پەرلەمانتارێکی عێراق: سەرۆککۆمار دەبێتە سەرۆکوەزیران
کوردپرێس:
شەوی هەینی 29ی تشرینی دووهەمی 2019 عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند کە داوای دەست لە کارکێشانەوەی ئازاستەی پەرلەمانی عێراق دەکات ئەوەش پاش چەندین هەفتە نائارامی و خۆپیشاندانی بەربڵاو لە شارەکانی باشوور و ناوەندی عێراق کە کوژراو و برینداری زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و تا ئێستاش ئاماری فەرمی و تەواوی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانبە ڕوونی بڵاو نەکراوەتەوە.
محەممەد شاکر پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسند بکات و خۆی ئامادەنەبوو بۆ ماوەی مانگێک لە پۆستەکەی بمێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتی­کردنی حکوومەتی کاربەڕێکەر، سەرۆککۆمار دەبێتە سەرۆکوەزیران و دەبێت لەماوەی 15 رۆژیشدا بەپێی مادەی 76ـی دەستوور داوا لە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی کەسێک راسپێرێت لەماوەی مانگێکدا حکوومەت پێکبهێنێت.
بەگوتەی محەممەد شاکر، لە دەستووری عێراق بە هیچ شێوەیەک باسی دەستلەکارکێشانەوە نەکراوە، بەڵکو لە مادەی 61 باس لە لێسەندنەوەی متمانە کراوە. ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد کە، عادل عەبدولمەهدی سەرەڕای ئەوەی بە رەزامەندیی کوتلەکان هەڵبژێردرا، بەڵام پشتگیری لە پرۆژەکانی نەکرا.
پەیامی رۆژی هەینی 29-11-2019 مەرجەعی باڵای شیعەکان بووە هۆی ئەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەست لە کار بکێشێتەوە. دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە کرد کە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی پەرلەمان دەکات.
بۆچوونی بەکارهێنەران