پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە ناوخۆی پارێزگاکە یەکلا دەکرێتەوە
کوردپرێس:
پۆڵا تاڵەبانی لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا باس لە هەوڵەكانی یەكێتی دەكات بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند: "یەكێتی لە هەوڵدایە دیاریكردنی پارێزگاری كەركووک لەناوخۆی پارێزگاكە چارەسەر بكرێت و ئەو پرسە نەبرێتە دەرەوەی پارێزگاكە، بۆ ئەوەش یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی رابردوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی تەواوی داوە لەوبارەیەوەو لەداهاتووش لەوهەوڵانە بەردەوام دەبێت، تاوەكو دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك كە پشكی یەكێتییە لەناوخۆ چارەسەر بكرێت و نەبرێتە دەرەوە".
ئەو لێدوانەی پۆڵا تاڵەبانی لە وەڵامی کۆمەڵێک دەنگۆیا بوو سەبارەت بەوەی کە هەوڵ دەدرێت یەكلایی كردنەوەی پۆستی پارێزگای كەركووک ببرێتە بەغدا و هەوڵی دیاریكردنی كاندیدی ئەو پۆستە لە بەغداوە بدرێت.
پۆڵا تاڵەبانی لەبارەی پۆستی وەزارەتی داد لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ كاندیدی حزبەكەی، راشیگەیاند، لایەنە عیراقییەكان ئەو راستییە دەزانن یەكێتی نیشتمانی هێزی خۆی هەیە و پێویستە بەشداری راستەقینەی هەبێت لە حكوومەتی عێراق، بۆ ئەوەش پێویستە بەپێی دەنگەكانی پشكی لە كابینەكەی عادل عەبدلمەهدی وەربگرێت بەتایبەت پۆستی وەزارەتی داد كە پشكی یەكێتییە".
بۆچوونی بەکارهێنەران