مافی کورد لە تورکیا؛ ئەڵقەی ونبووی هەندێک لە داواکارییە دیموکراتیکەکان
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دۆخێکدا بەردەوامە کە بەشێک لە ڕەوتە لیبراڵ و چەپەکانی تورکیا، بە پشتبەستن بە سنووردارکردنی دیموکراسی، سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و لاوازبوونی سەروەریی یاسا، بەدیهێنانی دیموکراسی دەکەنە مەرجی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئاشتی. بەڵام یەشیم یاپراک یڵدز، توێژەری پرسی کورد، لەو بڕوایەدایە کە ئەم ڕوانگەیە ئەگەر مەینەتییە مێژوویییەکانی کورد و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی تورکیا لە بەردەوامیی توندوتیژیدا فەرامۆش بکات، دەبێتە هۆی دواخستنی مافەکانی کورد و بەردەوامیی دۆخی ئێستا. بە بڕوای ئەو و دوو توێژەرەکەی دیکە کە وەڵامی شیکارییەکەیان داوەتەوە، کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری، دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و وەرچەرخانی دیموکراتیک لە تورکیا دەبێت وەک پرۆسەی پەیوەست و تەواوکەری یەکتر بەدواداچوونیان بۆ بخرێتە ڕوو.
یەشیم یاپراک یڵدز لە شیکارییەکدا کە لە گۆڤاری "ئامارگی" بڵاوکراوەتەوە، بە پێداچوونەوە بە پەرچەکردارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر بە گفتوگۆکانی ئێستای نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوە دەخاتە ڕوو کە پرسی کورد تەنیا ناکۆکییەکی سادەی نێوان دەسەڵات و بزووتنەوەیەکی چەکدار نییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەیان ساڵ توندوتیژی، جیاکاری و ئینکارکردنی ناسنامەی کوردی، تۆڕێک لە بەرپرسیارێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروستکردووە کە جگە لە بکەرانی ڕاستەوخۆی توندوتیژی، دامەزراوەکان و بەشێک لە کۆمەڵگەش دەگرێتەوە. لەبەر ئەوە، گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بەوەیە کە کۆمەڵگەی تورکیا، جگە لە داواکاریی چاکسازیی دیموکراتیک، ڕۆڵی خۆشی لە دروستبوون و بەردەوامیی ئەم دۆخەدا هەڵسەنگێنێت.
ئەم شیکارییە لەسەر بنەمای بابەتە ئاراستەکراوەکانی وۆرکشۆپێک بە نیشانی «پرۆسەیەکی بێناو: شەڕکردن و گفتوگۆ بۆ ئاشتی لە کوردستان» شێوەی گرتووە، کە لە هەشت و نۆی حوزەیراندا بە هاوکاریی جان یاسین سونجا و یوست یونگردن لە زانکۆی ئازادی برۆکسل بەڕێوەچوو. پینار دینچ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی لوند، و یوست یونگردن، مامۆستای کۆمەڵناسیی گوندی لە زانکۆی ڤاخنینگنی هۆڵەندا، لە وەڵامی ئەم شیکارییەدا جەختیان لەسەر پەیوەندیی نێوان چارەسەری پرسی کورد، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی پێکهاتەیی و بەدیهێنانی دیموکراسی کردەوە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم باسە، ڕەخنەگرتنە لە هەڵوێستی ئەو گرووپانەی ڕەوتە لیبراڵ و چەپەکانی تورکیا کە بە پشتبەستن بە دۆخی سیاسیی وڵاتەکە، گفتوگۆی ئاشتی لە دۆخی ئێستادا بە نەگونجاو دەزانن. ئەم گرووپانە ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن، دەستوەردانی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان، سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین، لاوازیی سەروەریی یاسا و سەرکوتکردنی چالاکییە سیاسییەکان دەکەن و پێیانوایە تا ئەو کاتەی دامەزراوە دیموکراتیکەکان نەبووژێنرێنەوە، ناتوانرێت باسی ئاشتییەکی ڕاستەقینە بکرێت.
یەشیم یاپراک یڵدز جەخت دەکاتەوە کە بەشێکی گرنگ لەم ڕەخنانە لە بنەمای شایانی بەبەرگرییەوە سەرچاوە دەگرن و بزووتنەوەی کوردیش لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بۆ بەدیهێنانی هەمان داواکاری تێکۆشاوە. بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە، کێشەکە ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە ڕەخنەگران هێنانەدی دیموکراسی دەکەنە مەرجی پێشوەختە بۆ دەستپێکردن یان بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، بێ ئەوەی ڕوونی بکه نەوە بۆچی مەرجێکی لەو جۆرە لەو قۆناغانه دا کە کورد ڕووبەڕووی دژوارترین جۆری توندوتیژی دەبووەوە، بە هەمان ڕژدی نەدەخرایە ڕوو.
یەشیم یاپراک یڵدز دەشنووسێت، لە کۆتاییەکانی دەیەی ۱۹۸۰ زایینییەوە، توندوتیژیی پۆلیس بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، کشتاری سیاسی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ، بەشێک بوون لە ئەزموونی ڕۆژانەی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا. بەم حاڵەشەوە، لە وێستگە سیاسییە گرنگەکاندا، لە هەڵوێستە هەڵبژاردنەکانەوە تا قەیرانە سیاسییەکان و خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە دۆسیەی "سۆسۆرلوک"، پرسی مافەکانی کورد زۆرجار پەراوێز دەخرا و گەندەڵی سیاسی و ئابووری لە پێشینەدا دەبوو. بە بڕوای ئەم توێژەرە، ئەم مێژووە نیشانی دەدات داواکاریی دیموکراسی لەو کاتانەی کە توندوتیژی بە پلەی یەکەم ڕووی لە کورد بوو، هەرگیز بە پێوەرێکی یەکسان بەدواداچوونی بۆ نەکراوە.
لەم سۆنگەیەوە، یەشیم یاپراک یڵدز لە نێوان ڕەخنەگرتن لە دۆخی خۆسەپێن و دەسەڵاتخوازانەی تورکیا و پشتگیری لە بەردەوامیی گفتوگۆکانی ئاشتیدا، هیچ دژایەتییەکی حەتمی نابینێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەکرێت هاوكات داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا، هەڵگرتنی سنووردارکردنە سیاسییەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری بکرێت. کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری مرۆیی و ڕەخساندنی زەمینەی سیاسیی پێویست بۆ هاوپەیمانییە دیموکراتیکەکان، کە لە دۆخی بەردەوامیی توندوتیژی و ململانێی چەکداریدا دروستبوونیان زۆر دژوارترە.
لە کەشێکی لەم جۆرەدا، بابەتەکە تەنیا بەرپرسیارێتیی دەسەڵات و هێزە بەشدارەکانی شەڕ نییە، بەڵکو ڕۆڵی کۆمەڵگەش لە ئاساییکردنەوە یان بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا بایەخی هەیە. یەشیم یاپراک یڵدز بە جیاکردنەوەی نێوان بەشداریی ڕاستەوخۆ لە توندوتیژی و پشکداربوون لەو پێکهاتانەی پشتگیریی لێ دەکەن، ڕوونی دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتیی هەموان وەک یەک نییە. ئەو بەرپرسانەی ڕۆڵیان هەبووە لە دەرکردنی سزای قورس بەبێ بەڵگەی سەلمێنراو، ئەو دادوەرانەی خۆیان لە لێکۆڵینەوەی کەسەکانی توندوتیژی دزیوەتەوە، کارمەندانی تەندروستی کە ڕاپۆرتی ئەشکەنجەیان نەداوە، و ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ لە توندوتیژی بەرامبەر بە سڤیلەکاندا بەشدار بوون، بەرپرسیارێتییەکی جیاوازیان هەیە لەو هاووڵاتییانەی کە لەبەر ترس، بێهیوایی یان هەستی دەستەوەستانی بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
بەپێی ئەمەش، بێدەنگیی گشتی و بێباكیی کۆمەڵایەتیش دەتوانێت یاریدەدەری بەردەوامیی ئەو دۆخە بێت کە توندوتیژی ڕێپێدراو دەکات. بە بڕوای یەشیم یاپراک یڵدز، نەبوونی گوشاری گشتی بۆ چارەسەری ئاشتییانە، ئاوڕنەدانەوە لە تاوانەکانی ڕابردوو و بێباكی بەرامبەر بە جیاکاریی ڕۆژانە بەرامبەر بە کورد، لەو هۆکارانەن کە سنوورە نایەکسانەکانی نێوان هاووڵاتییان دەپارێزن. لە دۆخێکی وەهادا، تەنانەت بەکارهێنانی زمانی کوردی، چڕینی گۆرانییەک، هەڵبژاردنی ناوێکی کوردی یان دەربڕینی ناسنامەی کلتووری دەکرێت ڕووبەڕووی گومان، دڵگرانی یان ڕەفتاری دوژمنکارانە ببێتەوە.
ئەو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دۆخە ئاماژە بە چەمکی «سوژەی بەشدار لە تاوان» (Complicit Subject) لە هزری مایکل ڕاسبێرگدا دەکات؛ چەمکێک کە دەرفەتی هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی کەسەکان لە پێکهاتە مێژوویییەکانی توندوتیژیدا دەڕەخسێنێت، بێ ئەوەی هەموان بە یەک ئاست بە بەرپڕس بزانێت. لەم ڕوانگەیەوە، کەسەکان دەکرێت بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ تاوانی توندوتیژی ئەنجام بدەن، لە نەزمی باو سوودمەند ببن، لە بەرامبەر دەرئەنجامەکانیدا بێدەنگ ببن یان بە فەرامۆشکردنی جیاکارییەکان، یارمەتی مانەوەی پێکهاتە نایەکسانەکان بدەن. هەروەها یەشیم یاپراک یڵدز بە پشتبەستن بە ڕوانگەی ئایریس ماریۆن یانگ، بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ تەنیا بە ڕابردووەوە نابەستێتەوە، بەڵکو پەیوەندیی دەدات بە دەرئەنجامەکانی ئایندی ڕەفتار و پێکهاتانەی کە کۆمەڵگە یارمەتی پاراستن یان گۆڕینیان دەدات.
پینار دینچ لە وەڵامی ئەم شیکارییەدا جەخت دەکاتەوە کە توندوتیژی بەرامبەر بە کورد نابی لە قۆناغەکانی دەیەی ۱۹۹۰ و ساڵانی ۲۰۱۵ و ۲۰۱٦دا کورت بکرێتەوە. ئەو کۆمەڵکوژیی ڕوبۆسکی لە ساڵی ۲۰۱۱دا وەک نموونەیەکی گرنگی بەردەوامیی توندوتیژی و دەربازبوونی بکەرانی لە سزا دەزانێت. لە ڕوانگەی پینار دینچەوە، ئەزموونی مێژووییی کورد بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەیان توندوتیژی وەک زنجیرەیەک ڕووداوی لێکجیاواز نەبینن، بەڵکو بە پرۆسەیەکی بەردەوامی بزانن کە لە ماوەی نەوەکاندا درێژەی هەبووە.
پینار دینچ هەروەها وەبیری دەهێنێتەوە کە پرسی کورد سنووردار نییە بە سنوورەکانی تورکیاوە. کورد لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی شێوازی جیاوازی توندوتیژی، سەرکوت و ئاوارەیی بووەتەوە. لە سوریا، ناوچە کوردنشینەکان دوای سەرهەڵدانیان چەندین جار بوونە ئامانجی ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا و هێرشی گرووپەکانی ژێر پشتیوانیی ئەو وڵاتە و ژێرخانی سڤیلیشیان زیانی پێگەیشت. ئەو هەروەها ئاماژە بەو تۆمەتانە دەکات کە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەرامبەر بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ۲۰۲۲دا خرانە ڕوو، و دەڵێت ئەم تۆمەتانە نەبوونە هۆی لێکۆڵینەوەی سەربازی یان نێودەوڵەتی، بەڵکو بەشێک لەوانەی باسیان کرد ڕووبەڕووی تۆمەتی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بوونەوە.
لە ڕوانگەی پینار دینچەوە، ئەم ئەزموونە هەرێمییە ڕوونی دەکاتەوە چرا بۆ زۆربەی کوردان، بێدەنگبوونی چەکەکان جێگرەوەی تێکۆشان بۆ دیموکراسی نییە، بەڵکو مەرجێکە بۆ پێشخستنی. داواکاری بۆ دواخستنی ئاشتی تا کاتی بەدیهێنانی دیموکراسی، بۆ کۆمەڵگەیەک کە هێشتا ڕووبەڕووی بێئاسایشی و هەڕەشەی بوون بووەتەوە، دەکرێت بە مانای بەردەوامیی چاوەڕوانی بێت بۆ گەیشتن بە مافێک کە پێشتریش وەدیهاتنی دواخرابوو.
یوست یونگردنیش بە جەختکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە، ڕەخنە لەوە دەگرێت کە بەشێک لە ڕەوتە عەلمانی و کۆماریخوازەکانی تورکیا، پرسی کورد بۆ پەراوێزی باسی دەسەڵاتخوازیی حکوومەتی ئێستا وەلا دەنێن و لە ڕۆڵی پێکهاتە مێژوویییەکانی کۆماری تورکیا لە ئینکارکردنی ناسنامە و مافەکانی کورد غافڵ دەبن. بە نووسینی ئەو، بەشێک لە ڕەخنەگرانی پرۆسەی ئاشتی، بە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی دەوڵەت و خستنەڕووی داواکاریی گشتیی دیموکراتیک، لە ئاماژەی ڕاشکاو بە کورد و پێویستیی ئاشتی خۆ دەپارێزن. ڕوانگەیەکی لەم جۆرە، بە بڕوای یوست یونگردن، ئەم مەترسییەی هەیە کە دیموکراسی بەبێ بەرەنگاربوونەوەی جیاکارییە مێژوویییەکان و سڕینەوەی سیاسیی گرووپە جیاوازەکان پێناسە بکات.
یوست یونگردن جەخت دەکاتەوە کە پێداچوونەوە بە بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ دەبێت بە ئاوڕدانەوە لە تێگەیشتنی کۆمەڵگە بۆ دیموکراسی دەست پێبکات. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ناسنامە سیاسییەکان و پێناسە باوەکانی هاووڵاتیبوون چۆن لە پێکهاتەی مێژووییدا شێوەیان گرتووە و تا چ ئاستێک هاوکار بوون لە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی، توندوتیژی و بێبەشکردنی کورد. بە بڕوای ئەو، بەرپرسیارێتی تەنیا لە کردەوەی ڕاستەوخۆی کەسەکانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو پێگەی ئەوان لە پەیوەندی و پێکهاتانەی کە یارمەتی مانەوەی جیاکارییان داوەش دەبێت بپشکنرێت.
یەشیم یاپراک یڵدز لە کۆتبەندیدا ڕوونی دەکاتەوە کە کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری بە تەنیا زامنی ئاشتی نییە و ناتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی برینە مێژوویییەکان، زیانە دەروونییەکانی نێوان نەوەکان و نایەکسانییە قووڵە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان سارێژ بکات. بەم حاڵەشەوە، کۆتاییهێنان بە شەڕ دەتوانێت زەمینەی پێویست بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییە دیموکراتیکەکان و ئاوەدانکردنەوەی بەڵگە و بەها هاوبەشەکان لەسەر بنەمای ماف، یەکسانی و دادپەروەری بڕەخسێنێت.
لەم سۆنگەیەوە، بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام سنووردار نابێت بە گفتوگۆ سیاسییەکانەوە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریی بەردەوام هەیە لە بواری پەروەردە، ڕاگەیاندن، کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا. لە ڕوانگەی یەشیم یاپراک یڵدزەوە، پرسی بنەڕەتی ئەوەیە کە پرۆسەی گفتوگۆکان چۆن دەتوانێت زەمینەی ڕەخساندنی بەرپرسیارێتیی مەدەنی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و هاوکات ئاوڕ لە جیاکارییە نەتەوەیی، ڕەگەزی و نایەکسانییە چینایەتییە ئاوێتەبووەکانیان بداتەوە.
لە کۆتاییدا، ئەم شیکارییە و وەڵامە پێشکەشکراوەکان، جەخت لەسەر پێویستیی پەیوەندیی نێوان کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و وەرچەرخانی دیموکراتیک لە تورکیادا دەکەنەوە. ئاشتییەک کە تەنیا لە ڕاگرتنی شەڕی چەکداریدا کورت ببێتەوە، ڕەنگە نەتوانێت ڕەگە مێژوویییەکانی ناکۆکییەکە لەناو ببات؛ هەروەک چۆن داواکاریی دیموکراسی بەبێ بەڕەسمی ناسینی مافەکانی کورد دەتوانێت بێتە هۆی بەردەوامیی بێبەشکردنیان. لەم ڕوانگەیەوە، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی تورکیا تەنیا لە قبوڵکردنی ڕاستییەکانی ڕابردوودا پێناسە نەکراوە، بەڵکو لە بەرەنگاربوونەوەی جیاکارییەکانی ئێستا و بەشداریی چالاکانە لە دروستکردنی نەزمێکی سیاسیی لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریدا خۆی دەبینێتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران