لێکەوتەی پشتبەستنی کورد بە هێزە دەرەکییەکانەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «مەدیا لاین» لە وتارێکدا بە ناونیشانی «هاووڵاتیبوون پێش نیشانکردنی نەخشەکانی جیاوبوونەوە» جەخت دەکاتەوە کە دابینکردنی مافی هاووڵاتیبوون، بەشداریی سیاسی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سەروەت، لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاراستنی تەبایی و یەکێتیی وڵاتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نووسەر بە ئاماژەدان بە نیگەرانیی ڕێبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، ئەم پرسیارە دەخاتە ڕوو کە بۆچی دەوڵەتەکانی ناوچەکە ناتوانن ئاسایش و مافی تەواوی هاووڵاتییانی خۆیان دابین بکن و هەندێک کۆمەڵگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هاوار بۆ هێزە دەرەکییەکان دەبەن.
ئەم وتارە بە ئاماژەدان بە پێگەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بنەڕەتیی عێراقی پەسەندکراوی ساڵی ۲۰۰۵دا، ئەوە وەک یەکێک لە جێگیرترین ئەزموونەکانی خۆبەڕێوەبەری لە نێوان کۆمەڵگە کوردییەکاندا دەناسێنێت. نووسەر لە هەمان کاتدا، ئاماژە بە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی ۲۰۱۷دا دەکات کە زیاتر لە ۹۲٪ی بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵام دژایەتیی بەغداد، وڵاتانی دراوسێ و پشتیوانینەکردنی ئەمریکا لەم ڕەوتە، بووە ڕێگر لە هاتنەدیی سەربەخۆیی. لە ڕوانگەی وتارەکەوە، ئەنجامی ئەم ئەزموونە نیشان دەدات کە پشتیوانیی جەماوەری بە تەنیا بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەس نییە و هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە.
نووسەر بە ئاماژەدان بە ئەزموونی کوردەکانی سووریا و تورکیا، جەخت لەسەر جیاوازیی ئامانج و ڕێبازەکانی ڕەوتە سیاسییە کوردییەکان دەکاتەوە و پێی وایە داواکارییەکانی ئەم ڕەوتانە لە مافە کلتورییەکان و ناوسەندڕەوێتییەوە تا خۆبەڕێوەبەری و جیاخوازی جیاوازن. وتارەکە هەروەها هۆشداری دەدات کە پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکان بۆ هاتنەدیی ئامانجە سیاسییەکان، دەکرێت کۆمەڵگەکان بخاتە بەر گۆڕانی لەپێشینەی کارەکانی پشتیوانە دەرەکییەکان؛ هێزگەلێک کە ڕەنگە بە گۆڕانی بەرژەوەندییەکانیان، پشتیوانییەکانی خۆیان ڕابگرن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی دەوڵەتە ناوەندییەکان لە نەهێشتنی جیاکاری، دابینکردنی مافی زمانی و کلتوری، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و دابینکردنی دادپەروەری لە دەزگای دادوەریدا کراوەتەوە. نووسەر پێی وایە سەرکوتکردنی داواکارییە ناسنامەیییەکان و قۆرغکردنی پێکهاتەی دەسەڵات بە ناوی تەبایی نیشتمانییەوە، دەکرێت کۆمەڵگەکان بەرەو گەڕان بە دوای ڕێگەچارەی جێگرەوەدا پاڵ پێوە بنێت و تەبایی بەردەوام بێ چاکسازیی پێکهاتەی فەرمانڕەوایی مەحاڵە.
وتارەکە بە ئاماژەدان بە ئەزموونی سویسرا و کانەدا، جەخت لەسەر گرنگیی دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکان بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازییە ناسنامەیییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاشتییانەی داواکارییەکان دەکاتەوە. لە بەرامبەردا، ئەزموونی سوودانی باشوور دوای سەربەخۆیی لە ساڵی ۲۰۱۱ و دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆیی لە ساڵی ۲۰۱۳دا، وەک نموونەیەک لە دەستەوەستانبوونی سەربەخۆیی سیاسی لە چارەسەری خۆکارانەی جیاوازییە ناوخۆیییەکاندا خراوەتە ڕوو.
کۆبەندی وتارەکە ئەوەیە کە سەقامگیریی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە دروستکردنی دەوڵەتی نوێ، دادپەروەرانە و پشتبەستوو بە هاووڵاتیبوون هەیە؛ دەوڵەتگەلێک کە تێیاندا مافی کەسەکان لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی، ئایینی یان زمانی دیاری نەکرێت. سەربەخۆیی دەزگای دادوەری، گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و گەرەنتییە یاسایییە جێبەجێکراوەکان، لەو مەرجانەن کە نووسەر بۆ هاتنەدیی ئەم مۆدێلە ناویان دەبات.
بۆچوونی بەکارهێنەران