سه‌رۆكی هه‌رێم: پێشمه‌رگه و سوپا و حه‌شد یه‌ک هه‌وڵ بن بۆ ڕێگری لە کاری تێکدەرانە
کوردپرێس:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر هه‌ولێر راگه‌یه‌نراوێكی بڵاو کردەوە و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد ده‌بێت هه‌موو هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق، هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی، هه‌وڵه‌كانیان بكه‌نه یه‌ك بۆ ڕێگرتن له هه‌موو كارێكی تێكده‌رانه‌ی هه‌موو گرووپه ئاژاوه‌گێڕ و تێكده‌ره‌كان.
ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه...
كاتژمێر ۸:۳٠ی شه‌وی ڕابردوو گرووپێكی تێكده‌ر شه‌ش مووشه‌كی له ناوچه‌ی به‌رتڵه‌ی پارێزگای مووسڵه‌وه، ئاراسته‌ی بنكه‌ی هاوپه‌یمانان له هه‌ولێر كرد، خۆشبه‌ختانه هیچ زیانێكیان نه‌بوو.
له كاتێكدا ئه‌و هێرشه به ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانه‌كانی له شه‌ڕی دژی تیرۆردا ده‌بینین، له هه‌مان كاتدا له‌و باوه‌ڕه‌داین كه ده‌بێت هه‌موو هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی، هه‌وڵه‌كانیان بكه‌نه یه‌ك بۆ ڕێگرتن له هه‌موو كارێكی تێكده‌رانه‌ی هه‌موو گرووپه ئاژاوه‌گێڕ و تێكده‌ره‌كان.
ده‌بێت قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه و هه‌موو هێزه عێراقییه‌كان و هاوپه‌یمانان هانده‌رمان بن بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌موو عێراق و هه‌موو باڵیۆزخانه و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی جیهان له عێراق، هه‌روه‌ها ده‌بێت به باشترین شێوه هه‌وڵی هێنانه‌كایه‌ی سه‌قامگیری بده‌ین له‌و دۆخه خراپه ئابوورییه‌ی به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆناوه به‌سه‌ر خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان و جیهاندا هاتووه.
ئه‌وانه‌ی هێرشی تێكده‌رانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن دوژمنی هه‌موو عێراقن و ده‌بێت هه‌موو هێزه عێراقییه‌كان به یه‌كده‌ستی به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه و ڕووبه‌ڕووی یاسا بكرێنه‌وه، ئێمه‌ش به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێز مسته‌فا كازمی ئاماده‌ی هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كین كه دڵنیاین له‌پێناو ئارامی و سه‌قامگیردا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
1/10/2020
شایانی باسە شەوی چوارشەمە لە سەر پێنجشەمە 30ی ئەیلوولی 2020 دەزگای دژە تیرۆری هەرێمى کوردستان رایگەیاند، شه‌ش مووشه‌ک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە پارێزگای مووسڵەوە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی هه‌ولێر كراون و هيچ زيانێكى لێنه‌كه‌وتووەتەوە.
پاش کەوتنەخوارەوەی 6 مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند: "بە توندترین شێوە ئەم هێرشە تێرۆریستییە ترسنۆکانەیە ئیدانە دەکەین، لە هەمان کاتدا ئامادەییی تەواومان هەیە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر دەستدرێژییێک. داواش لە حکوومەتی فیدرالی دەکەین دەست بە جێ ئیجرائاتی پێویست وەربگرن".
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و نووسیی: "حکوومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی توندی دەبێت."
هاوکات كیفاح شه‌نگالی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌كه‌ناڵی "ئه‌لحورره"ی ڕایگه‌یاند، ئامانج له هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو بۆ لێدانه له مسته‌فا كازمی و ڕێگریی له نزیك بوونه‌وه‌ی له هه‌رێم، نه‌ك ئامانج له‌لێدانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا.
لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردووی هەولێر لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر ئیدانەی هێرشەكەی كرد و رایگەیاند: ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكەی هەولێر دەكەین و ئەو رووداوە قبوڵكراو نیە و رێگای پێ‌نادرێت.
لە ڕاگەیێندراوێکیشدا حەشدی شەعبی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان ڕایگەیاند ئەو خاڵەی مووشەکەکانی لێوە هاوێژراوە خاڵێکی بۆشی نێوان هێزەکانی حەشد و هێزەکانی پێشمەرگەیە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی شوێنی بەڕێکەوتنی ئەو ئوتومبێلە بارهەڵگرەی مووشەکەکانی لێوە هاوێژراوە بەردەوامە و هەر کەس یان لایەنێک دەستی تێدا بووبێت ڕادەستی یاسا دەکرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران