22:24 PM   IRAQ
FRIDAY, 20 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   زەریف بەرەو نیۆرک بەڕێکەوت
MONDAY, 9 SEPTEMBER 2019 - 09:57
کوردپرێس لە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرێکی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی دەکات:
دەستنیشان کردنی مەرجەعی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و داهاتووی کۆمەڵی ئیسلامی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەبدولسەتار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەدیمانەیێکدا لەگەڵ کوردپرێس ڕایگەیاند بە بۆنەی بوونی ناوەندە حکوومییەکان چیدی پێویستمان بە پێکهێنانی ناوەندی سیاسی نییە و ئاماژەشی بە سڕینەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی حزبەکەی کرد و چەند بابەتەی دیکەی لێکدایەوە.

کوردپرێس: لەنێوان حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی 2018ی هەرێمی کوردستان، پێگەی پێشووی خۆی پاراست و بە 7 کورسییەوە لە سەرووی هەموو حزبە ئیسلامییەکانەوە وەستا. کۆمەڵی ئیسلامی کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە تایبەت پاش ڕیفراندۆمی 2017 و ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبری هەمان ساڵ، حزبە دەسەڵاتدارەکان و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانی کردە ئامانجی ڕەخنە و هێرشی میدیای، پاش دەستپێکردنی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بڕیاری کۆتایی خۆی بۆ بەشداری لە حکوومەت یا چالاکی نواندن وەکوو ئۆپۆزیسیۆن بە گۆڕانکارییەکان و پڕ‌ۆسەی بەرەوپێشچوونی دانووستانەکان بەستەوە، لە کۆتایدا بەو بۆنەوە کە پارتی دیموکرات وەکوو حزبی سەرکەوتوو و بەرپرسی پێکهێنانی حکوومەت هیچ گفتوگۆیێکی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی ئەنجام نەدا، کۆمەڵ ڕێگای ئۆپۆزیسیۆن بوونی هەڵبژارد و جەختی لە چاودێریی کردنی کابینەی نۆیەم لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا کردەوە.

ئاژانسی کوردپرێس لە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولسەتار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان و وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان پرسە ڕۆژەڤەکانی هەرێمی کوردستان و بابەتەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵی ئیسلامیی تاوتوێ کردووە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: بابەتی ڕۆژەڤی ئەم ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان پرسی پێکهێنانی ئەنجومەنێک بۆ حزبەکانە وەکوو ئەنجومەنی ڕاوێژکاری بووە، ڕاوبۆچوونی ئێوە بۆ دامەزراندنی ئاوا ئەنجومەنێک بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەعی سیاسی چییە؟

عەبدولسەتار مەجید: ئێمە وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی هەتاکوو ئێستە بە شێوەی فەرمی ئەم بابەتەمان تاوتوێ نەرکردووە و هەر لە ڕاگەیاندنەکان بیستوومانە و تا ئەو کاتەی چوارچێوە و بەرنامەی ئەم ئەنجومەنە بۆمان دەرنەکەوێت ناتوانین قسەی لەسەر بکەین، بەڵام بە ڕای شەخسیی خۆم هەرێمی کوردستان کە ئێمە تیایدا دەژین و نزیکەی شەش ملیۆن کەسین و حکوومەتمان هەیە و پەرلەمانمان هەیە و سەرۆکی هەرێممان هەیە، دروست کردنی هەر شتێکی تر جگە لەو موئەسساتە و دامەزراوانە بە زیاد دەزانم و پێویست نییە دابمەزرێن.

کوردپرێس: ئەولەویتەکانی کۆمەڵی ئیسلامی لەم قۆناغەدا و لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا بەتایبەت لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر چییە؟

عەبدولسەتار مەجید: ئەوەی کە بەلای ئێمەوە وەکوو فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی گرینگە و کاری لەسەر دەکەین بریتییە لەوەی کە ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی هەرێمی کوردستانمان داوە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پێبەند بین پێیان کە خزمەت کردن بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بوو کە مووچە خۆران و خاوەن پێداویستیی تایبەت دەگرێتەوە، دووەم ئەمەیە کە ئێمە کاری خۆمان چڕ دەکەینەوە لەسەر چاودێری کردنی حکوومەت و لێپرسینەوە لە دامودەزگاکانی حکوومەت. بەداوداچوون بۆ کارەکانی حکوومەت و چۆنییەتیی جێبەجێ کردنی ئەو بەرنامەیە کە حکوومەت لە پەرلەمان خوێندوویەتەوە و لە هەمان کاتدا چاودێری کردنی وەزارەتەکان بەپێی بەنامەی کاریی وەزارەتەکان بەشێکی دیکە لە ئەرکەکانی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامین.

کوردپرێس: کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی وەکوو دوو لایەنی ئیسلامیی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن ئایا ئێوە بەرنامەیێکتان بۆ کاری پێکەوەیی هەیە؟

عەبدولسەتار مەجید: بەڵێ ئێمە هەندێک گفتوگۆی سەرەتاییمان دەست پێکردووە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی نەوەی نوێ و لەگەڵ حزبی شیوعی، ئێمە ئامادەین لەم خولی پەرلەمانەدا بەلانی کەم هەماهەنگیمان هەبێت پێکەوە بۆ پڕۆژەی هاوبەش و بۆ هەندێک کاری هاوبەش کە ڕەهەندی ئۆپۆزیسیۆنییان هەیە و تەنها لایەنی ئیسلامیی ناگرێتەوە بەڵکوو دیکەی حزبەکانیش تێیدا بەشدارن.

