سه‌رۆک کۆماری ئێران: له ڕۆژی خه‌ته‌ردا ئه‌مه‌ریکا یه‌که‌م وڵاته که له ناوچه‌که هه‌ڵدێت
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی پێنجشه‌ممه 31ی گه‌لاوێژی 1398 به‌رانبه‌ر به 22ی ئابی 2019 حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له ڕێوڕه‌سمی په‌رده‌لادان له سیسته‌می مووشه‌کیی باوه‌ڕ- 373ی ئێرانی‌دا گوتارێکی پێشکه‌ش کرد و گوتی: ئه‌مه‌ریکا ساڵی 2017 پیلانێکی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران گێڕا و ده‌ستی کرد به شه‌ڕی ده‌روونی و سیاسی و پاشان ڕێچکه‌ی شه‌ڕی ئابووریی گرته‌به‌ر و له دوو ساڵی 2017 و 2018دا چه‌ند نیشانه‌یێکی له ناوخۆوه پێگه‌یشت که بوو به هانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره به پیلانه‌کانیان بده‌ن به‌ڵام هه‌رگیز له به‌رانبه‌ر ئه‌و پیلانه نگریسانه‌ی دوژمنانماندا دوژ دانه‌ماوین و پشتمان به‌و ئایه‌ته پیرۆزه‌ی قورئان به‌ستووه "وَلَا تَحْزَنْ عَلَیْهِمْ وَلَا تَکُنْ فِی ضَیْقٍ مِمَّا یَمْکُرُونَ".
ڕۆحانی زیادیشی کرد: ئه‌مه‌ریکا ئه‌گه‌رچی ساڵی 2017 توانیی چه‌ند خۆپیشاندانێکی ناوبه‌ناو ڕێکبخات به‌ڵام ئه‌و پیلانه‌ش له ماوه‌ی پێنج ڕۆژدا پووچه‌ڵ کرایه‌وه و ئه‌وه‌ش سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره بوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سه‌رۆک کۆماری ئێران ئاماژه‌ی به توانا سه‌ربازییه‌کانی وڵاته‌که‌ی کرد و گوتیشی: ئه‌م سیسته‌مه به‌رگرییه مووشه‌کییه‌ی که ئه‌مڕۆکه په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادراوه نموونه‌ی توانای هێزی ناوخۆییی ئێرانه و هه‌موو داتا و ڕه‌قه‌مه‌کان پێمان ده‌ڵێن که ئێران سه‌ره‌ڕای گوشاره‌کان ده‌ستی به پێشکه‌وتنی به‌رچاو گه‌یشتووه.
شایانی باسه؛ ڕۆژی پێنجشه‌ممه 31ی گه‌لاوێژی 1398 به‌رانبه‌ر به 22ی ئابی 2019 به ئاماده‌بوونی سه‌رۆک کۆماری ئێران و فه‌رمانده باڵا سه‌ربازییه‌کانی ئه‌و وڵاته په‌رده له‌سه‌ر سیسته‌مێکی مووشه‌کیی نوێ به ناوی "باوه‌ڕ- 373" لا درا که پێی ده‌وترێت S-300ی ئێرانی که توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه 300 ئامانجی جۆربه‌جۆر بناسێت و هاوکات 6 ئامانجی جیا جیا بپێکێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران