سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێرانیی دەرکردووە
کوردپرێس:
نوێنەرایەتییەکانی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی یەکی نیسانەوە –کە بە ڕۆژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناسراوە- دەستیان کردووە بە پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوەش لە کاتێکدایە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و عێراق، حکوومەتی هەرێم، باجی سەر ڤیزەی بۆ گەشتیارانی ئێرانی هەڵنەگرتووە.
ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر لە سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ بەغدا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کرا.
جێبەجێ نەکرانی ڕێککەوتنەکەی تاران و بەغدا لە هەرێمی کوردستان ناڕەزاییی لایەنی ئێرانیی لێکەوتەوە و سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر بە میدیایێکی هەرێمی کوردستانی وتبوو پێبەندنەبوونی حکوومەتی هەرێم بە ڕێککەوتنەکەی ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر نموونەی کارشکێنییە و ئەگەر بێتوو ئەو ڕەوتە بەردەوام بێت ئەوا لایەنی ئێرانییش چیتر ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان نادات.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێرانیش لە دیمانەیێک لەگەڵ کوردپرێسدا وتەکانی سەرکونسووڵی ئێران پشتڕاست کردەوە و بە کوردپرێسی وت: ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر ڕێککەوتنێکی فەرمییە و بێ گومان پاش ئەوەی کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر کران ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکان لە دەوڵەتی ناوەندەوە وەردەگرێت و ئەگەر ڕێنمایی بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێرانی بگاتە دەستیان پێبەندی دەبن.
مورتەزا عەبادی سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "ڕۆژی چوارشەمە 28ی خاکەلێوە بەرانبەر بە 17ی نیسان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دیدارم کرد و لەو دیدارەدا بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی وەرنەگرتنی باجی ڤیزە بۆ گەشتیارانی ئێرانیی دەرکرد کە 25 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرا. هەر بە پێی ئەو فەرمانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش تا یەک دوو ڕۆژی دیکە باجی سەر ڤیزەی گەشتیارانی ئێران هەڵدەگیرێت."
کونسووڵی ئێران لە هەولێر ئاماژەی بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران عێراق بۆ هەڵگرتنی باجی سەر ڤیزەی گەشتیارانی هەردوو وڵات دا و ئەوەشی بۆ کوردپرێس ئاشکرا کرد لە ڕۆژی یەکی نیسانەوە کونسووڵخانەکانی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڤیزەی بێ بەرانبەر بۆ گەشتیارانی عێراق و هەرێمیش دەردەکەن. بێ گومان هەڵگرتنی ڕسووماتی ڤیزە کارتێکەر دەبێت لە هەڵکشانی ڕێژەی گەشتیاران بۆ هەر دوو لا. داتاکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە هاتنی گەشتیاری عێراقی بۆ ئێران مامناوەندی 3هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە 3 هەزار کەس بە بنەماڵەوە سەردانی ئێران دەکەن.
عەبادی زیادیشی کرد: دیارە مەبەستی سەردانەکان جۆربەجۆرە و چەند ڕەهەندی پیاسەکردن و پزیشکی و زیارەتی و بازرگانی دەگرێتەوە. لەو ڕووەشەوە کە مەسرەف و کاڵاکان لە ئێران زۆر هەرزانتر لە عێراقە قازانجی هەردوولای تێدایە و ئەگەر پلانی باشی بۆ دابنێین ئەو ڕێژەیە لە وەرزی هاویندا زیادیش دەکات.
کونسووڵی ئێران لە هەولێر لەبارەی زەروورەتی بەهەندوەرگرتنی کەرتی گەشتیاری بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: لە دونیای ئەمڕۆدا گەشتیاری وەکوو پیشەیێکی بێگەرد و تایبەت سەرنجی دەخرێتە سەر. بێ گومان ئەو پیشەیەش شوێندانەر دەبێت لە پێشخستنی گەشەی ئابووری و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوان دوو لایەن. هەر بۆیەش پێویستە خوێندەوەی ورد بکرێت بۆ خستنە ڕووی خاڵە ئیجابییەکان و نەهێشتنی کۆسپەکانی برەوپێدانی ئەو پیشەیە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: ڕێکخراو و سەنتەرەکانی گەشتیاری دەتوانن دەستپێشخەر بن بۆ ناسینی شوێنە گەشتیاری و زیارەتی و پزیشکییەکان بۆ ئەوەی مەسرەفی سەر گەشتیاران کەم بکەنەوە. بۆیە پێویستە ئاسانکاری بۆ گەشتیاران بکرێت و وا نەبێت کە گەشتیاری هەرێمی کوردستان لە سەر سنوور ئیزعاج بکرێت و لەبەر ئامادەنەبوونی نووسینگەی پێدانی نمرەی ئوتومبیلی کاپیتاژکراو، گەشتیاران بۆ دوو ڕۆژ و سێ ڕۆژ لە سەر سنوور مەحتەل بکرێن چوونکە ئەوە بیرەوەریی تاڵ لە مێشکی گەشتیاراندا دروست دەکات.
عەبادی لەبارەی جۆری ڤیزاکان کە بە گەشتیارانی عێراق و هەرێم دەدرێت بە کوردپرێسی وت: ڤیزەی جۆربەجۆر بە گەشتیارانی عێراقی و هەرێمی دەدرێت کە بریتین لە: ڤیزەی گەشتیاری، ڤیزەی زیارەتی، ڤیزەی بنەماڵەیی، ڤیزەی پزیشکی، ڤیزەی چوونەژوورەوە، ڤیزەی خوێندن و هتد...
ناوبراو لەبارەی چۆنیەتیی پێدانی ڤیزەشەوە ڕوونکردنەوەی دا و بە کوردپرێسی وت: کونسووڵخانەی ئێران لە هەولێر هەلی ئەوەی بۆ گەشتیارانی هەرێم ڕەخساندووە کە بە ئاسانی بتوانن ڤیزەی ئێران وەربگرن. هەر بۆیەش گەشتیاران دەتوانن سەردانی نووسینگە موڵەتدارەکان و دایرەی گەیاندنی هەولێر بکەن یان خود لە ڕێگەی هێڵی ئەنتەرنێتەوە داواکارییەکەیان تۆمار بکەن و یان سەردانی کونسووڵخانەی ئێران لە هەولێر بکەن و ڤیزە وەربگرن.
سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ ڕێکخراوی گەیاندن لە هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ڕێکخراوی گەیاندن (پۆست) لە هەرێمی کوردستان توانای خزمەت کردنی باشی هەیە و بەپێی ڕێککەوتنی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان سەرنجی تایبەت گوازراوەتەوە بۆ تواناکانی ئەو ڕێکخراوەیە. هەر بەو بۆنەیەشەوە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سەردانی نووسینگەکانی گواستنەوە و گەیاندن لە هەولێر بکەن و داواکاری و پاسپۆرتەکەیان تەسلیم بکەن و دایرەی گەیاندنیش بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەمان ڤیزاکە تۆمار دکات و هەر بە ئەلکترۆنی بۆی پشتڕاست دەکرێتەوە و دەتوانێت بۆ ئەو ناونیشانەی بنێرێت کە گەشتیاری داواکاری ڤیزە تۆماری کردووە. لەم شێوە پێدانەی ڤیزەشدا دایرەی گشتیی گواستنەوە و گەیاندن پارەیێکی کەم بۆ ئەو خزمەتەی خۆی وەردەگرێت و ڤیزەکە دێنێتە بەر ماڵی ئەو گەشتیارانەی داوای ڤیزەیان کردووە. بۆیە کونسووڵخانەی ئێران بە هیچ شێوەیێک پارەی خزمەتەکان نادات.
بۆچوونی بەکارهێنەران