05:45 PM   IRAQ
SUNDAY, 18 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ ئێران لەئێستادا پیشاندەری گرنگایەتیی ئەم وڵاتە بۆ عێراقە
بڕیاری ئوپۆزسیۆن و لایەنە ئیسلامییەکان لە سەر پڕۆژه‌یاسای‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ پڕۆژه‌یاسای‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم، سێ‌ لایه‌ن هه‌ڵوێستی‌ خۆیان ڕوون كردنه‌وه‌، گۆڕان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، به‌په‌سه‌ندكردنی‌ پڕۆژه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆیان، ڕێگرییان كردووه‌ له ‌ته‌وافوقات به‌و پۆسته‌.

کوردپرێس:

پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکەی ڕۆژی 11ی تەمووزدا پرۆژە یاساکەى گۆڕان و دوو پەرلەمانتارى یەکگرتووى بۆ هەڵپەساردنى سەرۆکایەتى هەرێم بە زۆرینەى دەنگى ٣٩ پەرلەمانتار پەسەند کرد، کە لە پەرلەمانتارانى گۆڕان و پارتى و چەند پەرلەمانتارێکى یەکێتى پێکهاتبوون.

له‌كۆنگره‌یێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا  له ‌ته‌لاری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاری‌ عه‌بدوله‌تیف سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی ڕایگه‌یاند، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووین له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان، هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش ئه‌نجام بدرێت و لایه‌نه‌كان كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێشكه‌ش بكه‌ن".

ناوبراو وتیشی‌:"پێشتر دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌گوێره‌ی‌ یاسا تاهه‌ڵبژاردنی‌ 30ی 9ی 2018یه‌و دوای‌ ئه‌و واده‌یه‌ش ناكرێت دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان درێژ بكرێته‌وه‌".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، "ناكرێت له‌م خوله‌ی‌ ئێستای په‌رله‌مانه‌وه‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و سیستمی‌ سیاسی به‌خولی‌ داهاتوی په‌رله‌مان بسپێردرێت".

له ‌لایێكی‌ دیكه‌وه ‌و هه‌ر له‌كۆنگره‌یێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ڕایگه‌یاند، "پێشتر پڕۆژه‌ی‌ هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌بووه ‌و داوامان كردووه‌ بابه‌تی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم یه‌كلا بكرێته‌وه‌، ئێستاش جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش ئه‌نجام بدرێت نه‌ك دامه‌زراوه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سێردرێت".

ناوبراو جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "ناكرێت پێشتر پڕۆژه‌مان له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت هه‌بوه‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كراوه ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ ڕاپۆرتی‌ له‌سه‌ر ئاماده‌كرا و ئێستا كاری‌ پێنه‌كرێت و له‌ به‌رامبه‌ردا دامه‌زراوه‌كه‌  تاوه‌كوو خولی‌ داهاتوو هه‌ڵپه‌سێردرا".

لای خۆیشیه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ڕایگه‌یاند، "سپاردنی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم به‌خولی‌ داهاتوو هه‌نگاوێكی‌ باشه‌ چوونكه‌ ڕێگریمان كرد له ‌ته‌وافوقات له ‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌".

لایەنەکانى گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و یەکێتى کە ساڵى ٢٠١٥ پڕۆژەیێکی هاوبەشیان بۆ هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتیى هەرێم ئامادە کرد و لێک نزیک بوونەوە، هەریەکەیان هەڵوێستى جیاى هەبوو لەبارەى پڕۆژە یاساى هەڵپەساردنى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم کە لەلایەن فراکسیۆنى گۆڕان و دوو پەرلەمانتارى یەکگرتووەوە ئامادەکرابوو.

بەهۆى ئەو یاسایەوە فراکسیۆنەکانى گۆڕان و کۆمەڵ کە پیشتر لە زۆربەى پرسەکاندا هاوهەڵوێست بوون دابەشبوون و کۆمەڵ بە پێچەوانەى گۆڕانەوە دەنگى بە پەسەندکردنى پڕۆژەکە نەدا و دژى وەستایەوە.

پڕۆژە یاساکە فراکسیۆنى یەکگرتووى دابەشى دوو بەرە کرد، بەو پێیەى زۆرینەى فراکسیۆنەکە دژى پرۆژەکە وەستانەوە، لەکاتێکدا دوو پەرلەمانتارى یەکگرتوو واژۆیان لەسەر پڕۆژەکە کردبوو.

لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەکە بە شێوەیێکى گشتى سێ فراکسیۆنە ئیسلامییەکە کە پێکهاتون لە یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەى کۆ کردەوە، کە ماوەیێکى زۆر بوو لە زۆربەى پرسەکاندا هەڵوێستى جیایان هەبوو بەتایبەتى هەردوو فراکسیۆنى کۆمەڵ و یەکگرتوو.

 

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی- تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه