چەند کەس لەوانەی ئاگریان لە بەروبوومی باکووری سووریا بەردا دەستگیر کران
حوکم خلۆ سەرۆکی ناوەندی یاسادانەریی کانتۆنی جزیرە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە تاتوێ کردنی دۆسیەی تۆمەتبارانی ئاگرتێبەردان لە بەروبوومی باکووری سووریا و وتی: چەند کەس لەسەر ئاگردانی کێڵگەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستگیر کراون کە بەدواداچوونەکان دەریانخستووە کە یا سەربە داعشن یان سەربە حکوومەتی ناوەندیی سووریا و تورکیان.
ناوبراو زیادی کرد دادگای کانتۆنی جزیرە سەرقاڵی تاوتوێ کردنی دۆسیەی تۆمەتبارەکانە.
حوکم خلۆ هەروەها ئاماژەی دا بە یەکێک لە تۆمەتبارەکان و ڕایگەیاند: یەک لەوانە ناوی عومەر عید ئەلوداح-ە کە ناسراوە بە ئەبووخەتاب مەیسەم و ساڵک بۆ داعش شەڕی کردووە و خەڵکی ناوچەی مرگە لە دەیرەزووورە کە لە لێپرسینەوەکاندا دانی بە کارەکانیدا ناوە.
هەروەها پێشتر سەلمان باودۆ بەرپرسی ئابووریی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا بە کوردپرێسی وتبوو نرخاندنە بەراییەکان نیشان دەدەن لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکاندا 33 ملیۆن دۆلار خەسار لە وەرزێرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتووە. ناوبراو زیادی کرد لە ئاگرکەوتنەوەکاندا زیاتر لە 45.500 هێکتار زەوینی گەنم و جۆ و زیاتر لە 2500 دار خەساریان بەرکەوتووە.
سەرۆکی ئابووری و کشتوکاڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەبیری هێنابوویەوە ئەم گرووپانە هەوڵ ئەدەن ئەمنیەت و سەقامگیریی ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی هێزە کوردەکان تێکبدەن و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هەوڵێک دەدەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران