عادل عەبدولمەهدی دەست لە كار دەكێشێتەوە
کوردپرێس:
ماوەی نزیكەی دوو مانگە خۆپیشاندان و روبەڕوبونەوەی نێوان هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكانی عیراق بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 كەس كوژراون و هەزارانی دیكە برینداربون، بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی بڕیاری دا دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی پێشكەشی پەرلەمانی عیراق بكات.
لەوبارەیەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 29-11-2019 سەرۆك وەزیران لە پاش چەند كاتژمێرێكی كەم لە گوتاری هەینی بریكاری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان، كە ئیدانەی بەكارهێنانی هێزی كوشندەی دژبە خۆپیشاندەران كرد و هانی پەرلەمانی دا چاوخشاندنەوە بە پاڵپشتیكردنی حكومەتدا بكەن، عادل عەبدولمەهدی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، بە وردی گوێی لە گوتاری مەرجەعی باڵای ئایینی گرتوە، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگهێشتەكەی و ئاسانكاری و خێرا جێبەجێكردنی لە كورتترین ماوەدا، بڕیاری داوە نوسراوێكی فەرمی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەرزبكاتەوە و داوای دەستلەكاركێشانەوە لە سەرۆكایەتی حكومەتی ئێستا بكات.
عادل عەبدولمەهدی جەختدەكاتەوە، كە پێشتریش بژاردەی دەستلەكاركێشانەوەی بە ئاشكرا و بە یاداشتی فەرمی خستوەتەڕو، بۆئەوەی بەرژەوەندی گەل و وڵات بێتەدی.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، پاش بڵاوبونەوەی بەیاننامەكەی عادل عەبدولمەهدی، محەمەد هاشم بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش دەستیلەكاركێشاوەتەوە.
هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی وازهێنانەكەی عادل عەبدولمەهدی، خۆپیشاندەران رژانە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و ئاهەنگگێڕانیان دەست پێكردوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران