شەمخانی: لەبارەی بەرنامە و توانای مووشەکیمانەوە پرس بە کەس ناکەین
کوردپرێس
عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە وتارێکدا کە لە کتێبخانەی نیشتمانیی ئێران پێشکەشی کرد کۆمەڵێک تەوەری گرینگی ورووژاند کە یەکیان مەسەلەی بەرنامەی مووشەکیی ئێران بوو.
شەمخانی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: بەرنامە و توانای مووشەکیی ئێران بۆ بەرگری کردن لە خۆیەتی و بەپێی پەیڕەوی نێودەوڵەتی بۆ بەرنامەی ئاشتییانە کاری لە سەر دەکرێت و لەو بارەیەوەشەوە ئامادە نین لەگەڵ هیچ وڵات یان لایەنێک دانووستان بکەن.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەبارەی مانەوەی ئێران لە خاکی سووریاش ڕایگەیاند: دەوڵەتی ئێران لە سەر داوای دەوڵەتی سووریا و بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە شەڕی دژەتیرۆر لە خاکی سووریایە و تا ئەو کاتەش دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق پێویستی بە ئێمە بێت و داوامان لێ بکات لەو وڵاتەدا دەمێنینەوە.
هەر لە درێژەی وتارەکەیدا شەمخانی باسی چاوەڕوانیی ئێران لە دەوڵەتی پاکستان بۆ ڕێگری کردن لە هاتنی تیرۆریستانی کرد و گوتی چاوەڕوانی ئەوە لە دەوڵەتی پاکستان دەکەن ئیرادەی زیاتر بنوێنێت و ڕێگە بە تیرۆریستان نەدات لە خاکی ئەو وڵاتەوە بێنە نێو ئێران.
پاش ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران پەردەی لە سەر شارێکی مووشەکیی نوێ لادا ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی زیاتری بۆ سەر ئێران کرد. شەمخانی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ئێران بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی مووشەکەکانی نە ڕاوێژ بە کەس دەکات و نە ئیزن لە کەسیش وەردەگرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران