ڕاپۆرتێک لە سەر قورئانەکەی نگڵ
کوردپرێس:
چیرۆکی قورئانێکی مێژوویی لە گوندی نگڵ لە نێوان شاری سنە و مەریوان گوندەکەی کردووەتە شوێنێکی گەشتیاری و بووەتە هۆی بەناوبانگبوونی. بە گوتەی خەڵکی گوندەکە "هەرجارێک قورئانەکە لەو گوندە برابێت، گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی".
قورئانەکە لە مزگەوتی گوندەکەدا دانراوە کە 64 کیلۆمەتر لە سنەوە دوورە، نزیکەی 400 ماڵی تێدایە و دانیشتووانەکەی زیاتر لە هەزار و 700 کەسن، ئەوەش بووەتە سەرچاوەیێکی گرنگی راکێشانی گەشتیار و ناوبانگیشی بە گوندەکە بەخشیووە، هەندێک لە سەرچاوەکانیش دەڵێن، گوندەکە هەر بەهۆی ئەو قورئانەوە دروست بووە.
مێژووی قورئانەکەی نگڵ بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، قورئانێکی گەورەیە و پەڕەکانی لە پێستی ئاسک دروستکراوە و بە ئاوی زێڕ رووپۆش کراوە، درێژیی پەڕەکانی 60 سانتیمەترە، پانییەکەی 22 سانتیمەتر، ئەستووریی پەرتووکەکەش 15 سانتیمەترە و بە رێنووسی کووفی ئایەتەکانی نووسراون.
بەگوتەی هەندێک لە سەرچاوە مێژوویییەکان، مێژووی ئەو قورئانە بۆ سەردەمی خەلیفەی سێهەمی ئیسلام (عوسمانی کوڕی عەففان) دەگەڕێتەوە، ئەو کات عوسمانی کوڕی عەففان خۆی قورئانەکەی نووسیوەتەوە و بۆ چوار هەرێمی موسوڵماننشین رەوانەی کردووە، کە ئەمە یەکێکیانە.
ئێستا قورئانەکە لە مزگەوتی (عەبدوڵڵای کوڕی عومەر) دانراوە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ئەو کاتەی قورئانەکە هاتووەتە گوندەکە هەر ئەو هێناویەتی و لەوێ جێی هێشتووە، بۆیە مزگەوتەکەش بەناوی ئەوەوە کراوە.
تاوەکوو ئێستا چەند جارێک قورئانەکەی نگڵ براوە بۆ مۆزەخانەکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، بەڵام گەڕێندراوەتەوە و لە مۆزەخانەیێکدا بەناوی "مۆزەخانەی نگڵ" لە مزگەوتی ئەو گوندەدا پارێزراوە و رۆژانە چەندین کەس بۆ هاتنەدیی راز و نیازەکانیان سەردانی دەکەن.
لەنێو خەڵکی گوندەکە و تەنانەت لە کوردستانی ئێرانیشدا زۆر چیرۆک باس دەکرێت بەناوبانگترینیان ئەوەیە "هەر جارێک ئەو قورئانە براوە، دوای ماوەیەک پەرتوکەکە خۆی گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی".
باوترین چیرۆک لەسەر هەوڵی بردنی قورئانەکە ئەوەیە "چەند سەدەیێک بەر لە ئێستا گەڕیدەیێک بە جلوبەرگی دەروێشەوە چووەتە نێو مزگەوتەکە و قورئانەکەی بردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە".
لەسەر سەرەتای دۆزینەوەی قورئانەکە زۆر چیرۆک باس دەکرێت، بەڵام باوترینیان کە زیاتر دەماودەم لەنێو بەساڵاچووانی گوندی نگڵدا باس دەکرێت ئەمەیە "نزیکی هەزار ساڵ پێش ئێستا ئەوکاتەی هێشتا نگڵ بنیات نەنرابوو شوانێک لە قەدپاڵی چیاکانی ئەم گوندە گوڵێکی جیاواز و درەوشاوە بەدی دەکات، کاتێک لێی نزیک دەبێتەوە دەبینێت گوڵەکە هەر گەڵایەی رەنگێکە، تاوەکوو ئەو کاتە گوڵی وەهای نەدیوە، بۆیە بڕیار دەدات هەڵیبکێشێت و بیباتەوە بۆ ماڵەوە، لەوکاتەی سەرقاڵی هەڵکۆڵینی بنی گوڵەکەیە خاکی ژێر پێی دەتەپێت، ئەوکات هەست بەوە دەکات چاڵێکی ئاسایی نییە، دوای هەڵکەندنی نزیکی مەترێک لەژێر خاکەکەدا سندووقێک دەبینێت زۆر هەوڵ دەدات دەری بهێنێت، بەڵام ناتوانێت، بۆیە دەگەڕێتەوە و لەگەڵ ژمارەیێکی زۆر لە خەڵکی گوندەکەی خۆیان دێنەوە لای چاڵەکە و سندووقەکە دەردەهێنن، کاتێک دەیکەنەوە دەبینن قورئانێکی گەورەی تێدایە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی قورئانەکەش خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە بڕیاردەدەن مزگەوتێک لەو شوێنەدا دروستبکەن و قورئانەکەش لەوێدا دابنێن، دواتریش هێدی هێدی خەڵک لە دەوری مزگەوتەکە ماڵ و خانوو بنیات دەنێن و ناوچەکە دەبێتە ئەم ئاواییەی کە ئێستا هەیە".
نزیکترین بۆچوون لەسەر ناوی گوندەکە باس لەوە دەکەن کە "سەرەتا نگل ناوی (نێوگوڵ)بووە ئەمەش بەو ناوە ناونراوە کە ئەم قورئانە لەنێو گوڵزارێکدا دۆزراوەتەوە، بۆیە بە نێوگوڵ گوندەکەیان ناو ناوە، دواتر بە تێپەڕینی کات ناوەکەی بووە بە نگڵ و ئێستا بەو ناوە بەنێوبانگە".
لە ساڵی 1932 بە فەرمانی رەزا شای ئێران قورئانەکە گوێزراوەتەوە بۆ تاران، بەڵام بەشی زۆری خەڵکی نگڵ لە سەربازخانەی سنە مان دەگرن تاوەکوو قورئانەکە دەگێڕننەوە شوێنی خۆی.
چەندین چیرۆکی دیکەی بردن و گەڕانەوەی قورئانەکەش هەیە کە خەڵک بە سەرزارەکەی لەنێو خۆیان و بۆ گەشتیارانی باس دەکەن.
بۆچوونی بەکارهێنەران