دزینی پەرژینی ئاسنی جادەکان بۆتە کێشەیێکی جیدی لە جادەکانی مەهاباد
بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی مەهاباد ڕایگەیاند دزینی پەرژینی ئاسنی جادەکانی مەهاباد بۆتە دیاردەیێکی جیدی و مەترسیدار لە سەر ئاسایشی جادەکان و پێویستی بە بەدواداچوونی جیدی هەیە.
کوردپرێس:
موحسین خادمی بەڕێوەبەری جادەوبانی شاری مەهاباد لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دیاردەی دزینی پەرژینی ئاسنی تەنیشت جادەکانی مەهاباد کرد و گوتی ئەو پرسە بۆتە دیاردەیێکی جیدی و دەبێت بەدواداچوونی جیدیی بۆ بکرێت.
ناوبراو گوتیشی: یەک جار دزەکان دەستبەسەرکراون بەڵام پاش ئازادکرانیان دیسان لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوو واتا لە 8ی بەفرانباردا لە جادەکانی سەردەشت و پەسوە و ورمێ پەرژینە ئاسنەکان و کۆڵەکەی ئەو پەرژینانەی تەنیشت جادەکان دزراون.
ناوبراو گوتیشی: دزەکان لە یەک ڕۆژدا 650 کۆڵەکەی ئاسنی پەرژینەکان و بورغووی تایبەت و ناودڵی ئەو پەرژینانەیان دزیوە و ئەمانەش لە بازاڕ دەست ناکەون و بەهاکەشی 65 ملوێن تمەنە.
شایانی باسە دیاردەی دزینی پەرژینی ئاسنی تەنیشت جادەکان لە پارێزگای کرماشانیش پەرەی سەندووە و پۆلیسی کرماشان بەدواداچوون بۆ پرسەکە دەکات.
زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
بۆچوونی بەکارهێنەران