خبر 2019-03-03 13:01 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
سەرکەوت شەمسەدین سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق:

دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید بڕیارێکی سیاسیی حیزبی یەکێتییە بۆ چاوترساندنی خەڵکی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکەوت شەمسەدین سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەستبەسەرکرانی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێوە پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتیی نیشتمانی ڕادەکێشێت و دەڵێت بڕیاری دەستگیرکردنی شاسورا عەبدولواحید بڕیارێکی سیاسییە.

کوردپرێس:

دوای ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ٣ی ئازار فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌رچوو شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ چووه‌ به‌رده‌م دادگای سلێمانی و له‌سه‌ر بڕیاری دادوه‌ر به‌ هه‌ر دوو ماده‌ى 229 و 434ی یاسای سزادانی عێراق ده‌ستگیر کرا.

سەرکەوت شەمسەدین لە بارەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید و هەڵوێستی جووڵانەوەی نەوەی نوێوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "خەریکی بەیاننامەیێکی فەرمیین بە دوو زمانی کوردی و عەرەبی و لیژنەی نەوەی نوێیش کاتژمێر چواری دوانیوەڕۆی یەکشەمە 3ی ئادار کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانییان دەبێت و لەوێ مەوقیفی خۆمان ڕوون دەکەینەوە."

ناوبراو سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارەی حکوومەت لەم کاتەدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: لەو ماوەیەدا نەوەی نوێ توانیوەتی وەکوو هێزێکی ئوپۆزسیۆنی کاریگەر لە نێو هاووڵاتییان جێگای خۆی بکاتەوە و بەرەو فراوانی بڕوات. ئەوان دەیانەوەێت هەڵوێستە سیاسییەکانی نەوەی نوێ وەکوو سووکایەتی کردن بە دامودەزگاکانی دەوڵەت و سووکایەتی کردن بە خەڵک پیشان بدەن و لە ڕێگەی دەستوەردان لە کاروباری دادگا و بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادگا بەرانبەر بە هێزە ئوپۆزسیۆنەکان خەڵک چاوترسێن بکەن.

سەرکەوت شەمسەدین زیادی کرد: "بە بڕوای ئێمە دەستبەسەرکرانی شاسوار عەبدولواحید کەیسێکی سیاسییە کە لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەکار دەهێنرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی تەوەری سکاڵاکان دژی شاسوار عەبدولواحید وتی: "سکاڵای تەشهیرکردنی بۆ تۆمار کراوە و گوایا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی سووکایەتیی بە کارمەندی دەوڵەت کردووە بەڵام ئەوەش لە کاتێکدایە هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستاندا بە بۆنەی تەشهیرکردنەوە نەگیراوە و تەنانەت لە سەر تاوان و کوشتن و تەقەکردن کەس نەگیراوە بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ڕێزی یاسا بگرین و پیشانی عالەمی دەرەوەشی بدەین کە دادگاکان لای ئێمە چۆنە و چۆن کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەوەش وەکوو بەڵگەیێکی ڕوونە کە لەم وڵاتەدا و لەو بارودۆخەدا هەرکەسێک پەنا بۆ دەرەوەی دادگا دەبات بۆ چارەسەر کردن. بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەوە بسەلمێنین کە ئەبێ ڕۆژێک بێت کە دادگاکان بە بێ تەئسیراتی سیاسی بڕیاری خۆیان بدەن و ڕێزیان لێ بگیرێت بەڵام دیارە ئێستا حیزبەکان بەردەوامن لە دەستوەردان لە کاروباری دادگا."

لەم ڕۆژانەی دواییدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی لێدوانی توندی بەرانبەر بە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی دا و وەڵامی قوباد تاڵەبانییشی لێکەوتەوە. سەرکەوت شەمسەدین بە دووری نەزانی ئەو بابەتەش پێوەندیی بە مەسەلەی دەستگیرکرانەکەی شاسوار عەبدولواحیدەوە هەبێت و لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: هەموو ئەوانە پێوەندییان بە یەکەوە هەیە و بەتایبەتی ئەم کەیسە گوایا لە زەمەنێکی دوور و درێژەوە ئەم سکاڵایە هەبووە بەڵام ئێستا جووڵێندراوە و جووڵاندنیشی پێوەندیی بەو جموجووڵە سیاسییەی ئەم ماوەیەوە هەیە و پێوەندیی بە گەشەکردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئاستی عێراق و لە ئاستی دەرەوەش هەیە. بۆیە ئەو بڕیارە ترسێکە لە گەشەکردنی نەوەی نوێ.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆتاییدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند کونسوگەری و نوێنەرایەتیی وڵاتانی دەرەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو بابەتە دەکەنەوە و کۆبوونەوەیان لەگەڵیان دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.