20:32 PM   IRAQ
THURSDAY, 19 JULY 2018
 به په‌له |◀   ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت دۆخی نائاسایی له‌ تورکیا درێژه‌ی هه‌بێت
جه‌عفه‌ر ئیمنكی: یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم پڕۆژه‌ی پارتی و گۆڕان بوو

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جه‌عفه‌ر ئیمنكی سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم پڕۆژه‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو كرایه‌ یه‌ک پڕۆژه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌عفه‌ر ئیمینكی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریکا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: هیچ فراكسیۆنێک به ‌پڕۆژه‌یاسا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی نه‌كردوووه‌ چوونكه‌ هه‌ر كه‌س ئه‌و داوایه‌ی هه‌بوو ده‌بوو به‌پێی یاسای ژماره‌ (٢٠٠٥) پڕۆژه‌یێكی جیاوازی پێشكه‌ش بكردایه‌ چوونكه‌ له‌ ناو پڕۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی ‌و گۆڕان كه‌ خرایه‌ ده‌نگدان باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی تێدا نه‌بوو.

ناوبراو وتیشی: "من ده‌ستخۆشی له ‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ پشگیری پڕۆژه‌یاساكه‌یان كرد ته‌نانه‌ت خۆشم ده‌نگم بۆ دا چوونكه‌ به‌ پێویستم ده‌زانی بۆ ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان."

ئیمنكی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: "دوو پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هاتنه‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، یه‌كیان هی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو و ئه‌وی‌تریان هی فراكسیۆنی گۆڕان بوو و هه‌ر دوو پڕۆژه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی كرا چوونكه‌ هه‌ر دوو پڕۆژه‌كه‌‌ هاوشێوه‌ی یه‌كتر بوون، هۆكاری ده‌رچوووانی هه‌ر دوو پڕۆژه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌رفه‌تی زیاتر به ‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بدرێت تا یه‌كڕیزییێكی نیشتمانی بهێننه‌دی تا هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری خۆی ‌و ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ ورووژێنرابوون له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌مانه‌ش یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ساڵی (١٩٩٢)وه‌ كێشه‌‌ و گرفتی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ و ناسه‌قامگیریی سیاسی دروست كردوووه‌ بۆیه‌ ئه‌‌و پڕۆژانه‌ی هاتن دوێنێ یه‌كلایی كرانه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێردرا تا ئه‌و سازانه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دروست ده‌بێت."

سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به ‌كاتی دانا به‌ڵام ئه‌و به‌ پێویستی ده‌زانێت لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یییان هه‌بێت و له‌وباره‌وه‌ ده‌شڵێت: "ڕاسته‌ ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ كاتییه‌ كارێكی باش بوو به‌ڵام من ده‌ڵێم ده‌بوو چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌ییمان بدۆزییایه‌ وه‌ک ڕێکكه‌وتنی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كان كه‌ ده‌بوو بگه‌نه‌ ڕێکكه‌وتن و له ‌ڕه‌گه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌یان چاره‌سه‌ر بكردایه‌ و بۆ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ كاتییه‌ من نه‌ له ‌ڕه‌شبینه‌كانم ‌و باسی گه‌شبینیش به‌و شێوازه‌ ناكه‌م من ده‌ڵێم ده‌ستوور، كه‌ دوو جار ته‌واو بوووه‌ له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر درا به‌ڵام ڕێگه‌ نه‌درا بچێته‌ راپرسی بۆیه‌ من پێم وایه‌ له‌م بارودۆخه‌دا ناتوانرێت هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بكرێت به‌ڵام لایه‌نه‌كان ده‌توانن بگه‌نه‌ ڕێكکه‌وتن به‌ ئاڕاسته‌یێكی ئیجابی."

