05:46 PM   IRAQ
SATURDAY, 16 DECEMBER 2017
 الأخبار |◀   ڕووسیا پاڵپشتیی سووریای یه‌کپارچه‌ و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی کورده‌کان ده‌کات
به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی ڕۆحانی، پووتن و ئه‌ردۆغان:
ئێران، تورکیا و ڕووسیا جه‌خت له‌سه‌ر سه‌روه‌ری، سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کڕیزیی سووریا ده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی ئێران- سه‌رۆک کۆمارانی سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و ڕووسیا له‌ کۆتاییی دیداری سێ قۆڵیی خۆیاندا له‌ سووچیی ڕووسیا به‌یاننامه‌یێکیان ده‌رکرد و تێیدا ئیلتیزامی خۆیان له‌سه‌ر سه‌روه‌ری، سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کڕیزیی سووریا دووپات کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ده‌قی به‌یاننامه‌که‌ به‌م شێوازه‌یه‌:

جه‌نابی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران، جه‌نابی ڤیلادیمیر پووتن سه‌رۆک کۆماری فیدراسیۆنی ڕووسیا و جه‌نابی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ کۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵیی 22ی نۆڤێمبێری 2017 له‌ سووچی جارێکی‌تر ئیراده‌ی خۆیان بۆ به‌رده‌وام بوونی هاوکاریی کرداریی نێوان سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیا و تورکیا له‌پێناو جێگیر کردنی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ سووریا نواندووه‌؛ ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگای بڕیارنامه‌ی ژماره‌ 2254ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان.

سه‌رۆک کۆمارانی هه‌ر سێ وڵات ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ماهه‌نگیی سێ قۆڵیی ئێستاکه‌ بۆ پاراستن و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی ئاگربڕ له‌ سووریا ده‌ربڕیوه‌. سه‌رۆک کۆمارانی هه‌ر سێ وڵات ده‌ریان‌بڕیوه‌ که‌ پاش چه‌ندین ساڵ داکۆکیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شکست هێنانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ له‌ سووریا به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژرابوو ده‌ستکه‌وته‌کان له‌ ماوه‌ی 11 مانگ پاش جێگیربوونی ئاگربڕ (29ی دیسێمبێری 2016) ئاسانکاریی بۆ له‌ناوبردنی داعش، به‌ره‌ی نوسره‌ و دیکه‌ی ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌کان کردووه‌. هه‌روه‌هاش ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران، ڕووسیا و تورکیا به‌رده‌وام بن له‌ درێژه‌ی هاوکارییه‌کانیان تا ئه‌و کاته‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان به‌ ته‌واوه‌تی فه‌شه‌ل ده‌هێنن.

سه‌رۆک کۆمارانی هه‌ر سێ وڵات جه‌ختیان کرده‌وه‌: پێکهێنانی ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریا له‌ ڕێگای پڕۆسه‌ی دانووستانی ئه‌ستانه‌وه‌ کارامه‌ بووه‌ و یارمه‌تییێکی فراوانی به‌ پڕۆسه‌ی که‌م کردنه‌وه‌ی توندئاژۆیی و سامان پێدانی پڕۆسه‌ی په‌نادانی په‌نابه‌ران بۆ دابین کردنی هه‌لومه‌رجی پێویست له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان داوه‌.

هه‌ر سێ سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌شیان ده‌ربڕیوه‌ که‌ چوارچێوه‌ی دانووستانی ئه‌ستانه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانی بوونه‌ته‌ ئامێرێکی کاریگه‌ر بۆ یارمه‌تی‌دانی پڕۆسه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ سووریا.

هه‌روه‌هاش هه‌ر سێ سه‌رۆک کۆمار بڕیاریان داوه‌ ئێران، ڕووسیا و تورکیا به‌رده‌وام درێژه‌ به‌ داکۆکییه‌کانی خۆیان بده‌ن تاوه‌کوو له‌ دابه‌زینی توندئاژۆیی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆر دڵنیا ببنه‌وه‌.

هه‌ر سێ لایه‌ن ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی سووریا بده‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یه‌کڕیزیی وڵات و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌ ده‌ره‌چه‌یێکی سیاسی بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌م قه‌یرانه‌ له‌ ڕێگای پڕۆسه‌یێکی سووری- سووریی ئازاد و شه‌فافه‌وه‌ که‌ ببێته‌ هۆی داڕشتنی ده‌ستوورێکی پاڵپشتی‌کراوی جه‌ماوه‌ری سووریا و هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دادوه‌رانه‌ به‌ به‌شداریی تێکڕای خه‌ڵکی سووریا که‌ مه‌رجی پێویستیان بۆ ده‌نگدان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ چاودێریی کاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان.

سه‌رۆکانی هه‌ر سێ وڵات جه‌ختیان له‌سه‌ر ئیلتیزامی خۆیان بۆ سه‌روه‌ری و یه‌کڕیزی و سه‌ربه‌خۆییی سووریا کردووه‌ته‌وه‌ و ڕایان‌گه‌یاندووه‌: به‌ هیچ له‌ونێک پێکهێنانی ناوچه‌ی ئارام که‌ ئاماژه‌ی پێدرا نابێت سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کڕیزیی کۆماری عه‌ره‌بیی سووریا لاواز بکات.

سه‌رۆک کۆمارانی هه‌ر سێ وڵات داوایان له‌ نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی کۆماری عه‌ره‌بیی سووریا و تێکڕای دژبه‌ران کرد له‌ کۆنگره‌ی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریا که‌ به‌م زووانه‌ له‌ سووچی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌ شێوازێکی سازنده‌ به‌شداری بکه‌ن. هه‌روه‌هاش ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چالاکانه‌ ئاسانکاری بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ بکه‌ن. ئێران، ڕووسیا و تورکیا سه‌باره‌ت به‌ به‌شداربوانی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ ڕاوێژ ده‌که‌ن و ڕێک ده‌که‌ون.

هه‌ر سێ سه‌رۆک کۆمار جه‌ختیان کرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیی ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی خێرا و هێمن بۆ یارمه‌تیی مرۆڤدۆستانه‌ و زه‌رووره‌تی ئه‌نجامدانی کاروباری پێویست له‌لایه‌ن سوورییه‌کانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت ئازاد کردنی ده‌ست به‌ سه‌ر کراوان و ڕاده‌ست کردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌کان و هه‌روه‌هاش ناسینه‌وه‌ بزربوان به‌ مه‌به‌ستی پێکهێنانی هه‌لومه‌رجێکی باشتر بۆ پڕۆسه‌ی سیاسی و به‌رده‌وام بوونی ئاگربڕ.

هه‌ر سێ لایه‌ن داوایان له‌ ئه‌ندامانی لایه‌نگری کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی کرد له‌پێناو که‌م کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌کان و جێگیر کردنی سه‌قامگیری له‌ سووریا به‌ تایبه‌ت به‌ ناردنی یارمه‌تیی زیاتر بۆ خه‌ڵکی سڤیلی سووریا و ئاسانکاری کردن بۆ سڕینه‌وه‌ی مینه‌کان، پاراستنی میراتی کۆنینه‌ و مێژوویی و دووباره‌ چێکردنه‌وه‌ی ژێرخانی بنه‌ماکی به‌ تایبه‌ت له‌ ڕه‌هه‌ندی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ پاڵپشتی بکه‌ن.

هه‌ر سێ سه‌رۆک کۆمار هیوای ئه‌وه‌شیان خواست پێشکه‌وتن له‌ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریا له‌ ڕێگای هاوکاریی نێوان ئێران، ڕووسیا و تورکیاوه‌ لێکه‌وته‌یێکی ئیجابی بۆ باشتر کردنی هه‌لومه‌رجی گشتیی ناوچه‌که‌ هه‌بێت و مه‌ترسی، ناکۆکیی قه‌ومی و عه‌شیره‌یی که‌م بکاته‌وه‌.

هه‌ر سێ سه‌رۆک کۆمار بڕیاریان دا جارێکی‌تر ئه‌گه‌ر پێویست بوو دیدار بکه‌نه‌وه‌.

دوو سه‌رۆک کۆماری ئێران و تورکیا سپاسی ڤیلادیمیر پووتن سه‌رۆک کۆماری ڕووسیایان کرد که‌ ئه‌رکی میواندارێتیی ئه‌و دیداره‌ سێ قۆڵییه‌ی له‌ سووچی وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه