خبر 2020-10-29 09:31 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پارتی و یەکێتی ڕازین بە پەسەند کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی دەڵێن پارتی و یەکێتی رازین بە پەسەند کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەرەتا تاوەکوو کۆتایی گفتوگۆکانی دابەشبوونی بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەشدار بووین. تاوەکو کاژێر 3:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پەرلەمان بووین، بۆ دواجار پەرلەمان چۆنێتی دابەش کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکووکی پەسەندکرد، "ئێمەش رەزامەندین لەسەر سرووشتی دابەش کردنی بازنە و ناوچەکان".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر بەشێوەیێکی باش مامەڵە بکرێت، بەربژێری باش هەبێت و خەڵک بە باشی بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئەوا بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، کورسییەکانی کورد لەو ناوچانەیە زیاتر دەبن.

هەر لەمبارەوە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکووک و ئەم دابەش کردنە بۆ کورد باشە.

رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون لەبارەی چۆنێتی دابەش کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکووک.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی دووپاتی کردەوە، "بەگشتی چۆنێتی دابەش کردنی بازنە و ناوچە و کورسییەکان لە پارێزگای کەرکووک بۆ کورد باشە، ئێمە لەسەری رازین و دەنگمان پێداوە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ دواجار و دوای گفتوگۆیەکی چڕ، پێکهاتەکانی کەرکووک لەبارەی دابەش کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایە گەیشتنە رێککەوتن و لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.