جه‌عفه‌ر ئیمنکی ڕوونی كرده‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ له‌ ئه‌نجامی تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بوووه‌ له‌ نێوان فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنی گۆڕان و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت بڵێین ڕێكکه‌وتنێكیان ئه‌نجام داوه‌ و هاتوون به‌و شێوازه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌تی كرده‌وه‌ به ‌فه‌رمی هیچ فراكسیۆنێک داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی له ‌ڕێگای پڕۆژه‌یاساوه‌ كردبێت كه‌ به‌پێی وته‌كانی خۆی ئه‌وه‌ شێوازی یاسایی داوای په‌رله‌مانتارانه‌ به‌ فه‌رمی و له‌باره‌یه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند: "ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕانیش بۆ هه‌ڵپه‌ساردن بوو نه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و دواخستنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان هه‌‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی جیاوازی ده‌وێت، ڕاسته‌ ڕای جیاواز هه‌بوو وه‌ک فراكسیۆنی یه‌كگرتوو داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان ده‌كرد به‌ڵام ده‌بوو بێن له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای ساڵی ٢٠٠٥ پڕۆژه‌یه‌كی‌تر پێشكه‌ش بكه‌ن چوونكه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌یاسا ده‌رچین كه‌ ته‌نیا باسیان له‌ هه‌ڵپه‌ساردن كردبوو به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان و پارتی."

ئیمنكی له‌باره‌ی داواكاریی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد ئه‌و دیوانه‌ مایه‌وه‌ چوونكه‌ ئیشه‌ كارگێڕی و ئیدارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌بات ته‌نیا له‌و ڕۆڵه‌ به‌رده‌وام بێت‌ و سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریی نه‌مانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش له‌م كاته‌دا وتیشی: "ئه‌مه‌ پرسێكی ته‌قدیرییه‌ ڕه‌نگه‌ من به‌ جۆرێک بیبینم به‌ڕێزی دیكه‌ به ‌جۆری‌تر به‌ڵام به‌ بۆچوونی من پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به ‌پێویست ده‌زانم بۆ كوردستان، بۆ سه‌روه‌ری خاک و نیشتمان و گه‌ل، له‌وه‌ش گرنگتر كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات گرنگه‌ چ له‌ ڕووی كه‌سایه‌تی، توانا و لێهاتوویی و ڕابردووی پاک، ئه‌و ماوه‌یه‌ی جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی له‌و پۆسته‌ بوو تا درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌شی خزمه‌تێكی زۆری به ‌كوردستان كرد له‌ ڕووی دیپلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌".

جه‌عفه‌ر ئیمنكی سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان باسی له ‌ڕۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێم كرد له ‌ماوه‌كانی ڕابردوودا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: "من له ‌ژیانی خۆمدا شه‌خس‌په‌رست نه‌بووم ده‌بێت وه‌ک خۆی شته‌كان ببینین و هه‌ڵسه‌نگێنین به‌ڵام له‌ دوای بارزانی بۆشاییێكی گه‌وره‌ له ‌كوردستان دروست بوووه،‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ململانێی سیاسییه‌كانه‌وه‌ قه‌دری پیاوی لێهاتوو نازانین، به‌ ڕاستی ده‌بوو نوخبه‌ی سیاسی پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی بارزانی بكه‌ن چوونكه‌ كوردستان پێویستی به ‌كه‌سایه‌تییێكی وا دیپلۆماسی و مۆراڵی بۆ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ له ‌دوای سه‌رۆكی هه‌رێم ڕاسته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش كراوه‌ به‌ڵام په‌رله‌مانی كوردستان خۆی یاسا ده‌رده‌كات و خۆی په‌سه‌ندی ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش له ‌ڕووی دیموكراسییه‌وه‌ نامۆیه، ڕاسته‌ له ‌ڕووی ڕێوشوێنه‌كانه‌وه‌ كاره‌كان ده‌ڕۆن به‌ڵام له ‌ڕووی ئیعتبارییه‌وه‌ ئه‌و بۆشایییه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌ تایبه‌ت دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییێكی وه‌ک مه‌سعوود بارزانی".

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه