22:43 PM   IRAQ
SATURDAY, 21 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   زەریف بەرەو نیۆرک بەڕێکەوت
THURSDAY, 12 SEPTEMBER 2019 - 09:27
کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم: له‌ داهاتوودا گازی سروشتیی هه‌رێمی کوردستان هه‌نارده‌ی تورکیا ده‌کرێت

به‌شی جیهان- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم گوتی: پێده‌چێت له‌ داهاتوودا گازی سروشتیی هه‌رێمی کوردستان هه‌نارده‌ی تورکیا بکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم و داناغازی ئیمارات دوو کۆمپانیای چالاک و سه‌ره‌کین له‌ بواری ده‌رهێنانی گازی سروشتی له‌ هه‌رێمی کوردستان. ئه‌م دوو کۆمپانیا له‌ دوو کێڵگه‌ی گازیی خۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ ته‌رکیزیان له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی کردووه ‌بۆ دابین‌کردنی پێداویستیی ناوخۆی هه‌رێم و دواتر عێراق و تورکیا.

مه‌جید جه‌عفه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم به‌ هه‌واڵده‌ریی بلوومبێرگی ڕاگه‌یاند: له‌ ئێستادا کۆمپانیاکه‌مان ڕۆژانه‌ 400 ملیۆن فووتی سێجا گازی سروشتی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و پلانداڕێژیمان کردووه‌ که‌ له‌ داهاتوودا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ بۆ 900 ملیۆن فووتی سێجا به‌رز بکه‌ینه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کرسنت پترۆلیۆم باسی له‌وه‌ کرد که‌ پێده‌چێت کۆمپانیاکه‌مان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی داهاتوودا ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتیی هه‌رێمی کوردستان بگه‌یێنێته‌ ڕۆژانه‌ 1 ملیۆن فووتی سێجا.

ناوبراو یه‌ک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی چالاکیی کۆمپانیاکه‌یان له‌ هه‌رێمی کوردستانی به‌ پڕسوودبوونی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی زانی به‌ڵام گوتیشی: هه‌ندێک کێشه‌ وه‌ک به‌رده‌وامیی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا، کێشه‌ی ئه‌منی و دواکه‌وتنی حه‌قده‌سته‌کان له‌لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ له‌ئارادایه‌.

مه‌جید جه‌عفه‌ر له‌باره‌ی بازاڕی به‌کارهێنه‌رانی گازی سروشتی به‌رهه‌مهێنراو له‌ هه‌رێمی کوردستان زیادی کرد: هه‌رێمی کوردستان بازاڕێکی ناوخۆییی گه‌وره‌ی بۆ به‌کارهێنانی گازی سروشتی هه‌یه‌ چوونکه‌ هێزگه هه‌ره‌گه‌وره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ گازی سروشتی کار ده‌که‌ن و پێداویستی‌تریش بۆ به‌کارهێنانی گازی سروشتی له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌.

ناوبراو باسی له‌ ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی گازی سروشتی بۆ به‌کارهێنانی پارێزگاکانی عێراق و دراوسێکانی هه‌رێمی کوردستان له‌ داهاتوودا کرد.

به‌ڕێوه‌به‌ری کرسنت پترۆلیۆم جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ری هه‌نارده‌کردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا له‌ داهاتوودا هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا فوکووسمان له‌سه‌ر دابین‌کردنی پێداویستیی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستانه‌.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه