنگیی کارەکەی تەنیا لە ژمارەی کتێب و وتارەکانیدا نییە، بەڵکو لەو شێوازەدایە کە ڕابردوو بە کێشەکانی ئەمڕۆوە دەبەستێتەوە و نیشان دەدات توندوتیژییە مێژووییەکان چۆن لە هۆشیاریی بەکۆمەڵدا دەمێننەوە و کاریگەری لەسەر داهاتووی کۆمەڵگەکان دەنێن.

لە ناوەندە زانستییەکانی فەرەنسادا، بەرهەم و تێڕوانینەکانی سەبارەت بە ململانێ جیهانییەکان، بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد، جێگەی سەرنج بوون. بۆزئەرسەلان لە کۆنفرانس، کۆبوونەوە زانستییەکان، دیمانە و گفتوگۆ زۆرەکاندا بەشداری کردووە و لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەوە، وێنەیەکی لە مێژوو پێشکەش کردووە کە تێیدا ڕووداوەکان تەنیا ڕووداوی ڕابردوو نین، بەڵکو هێزێکی زیندوون کە هێشتا کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکان هەیە.

ئەم پێگەیە ئەنجامی بەخت یان تەنیا ئامادەبوون لە ژینگەیەکی زانکۆیی باوەڕپێکراودا نییە؛ بەڵکو ئەنجامی ساڵانێک لە توێژینەوە و هەوڵێکی بەردەوامە بۆ ناسینی ئاڵۆزییەکانی مێژوو. بۆزئەرسەلان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تێگەیشتن لە مرۆڤ و کۆمەڵگە بێ تێپەڕین بەناو کۆسپە فکرییەکان، لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانەی گێڕانەوە باڵادەستەکان و سەرنجدان بە هەمەجۆریی ئەزموونە مێژووییەکان ئەستەمە.

 

ئەو بەرهەمەکانی بە پلەی یەکەم بە زمانی فەرەنسی نووسیوە و لەو ڕێگەیەوە لە ناوەندە زانستییە نێونەتەوەییەکاندا ناسراوە. بەرهەمەکانی بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و تورکیش وەرگێڕدراون. زمانی دایکیی ئەو کوردییە و شارەزایی لەم زمانەدا بەشێکە لە ناسنامەی کلتووری و مێژوویی ئەو، هەرچەندە لە سەرچاوە بڵاوکراوەکاندا بەرهەمێکی چاپکراو بە زمانی کوردی بەدی ناکرێت.

هەڵبژاردنی زمانی فەرەنسی دەکرێت وەک هۆکارێک سەیر بکرێت کە دەرفەتی پەیوەندیکردنی لەگەڵ تۆڕێکی بەربڵاو لە ئەکادیمیان، توێژەران و ڕاگەیاندنەکاندا بۆ ڕەخساندووە. ئەم زمانە ڕێگەی پێ داوە دەنگی خۆی لەبارەی پرسی کوردەوە بگەیەنێتە بەردەنگانێک کە ڕەنگە ناسینێکی ڕاستەوخۆیان لە ئەزموونی مێژوویی ئەم گەلە نەبووبێت. لە هەمان کاتدا، بەرهەمەکانی تەنیا ڕەنگدانەوەی پەیوەستبوونێکی نەتەوەیی نین؛ بۆزئەرسەلان بە لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی کورد، پرسیاری گشتی لەبارەی توندوتیژی، دەوڵەت، ئازادی، هاووڵاتیبوون و چارەنووسی مرۆڤ دێنێتە ئاراوە.

لە بەرهەمە گرنگەکانی ئەو دەکرێت ئاماژە بە کتێبی «پرسی کورد: دەوڵەتەکان و کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» بکرێت کە لە ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دامەزراوەی خوێندنی سیاسیی پاریسەوە بڵاو کرایەوە. «سەد وشە بۆ وەسفکردنی توندوتیژی لە جیهانی ئیسلامدا» لە ساڵی ٢٠٠٥، «مێژووی تورکیای مۆدێرن» لە ساڵی ٢٠٠٦ و «مێژووی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تا قاعیدە» لە ساڵی ٢٠٠٨ لە بەرهەمەکانی تری ئەون. کتێبی «ململانێی کورد؛ گڕکانە لەبیرکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»یش لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاو کرایەوە.

بۆزئەرسەلان لەپاڵ بەرهەمە سەربەخۆکانیدا، لە نووسینی بەرهەمی هاوبەشیشدا بەشداریی کردووە. لەم بەرهەمانە دەکرێت ئاماژە بە کتێبی «ئەکتەران و فەزا سیاسییەکان لە مەغریب و تورکیا» بە هاوکاریی ڕێمی لێڤۆ و مونیا بنانی شەریبی لە ساڵی ١٩٩٦ و کتێبی «جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە: ئەمریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیندستان» بە هاوکاریی کریستۆف ژەفرلۆ لە ساڵی ٢٠١١ بکرێت.

بەپێی ئەمەش، گرنگیی چالاکییەکانی ئەو تەنیا بە پێرستی کتێب و بەرهەمە زانستییەکانی شی ناکرێتەوە. گفتوگۆ، دیمانە و بەشداری لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بەشێکی گرنگی کارەکانی پێک دێنن. ئەم ئامادەیییە بەربڵاوە، لەلایەک دەربڕی متمانەی ناوەندە زانستی و ڕاگەیاندنەکانە بە توانا شیکارییەکانی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا و لەلایەکی ترەوە دیاری دەکات کە بۆزئەرسەلان زانست وەک ئامرازێک بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ گشتییەکان لەسەر پرسە مرۆییەکان دەبینێت.

ئەو لە پێگەیەکەوە قسە دەکات کە تێیدا ئەزموونی ژیاوی توێژەرێکی کورد، چالاکیی زانستی لە پاریس و بەهرەمەندبوون لە ئازادییە زانکۆییەکان دەتوانن ببنە تەواوکەری یەکتر. پێگەیەکی لەم شێوەیە دەرفەت دەدات پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی بەربڵاوتردا بخرێتە ڕوو؛ چوارچێوەیەک کە نە بە سنوورە نەتەوەییەکان سنووردار بێت و نە لە ئاڵۆزییە ناسنامەیییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیر بخوات.

«گێڕانەوە» چەمکێکە بە ململانێ و بەرهەڵستکارییەوە گرێ دراوە. ئەم ململانێیە جارناجارێک لە شێوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دەردەکەوێت و جاروباریش دەبێتە شەڕ و پێكدادانی چەکدارانە. شەڕەکان لە درێژایی مێژوودا لە ئازاربەخشترین شێوەکانی ئەم بەرهەڵستکارییە بوون؛ بەڵام گێڕانەوەی مێژوویی تەنیا بە شەڕ سنووردار نابێتەوە و کۆمەڵێک پەیوەندی، دژایەتی، پێچەوانەیی و ئەزموونی مرۆیی لەخۆ دەگرێت. ئەدەبیات، حەماسە، چیرۆک، ڕۆمان و شانۆش هەر یەکەیان بە شێوازێک ئەم ئەزموونانە ڕەنگ دەدەنەوە.

کاتێک لە گێڕانەوەی مێژوویی قسە دەکەین، دەبێت بپرسین چ کەسانێک دروستیان کردووە، کەمێ ڕووداو لە ناوەندەکەیدا دانراون و چ کەسانێک لە گێڕانەوە باڵادەستەکان سڕدراونەتەوە. گرنگیی گێڕانەوە تەنیا بەوەوە بەستراوە نییە کە دەیگێڕێتەوە، بەڵکو بەوەشەوە بەستراوە کە شاردراوەتەوە یان دەرفەتی گێڕانەوەی بۆ نەرەخساوە.

کوردانیش، وەک کۆمەڵگە مرۆییەکانی تر، مێژوو و جوگرافیای تایبەتی خۆیان هەیە؛ بەڵام پێگەی ئەوان لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئەزموونێکی بەردەوامی توندوتیژی، سەرکوت و ململانێوە گرێ دراوە. ئەم ئەزموونە، گێڕانەوەی مێژوویی کورد لە هەندێک لایەنەوە جیاواز دەکاتەوە. کورد لە بەشێکی گەورەی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا، لەگەڵ داواکارییە سیاسی، زمانی و ناسنامەیییەکانی خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە ڕووبەڕوو بووەتەوە. بەم هۆیەوە، تێگەیشتن لە مێژووی کورد بێ پشکنینی پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ دەوڵەتەکان، سنوورەکان و پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا ئەستەمە.

ڕەنگە هەر ئەم پرسە بووبێتە هۆی ئەوەی بۆزئەرسەلان لە پێگەی توێژەرێکی مێژوودا، بەدوای شوێنپێی توندوتیژیدا بگەڕێت لە ژیانی کورددا و بپرسێت بۆچی ئەم گەلە لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا چەندین بارە تووشی سەرکوت، ڕاگواستنی زۆرەملێ و بێبەشکردنی سیاسی بوونەتەوە. ئەو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت ڕوونی بکاتەوە چۆن کۆمەڵگەیەک، بەبوونی گوشارە بەردەوامەکان، ناسنامەی خۆی دەپارێزێت و چۆن ئەزموونی توندوتیژی دەبێتە بەشێک لە هۆشیاریی بەکۆمەڵی.

ناونیشانی کتێبەکانی بۆزئەرسەلان دەربڕی دەستپێکی ئەم خەمەن. ئەو لە بەرهەمەکانیدا بەرەوڕووی بیرۆکە سەخت و ئاڵۆزەکان دەبێتەوە کە ڕەگیان لە ڕابردوودا هەیە، لە کاتی ئێستادا خۆیان نیشان دەدەن و لە مێشکی بەردەنگدا پرسیاری نوێ دەوروژێنن. ئەم شێوازەی توێژینەوە، مێژوو لە تۆمارکردنی سادەی ڕووداوەکان دەباتە سەرتر و دەیکاتە ئامرازێک بۆ ناسینی میکانیزمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

لە ڕێبازی بۆزئەرسەلاندا دەکرێت کاریگەریی چەندین مێژوونووس و بیرمەندی دیاری سەدەی بیستەم ببێنرێت. مارک بلوخ، مێژوونووسی فەرەنسی و لە کەسایەتییە گرنگەکانی مێژوونووسیی مۆدێرن، یەکێک لەم کەسایەتییانەیە. بلوخ لە کتێبی «بەرگری لە مێژوو» یان «پیشەی مێژوونووس»دا جەخت لەسەر پێویستیی ناسینی ڕەخنەگرانەی ڕابردوو دەکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕووداوی مێژوویی بەخۆی قسە ناکات؛ ئەوە مێژوونووسە کە بە ئاراستەکردنی پرسیار، پشکنینی بەڵگەکان و دانانی ڕووداوەکان لە زەمینە مێژووییەکەیاندا، مانا بەوان دەبەخشێت.

والتەر بێنیاڤین، بیرمەندی ئەڵمانی، لە تێڕوانینە ڕەخنەگرانەکەیدا بۆ مێژوو پێگەیەکی گرنگی هەیە. ئەو دژایەتیی ئەو گێڕانەوانە دەکات کە مێژوو وەک ڕێڕەوێکی ناچارەکی و پێشکەوتن وەک ئەنجامێکی حەتمی نیشان دەدەن، و جەخت لەسەر پێویستیی سەرنجدان بە ساتە ڕزگارکەرەکان و ئەزموونی سەرکوتکراوان دەکاتەوە. ڕستە بەناوبانگەکەی بەوەی «هیچ بەڵگەیەکی شارستانیەت نییە کە لە هەمان کاتدا بەڵگەیەک لە دڕندەیی (بەربەریەت) نەبێت»، بیرخەرەوەی ئەوەیە کە لە پشتی زۆربەی گێڕانەوە شانازیپێکراوەکانی شارستانیەت، ئەزموونگەلێک لە توندوتیژی و ستەم شاردراونەتەوە.

قوتابخانەی مێژوونووسیی ئەنالیش، بە کەسایەتییەکانی وەک فێرناند برۆدێل، ژاک لۆگۆف، جێک گودی و ئیمانوێڵ لۆ ڕۆوا لادوری، کاریگەریی لەسەر شێوازی تێڕوانینی بۆزئەرسەلان بۆ مێژوو داناوە. ئەم نەریتە توێژینەوەییە لەجیاتی سنووردارکردنی مێژوو بۆ ژیانی فەرمانڕەوایان و یەکبەدوایەکبوونی شەڕەکان، سەرنج دەخاتە سەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، ئابووری، کلتوور و گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان.

لەپاڵ ئەم کەسایەتییانەدا، ناکرێت ئێریک هۆبسباوم، مێژوونووسی دیاری بریتانی فەرامۆش بكرێت. کۆمەڵە بەرهەمەکانی ئەو لەبارەی «سەردەمی ئیمپراتۆریەت»، «سەردەمی سەرمایە» و «سەردەمی پەڕگیرییەکان» نیشان دەدەن چۆن دەکرێت سەردەمە مێژووییەکان لەسەر بنەمای گۆڕانکارییە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لێک بدرێنەوە. هانا ئارێنت، فەیلەسوف و تیۆریستکاری سیاسی، بە تێڕامانەکانی لەبارەی دۆخی مرۆیی، تۆتالیتاریەت و درۆ لە سیاستدا، لە کەسایەتییە گرنگەکانە کە بەرهەمەکانی بۆ تێگەیشتن لە دەسەڵات و توندوتیژی گرنگییان هەیە.

بەپێی ئەمەش، لە کاتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بۆزئەرسەلاندا بە دەگمەن ڕووبەڕووی چاوڵێکردنی ڕاستەوخۆ لەم بیرمەندانە دەبینەوە. ئەو بیرۆکەکانی ئەوان لە شێوازی تایبەتی خۆیدا توواوە دەکات و لەگەڵ پرسە لێکۆڵدراوەکانیدا تێکەڵیان دەکات. ئەوەی بەرهەمەکانی جیا دەکاتەوە، نە دووبارەکردنەوەی تیۆرییەکانی ئەوانی ترە، بەڵکو توانای ئەوەیە لە بەستنەوەی ئەم تێڕوانینانە بە ئەزموونی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت پرسی کورد.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی شێوازی ئەو، سەرنجدانی هاوزەمانە بە ژمارەکان، مێژووی ڕووداوەکان و ئەنجامەکانیان. ژمارەکان لە بەرهەمەکانیدا تەنیا زانیاری نین بۆ تەواوکردنی بابەتەکە، بەڵکو دەبنە هێما بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. مێژووی ڕوودانی ڕووداوێکیش تەنیا دیاریکەری کاتەکەی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت خاڵێک بێت بۆ پشکنینی گۆڕانی پێکهاتەکانی دەسەڵات و گۆڕانی پەیوەندیی نێوان ڕابردوو و ئێستا.

لە کتێبی «مێژووی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تا قاعیدە» کە وەرگێڕانی عەرەبییەکەی لە ساڵی ٢٠١٥ لە بەیروت بڵاو کرایەوە، بۆزئەرسەلان ئاماژە بە کۆمەڵێک ڕووداو دەکات کە توندوتیژییان کردووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ. ئەو لە هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ئینتفادەی دووەمی فەلەستین، سەدان هێرشی خۆکوژی لە ناوچە ئاڵۆزەکان، بەتایبەت عێراق، ئەفغانستان و پاکستان، و دیمەنە پڕ لە توندوتیژییەکانی بەیروت قسە دەکات. بە  وتەی ئەو، ئەم ڕووداو و وێنانە، گۆیا توندوتیژییان کردووەتە چارەنووسێکی حەتمی بۆ ناوچەکە. (ل. ١١)

ئەو لە بەشی دوانزەهەمی هەمان کتێبدا، دەپەرژێتە سەر گۆڕانی سروشتی خەبات و توندوتیژی لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا و دەنووسێت لە دەیەی ١٩٨٠دا، هەندێک ناوچە بوونە ناوەندی یاخیبوون یان جەنگی پارتیزانی، بەڵام لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ تا ۲۰۰۰، شێوەی نوێ لە توندوتیژی لەسەر بنەمای بەخشینی گیان سەریان هەڵدا. بە باوەڕی ئەو، ئەم ئاراستەیە هەم لە ململانێی کورددا و هەم، بەتایبەت، لە پرسی فەلەستیندا دەبینرێت. (ل. ٣٣١)

بۆ بۆزئەرسەلان، ڕابردوو تەنیا کۆمەڵێک ڕووداوی کۆتاییپێهاتوو نییە. مەسەلەکە ئەوەیە ڕووداوەکان چۆن ڕوویان داوە، چ هێزێک دروستی کردوون و ئایا شوێنەواریان بە تێپەڕبوونی کات لەنێو چوو بێت یان هێشتا لە کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، پشکنینی توندوتیژی تەنیا خوێندنی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە کاتی ڕوودانیدا نییە؛ بەڵکو جۆرێکە لە گەڕان لە هۆشیاریی بەکۆمەڵ و پێوانی بە واقیعی مێژوویی.

بەم هۆیەوە، لە بەرهەمەکانیدا مێژوونووسی و توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە یەکتر نزیک دەبنەوە. ژمارە و ئامارەکان کاتێک مانا پەیدا دەکەن کە لە پەیوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا بپشکنرێن. ڕووداوەکانی ڕابردووش کاتێک تێگەیشتنیان ئاسانتر دەبێت کە بتوانرێت کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەکان دەستنیشان بکرێت. لە تێڕوانینێکی وەهادا، ڕابردوو کۆتایی نایەت، بەڵکو لە شێوەی ترسی، باوەڕ، ململانێ و پێکهاتە سیاسییەکاندا بەردەوامی بە ژیانی خۆی دەدات.

بۆزئەرسەلان لە کتێبی «مێژووی تورکیای مۆدێرن»یشدا بە هەمان ڕوانگەوە دەپەرژێتە سەر سەدەی نۆزدەیەم. ئەو لە سەرەتای پێشەکیدا، بە ئاماژەدان بە وەسفی ئیلبەر ئۆرتایلی بۆ ئەم سەردەمە وەک «درێژترین سەدەی مێژووی ئیمپراتۆریەت»، سەدەی نۆزدەیەم وەک سەردەمێکی پڕ لە ئاڵۆزیی بەردەوام و گۆڕانکاریی جۆراوجۆر دەناسێنێت. (وەرگێڕانی عەرەبی، بەیروت، ٢٠٠٩، ل. ١٥)

ئەم تێڕوانینە لەگەڵ دەربڕینەکانی هۆبسباوم لەبارەی «سەدەی نۆزدەیەمی درێژ» و «سەدەی بیستەمی کورت»دا یەک دەگرێتەوە؛ دەربڕینگەلێک کە نیشان دەدەن سنووری سەردەمە مێژووییەکان تەنیا لەسەر بنەمای ساڵنامە دیاری ناکرێت. کاریگەریی شەڕ، توندوتیژی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان دەتوانێت درێژیی سەردەمێکی مێژوویی لە ئەزموونی کۆمەڵگەکاندا بگۆڕێت.

وشەی فەرەنسیی histoire هەم بە مانای مێژوو و هەم بە مانای چیرۆکە. لە زمانی عەرەبیشدا لە نێوان چەمکی مێژوو و گێڕانەوە ئەفسانەیییەکاندا هاوبەشی هەیە. ئەم نزیکییە جارناجارێک دەبێتە هۆی ئەوەی مێژوو وەک گێڕانەوەیەکی خەیاڵی لە ڕابردوو تێبگەیەنرێت؛ گۆیا ئەوەی ڕووی داوە، پەیوەندیی بە جیهانێکی دوورەوە هەیە کە ئیتر ناتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی ئەمڕۆ دابنێت. تێگەیشتنێکی وەها دەتوانێت متمانە بە گێڕانەوەی مێژوویی لاواز بکات و سنووری نێوان واقیع، ئەفسانە و دووبارە ڕێکخستنەوەی مێشکیی ڕابردوو لێڵ بکات.

بەڵام بۆ ناسینی مێژووی کورد، دەبێت ئەوان وەک یەکێک لە ئەکتەرە ڕاستەقینەکانی مێژووی ناوچەکە لەبەرچاو بگرین، نە بەشێک کە تەنیا لە پەراوێزی گۆڕانکارییەکانی ئەوانی تردا بووبێتن. گرنگیی ئەم پرسە بە کوردبوونی بۆزئەرسەلان سنووردار نابێتەوە؛ بەڵکو بە پێگەی مێژوویی کورد لە ڕووبەرێکی بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە. تەنانەت کاتێک ناویان بە ڕاستەوخۆ لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا نەهێنرابێت یان ئەزموونیان لەژێر ناونیشان و دەربڕینی تردا شاردرابێتەوە، ڕۆڵ و ئامادەییان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا ناکرێت فەرامۆش بكرێت.

لە یەکێک لە نووسینەکانی خۆیدا لەبارەی نەتەوەگرەییی کوردی، بۆزئەرسەلان بە بەراوردکردنی دۆخی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەیەی ١٩٩٠دا لەگەڵ سەردەمێک کە دوای ئەوە دەستی پێ کرد، ئاماژە بە گۆڕانکارییە گرنگەکان دەکات. بە  وتەی ئەو، لە مەودای نزیکەی دەیەیەکدا، دۆخی یاخیبوونی گشتی لە زۆربەی ئەم ناوچانەدا کەمی کردەوە. ئەم بەراوردە نیشان دەدات کە بزووتنەوە کوردییەکانیش، وەک بزووتنەوە سیاسییەکانی تر، لە درێژەی کاتدا تووشی گۆڕانکاری دەبن و ناکرێت وەک دیاردەیەکی جێگیر و نەگۆڕ سەیر بكرێن.

ئەو لە توێژینەوەیەکدا لەبارەی یاخیبوونەکانی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لە مەودای ساڵانی ١٩١٩ تا ١٩٣٨دا، دەپەرژێتە سەر ئەنجامە سیاسی و داراییەکانی ئەم ڕاپەڕینانە بۆ کۆماری تازە دامەزراوی تورکیا. بە باوەڕی بۆزئەرسەلان، سەرکوتکردنی ئەم ڕاپەڕینانە لە ئاراستەی دەسەڵاتگەراییتر بوونی حوکمڕانیی کەمالیستیدا ڕۆڵی هەبوو و بێمتمانەیییەکی بەردەوامی لە نێوان کۆمەڵگەی کورد و دەوڵەتی تورکیادا دروست کرد.

نموونەی لەم شێوەیە نیشان دەدەن کە پشکنینی مێژووی کورد تەنیا بە دووبارە ڕێکخستنەوەی زنجیرەیەک لە یاخیبوون و سەرکوتکردن سنووردار نابێتەوە. ئەم ڕووداوانە لە پێکهاتنی پەیکەری دەوڵەت، گۆڕانی سیاسەتە ئەمنییەکان و دروستبوونی کەلێن لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا کاریگەریان هەبووە. لەم ڕووەوە، خوێندنەوەی مێژووی کورد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتنی باشتر لە مێژووی دەوڵەتەکانی ناوچەکەش.

بۆزئەرسەلان بە پشتبەستن بە مێژووەکان، ژمارەکان و ئەنجامی ڕووداوەکان، دەکۆشێت پەیوەندیی نێوان هۆشیاری و مێژوو ڕوون بکاتەوە. ئەو سەرنجی لەسەر ئەم پرسیارەیە کە گێڕانەوەی مێژوویی چۆن واقیعە عەینییەکان و وێنە بەکۆمەڵەکان بە یەکتر دەبەستێتەوە و چۆن تێگەیشتنەکانی کۆمەڵگەیەک لە ڕابردوو دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیار و ڕەفتارە سیاسییەکانی لە کاتی ئێستادا دابنێت.

کۆمەڵگەی کورد بە تێپەڕبوونی کات تووشی چ گۆڕانکارییەک بووە؟

زیاتر لە دوو دەیە دوای زۆربەی توێژینەوە سەرەتاییەکانی بۆزئەرسەلان، دۆخی کۆمەڵگەی کورد گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەو لە دیمانەیەکدا لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥، بە ناونیشانی «دڵی کوردستان ئێستا لە ڕۆژاوا لێ دەدات»، ئاماژە بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کورد دەکات و ڕۆڵی ئەم گۆڕانکارییانە لە تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای پرسی کورددا ڕوون دەکاتەوە.

بۆزئەرسەلان دەڵێت لە دەیەی ١٩٧٠دا، نزیکەی ٧٥٪ی دانیشتووانی کورد لە ناوچە گوندییەکاندا دەژیان، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە ئەمڕۆ بۆ کەمتر لە ٢٠٪ دابەزیوە. بە وتەی ئەو، لەو سەردەمەدا چینی ناوەڕاستی کوردی بوونی نەبوو، بەڵام ئێستا ئەم چینە خەریکە پێک دێت. هەروەها ناسنامەی کوردی لە بوارەکانی وەک ئەدەبیات، سینەما و شانۆدا بەهێزتر بووە.

ئەو ئەنجام دەگرێت کە کۆمەڵگەی کورد ئیتر ناتوانێت وەک ڕابردوو پشتبەستوو بێت بە هەمان مۆدێل و خاڵە سەرچاوەییانە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، کۆتایی خەباتی چەکداری یەکێک لە واقیعە گرنگەکانی قۆناغی ئێستایە. مەسەلەیەکی تر، پەیوەندیی نێوان پرسی کورد و دیموکراتیزەبوونی تورکیایە. بۆزئەرسەلان لەو باوەڕەدایە کە دەوڵەتی تورکیا ئارەزوویەکی زۆری نەبووە بۆ بەستنەوەی ئەم دوو بابەتە، لە کاتێکدا چارەسەری پرسی کورد یەکێک لە مەرجەکانی گۆڕانی دیموکراتیکە لە تورکیادا؛ خاڵێک کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش جەختی لەسەر کردووەتەوە.

ئەو هەروەها لەو باوەڕەدایە کە تورکیا لە ئاراستە سیاسییە پەیوەندیدارەکان بە پرسی کوردەوە چاوەڕوانیی زۆری هەبووە. بە وتەی بۆزئەرسەلان، ئۆجەلان لەو قۆناغەدا نەیپەرژاندە سەر سوریا و ڕۆژاوا، لە کاتێکدا ئامانجی کۆتایی تورکیا، بە بوونی هەموو گۆڕانکارییەکان، له نێوبردنی ڕۆژاوا یان خستنەژێر کۆنترۆڵی خۆی بووە بە شێوازێکی تر.

هێنانەئارای ناوی ڕۆژاوا لەم چوارچێوەیەدا گرنگیی تایبەتی هەیە. ڕۆژاوا لە تێگەیشتنە سیاسییە جیاوازەکاندا دەتوانێت مانای جیاوازی هەبێت، بەڵام لە شیکاریی بۆزئەرسەلاندا، ئاماژەیە بە ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم ناوچەیە بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و گۆڕانکارییەکانی کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی تورکیا، داهاتووی سوریا و پەیوەندییە ناوچەیییەکان داناوە.

لەم ڕوانگەیەوە، جوغرافیا تەنیا فەزایەکی جێگیر نییە بۆ ڕوودانی ڕووداوەکان؛ بەڵکو لە هاوکاری لەگەڵ مێژوودا دروست دەبێت. جارناجارێک ئەزموونی مێژوویی کۆمەڵگەیەک دەبێتە هۆی دروستبوونی فەزایەکی سیاسی و جاروباریش گۆڕانکارییە جوغرافیایی و سنوورییەکان، ڕێڕەوی مێژوو دەگۆڕن. ڕۆژاوا نموونەیەکە لە بەستنەوەی نێوان ئەم دوو ڕەهەندە؛ شوێنێک کە ئەزموونی خەبات، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، مانایەکی لەسەرتر لە مەودایەکی جوغرافیایی پێ بەخشیوە.

بۆزئەرسەلان لە وتارێکی تردا بە ناونیشانی «ڕۆژاوا و سوریای ئەحمەد ئەلشەرع»، کە لە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا بڵاو کراوەتەوە، پرسی کورد بە گۆڕانکارییەکانی تورکیا و سوریاوە دەبەستێتەوە. ئەو دەنووسێت پرسی کورد لە کاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣وە، یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی دیموکراتیزەبوونی ئەم وڵاتە بووە. ڕۆژاواش وەک بەشێک لەم پرسە، هێشتا نیگەرانییەکانی تورکیا دەوروژێنێت.

بە  وتەی ئەو، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچەیە، سیاسەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی لەبەرامبەر سوریا لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٤ خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و بە زیادبوونی گوشارەکان لەسەر بزووتنەوەی کوردی و کۆمەڵگەی کورد لە ناوخۆی تورکیادا هاورێ بووە. بۆزئەرسەلان ئەم ڕوانگەیە بە دیاریدەیەکی نوێ نازانێت و بە دژایەتیی ئەنقەرە بۆ دروستبوونی هەرێمی کوردستانی عێراق دوای ڕووخانی حوکمڕانیی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەراوردی دەکات؛ دژایەتییەک کە لە کۆتاییدا جێگەی خۆی دا بە قبووڵکردنی بوونی هەرێمی کوردستان.

ئەو لەم بوارەدا دەپرسێت ئایا ئەنقەرە دەتوانێت لە نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ڕۆژاواوە تێپەڕێت و لە چاوپۆشیکردن لە باڵادەستی بەسەر سوریادا دەست هەڵبگرێت؟ لە ڕوانگەی بۆزئەرسەلان، ئەم پرسیارە لە پرسە گرنگانەیە کە حوکمڕانیی ئەردۆغان لە نیوەی دووەمی ئەم دەیەی ئێستادا ناچارە وەڵامی بداتەوە.

لێرەدا ناوی ڕۆژاوا تەنیا ناونیشانێکی سیاسی نییە. ئەم ناوە لە چوارچێوەی ڕووداوە مێژووییەکان، ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێ ناوچەیییەکاندا مانای پەیدا کردووە. لە شیکاریی بۆزئەرسەلاندا، توندوتیژی و پەرچەکردار بەرامبەری لەو هێزانەن کە لە پێکهاتنی مانای وەهادا ڕۆڵیان هەیە. ئەزموونی سەرکوت، خەبات و هەوڵدان بۆ پاراستنی ناسنامە، مانایەک بە شوێنێکی جوغرافیایی دەبەخشێت کە لە سنوورە فەرمییەکان تێپەڕ دەبێت.

دامێنی گفتوگۆ و دیمانەکانی بۆزئەرسەلان زۆر بەربڵاوە و بابەتگەلێکی وەک شۆڕشەکانی ئەوروپا و جیهانی عەرەبی، پەیوەندیی بزووتنەوەی کوردی لەگەڵ چەپی تورکیا، گۆڕانکارییەکانی ئێران، هەڵبژاردنەکانی تورکیا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ڕووسیا، کۆچبەری و ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لەخۆ دەگرێت.

لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە دەکرێت ئاماژە بە «لە شۆڕشەکانی ئەوروپا لە ساڵی ١٨٤٨ تا شۆڕشە عەرەبییەکان لە ساڵی ٢٠١١»، «لە نێوان تێکەڵبوون، خۆبەڕێوەبەری و ڕادیکاڵبوون: حەمید بۆزئەرسەلان لەبارەی بزووتنەوەی کوردی و چەپی تورکیا» و «هەوڵە شۆڕشگێڕانەکان لە سەردەمی پچڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا» بکرێت. ئەو هەروەها لە گفتوگۆکانیدا لەبارەی ئێرانەوە، لەوانە لەبارەی ژنە گەنجە ناڕازییەکان کە داواکاری ئەندامبوونبوون لە کۆمەڵگەیەک لە هاووڵاتیانی یەکسان، بە پەیوەندیی نێوان داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان پەرژاوە.

دیمانەکانی ئەو لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ڕووسیا، هاوپەیمانییە ناوچەیییەکان و ڕەوتەکانی کۆچبەری نیشان دەدەن کە شێوازی توێژینەوەیی خۆی بە پرسی کورد سنووردار نابێتەوە. بەپێی ئەمەش، ئەزموونی مێژوویی کورد یەکێک لە تەوەرانەیە کە لە زۆربەی شیکارییەکانیدا ئامادەیی هەیە و یارمەتیی تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت، کۆمەڵگە، ناسنامە و توندوتیژی دەدات.

لایەنی هاوبەشی ئەم بابەتانە، توندوتیژی و ئەنجامەکانیەتی؛ مێژوویەک کە تێیدا هۆکاری سەرکوت و قوربانی، براوە و دۆڕاو، و دەسەڵاتی باڵادەست و کۆمەڵگەی ژێر گوشار لەبەرامبەر یەکتردا دەوەستنەوە. بەڵام ئەم بەرهەڵستکارییە هەمیشە نابێتە هۆی جێگیربوونی سەرکەوتنی لایەنێک. جارناجارێک دۆڕاوەکان دووبارە توانای خۆیان کۆ دەکەنەوە و گێڕانەوەی باڵادەست دەخەنە ژێر پرسیارەوە؛ جاروباریش قوربانیانی توندوتیژی بە پاراستنی هۆشیاریی مێژوویی خۆیان نیشان دەدەن کە ڕابردوو ناکرێت بە گێڕانەوەی سەرکەوتووەکان سنووردار بكرێت.

لە تێگەیشتنێکی وەهادا، مێژوو قۆرغی هیچ دەوڵەت یان گرووپێک نییە. گێڕانەوەی مێژوویی دەتوانێت لە سنوورە فەرمییەکان تێپەڕێت و ئەزموونگەلێک بیر بهێنێتەوە کە لە گێڕانەوە فەرمییەکان وەلانراون. گرنگییەکەی لەوەدایە کە فەزای بەتاڵ و بێدەنگی ڕابردوو بکاتە گۆڕەپانێک بۆ ناسینی ئەزموونی مرۆیی؛ گۆڕەپانێک کە تێیدا ئازار، بەرخۆدان و هەوڵدان بۆ ژیان لەپاڵ یەکتردا دەوەستنەوە.

بۆزئەرسەلان لە شیکارییەکانیدا دەکۆشێت بیرۆکە ئاڵۆزەکان بە کورتکراوەیی و ڕوونی دەرببڕێت و لە هەمان کاتدا، بە بەردەنگ دەرفەتی تێڕامان بدات. ئەم تایبەتمەندییە لەپاڵ کراوەییی فکری و ناسنامەی کوردیی ئەودا، بیرخەرەوەی میراتێکە کە لە باوکییەوە، محەمەدئەمین بۆزئەرسەلانی نووسەری ناسراوی کورد، بۆی ماوەتەوە. ئەم میراتە دەکرێت لە سەرنجدان بە زمان، ناسینی کلتوورەکانی تر، گفتوگۆ لەگەڵ جیهانی دەرەوە و پابەندبوون بە ناسنامەی کوردییەوە ببێنرێت.

گرنگیی حەمید بۆزئەرسەلان لەوەدایە لە نێوان پەیوەستبوونی مێژوویی و ناسنامەییی خۆی و ئاسۆی بەربڵاوتری زانستی مرۆییدا هیچ دژایەتییەک نابینێت. ئەو لە پرسی کوردەوە دەست پێ دەکات، بەڵام لە هەمان چوارچێوەدا ناوەستێت؛ ئەزموونی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ مێژووی توندوتیژی، گۆڕانی دەوڵەتەکان، پێکهاتنی ناسنامە نەتەوەییەکان و دەرفەتی دیموکراسیدا دەپشکنێت. لەم ڕووەوە، بەرهەمەکانی نە تەنیا بۆ ناسینی مێژووی کورد، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە بەشێک لە مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گرنگییان هەیە.

گێڕانەوەی مێژوویی لە تێڕوانینی ئەودا، چیرۆکێکی داخراو و کۆتاییپێهاتوو نییە. ئەم گێڕانەوەیە لە ڕابردوو تێپەڕ دەبێت، لە کاتی ئێستادا مانا پەیدا دەکات و پرسیار لەبارەی داهاتوو دێنێتە ئاراوە. ئەزموونی کوردیش لە گێڕانەوەیەکی وەهادا، نە پەراوێزێکە لەسەر مێژووی ئەوانی تر، بەڵکو بەشێکە لە دەقی مێژووی ناوچەکە؛ دەقێک کە بۆ تێگەیشتنی دەبێت هەم توندوتیژی بیر بهێنرێتەوە و هەم توانای کۆمەڵگەکان بۆ پاراستنی ناسنامە، دووبارە ڕێکخستنەوەی ژیان و کردنی ڕێگەی نوێ بناسرێت.

 

سەرچاوە: ناوەندی لێکۆڵینەوە کوردییەکان لە ئەڵمانیا

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.