کوردپرێس: بۆچی لایەنە ئیسلامییەکان سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دانیشتن و گفتوگۆیان هەبوو نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ کاری پێکەوەیی؟

عەبدولسەتار مەجید: ئەم بابەتە لە کاتی خۆیدا زۆر باس کراوە و من حەز ناکەم بچمەوە ناو وردەکارییەکانی بەڵام لای ئێمەوە گرینگ ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا بۆچوونەکانمان زۆر لەیەکتر نزیک بووەتەوە و قەراریشمان داوە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو کە هەماهەنگیی تەواومان هەبێت بۆ پشتگیری کردنی پڕۆژەکانی یەکتر و هەماهەنگیمام هەبێت پێش کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ ئەوەی کە هەوڵ بدەین هەڵویستی هاوبەشمان هەبێت و گفتوگۆمان بەردەوام ببێت بۆ قۆناغی ئایەندە تا دۆزینەوەی چوارچێوەیێکی ئۆپۆزیسیۆن بوون بە شێوەیێکی گشتی لە هەرێمی کوردستان کە خواستی خەڵک و جەماوەری هەرێمی کوردستانیشە و خەڵکیش پێی خۆش دەبێت و پاڵپشتی زیاتری دەکات.

کوردپرێس: بڕیارە کۆمەڵ بەرەو کۆنگرەی چوارەم بچێت، لەم قۆناغەدا ئەم کۆنگرەیە چ تایبەتمەندیهایێکی دەبێت و دەتوانێت چ گۆڕانکارییێک بکات؟

عەبدولسەتار مەجید: کۆنگرە بەپێی پەیڕەوی کۆمەڵی ئیسلامی چوار ساڵ جارێک دەبەسترێت و ئەمە کارێکی پەیڕەوییە کە دەیکەین و پاشان هەمیشە کۆنگرە و کۆنفرانسەکان بۆ نوێ بوونەوەی حزب و ڕێکخراوەکانە و بۆ پڕکڕدنەوەی ئەو کەلێن و کەموکوڕیانەیە کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا دروست بووە لە کاری سیاسی و حزبی جەماوەری، دیارە ئەو پەیڕەوەی نێوخۆی کۆمەڵی ئیسلامی کە چوار ساڵ پێش پەسەند کراوە و ئەو بەرنامە سیاسییە کە چوار ساڵ پێش پەسەند کراوە ئێمە پێمان وایە ئەو بڕیارانە بەپێ ئامانج و واقیعەی ئەو کاتە پەسەند کراوە و ئێستا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و پێویستە بەپێی هەلومەرج و بارودۆخ و واقیعەکان بگۆڕدرێت و لە هەمان کاتدا هەموو ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی مافی ئەوەیان ببێت کە کێ لە چوار ساڵی ئایندەدا سەرکردایەتییان بکات واتا هەڵبژادرنی سەرکردایەتی لە کۆنگرەدا بەڕێوە دەچێت.

ئێمە بەو ئاراستەدا کار دەکەین چ لە ڕووی پەیڕەو و چ لە ڕووی بەرنامەی سیاسی کە کۆمەڵی ئیسلامی فراوانتر بێت و هەروەها بیر و کارەکانی فراوانتر و گەورەتر بێت و زیاتر بە جەماوەری بکرێت و پڕۆژەکەی وابێت کە دەروازەیێک فراوان بۆ جەماوەری هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

کوردپرێس: لەسەروبەندی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا باس و خواس و موناقیشەیێک لەنێو کۆمەڵ هاتۆتە ئاراوە، هەڵگرتنی پاشگری ئیسلامی لەسەر ناوی کۆمەڵ کە سەرەتا خودی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ ئەم بابەتە هێنایە ئاراوە، ئێوە پێش بینی دەکەن لە کۆنگرەکەدا ئەم بابەتە جێبەجێ بکرێت؟

عەبدولسەتار مەجید: ئەم پرسە بۆ کۆنگرە دەمێنێتەوە کە ئایا سەردەگرێت یان نا ناوی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەیڕەودا هاتووە ئەویش بابەتێکە بۆ گفتوگۆ کردن و موناقیشە کردن لە کۆنگرەدا وەکوو باس و بڕگەکانی دیکەی پەیڕەو، ئایا پاشگری ئیسلامیی دەمێنێت یان نا ئەو بڕیارێکە کە کۆنگرە دەیدا بەڵام ئەمن بۆ خۆم پێم وایە کە پاشگری ئیسلامی لەبەر ئەوەی کە ئێمە کۆمەڵگایێکی موحافیزکارین بەڕاستی و زەمینەسازی کەمتر بۆ ئەوە کراوە کە کاتێک ئێمە پاشگری ئیسلامی لاببەین دین خاو کردنەوە و دین کول کردنەوە و بەمانای بێ دینی نییە بە ڕاستی، بەڵام دەتوانێت دەروازەیێکی فراوان بکاتەوە بە ڕووی خەڵکی جەماوەردا.

ئێستا لە ناوخۆی کۆمەڵی ئیسلامی و لە دەرەوەی کۆمەڵی ئیسلامی خەڵکێک هەن کە دژی ئەم بۆچوونەن. بەڵام ئێمە ناوەڕۆکمان پێ گرینگە نەک ناو، گرینگ ئەمەیە کە ئێمە ناوەڕۆکی خۆمان چاکتر بکەین و هەڵویستەکانمان چاکتر بکەین و بە کردەیی ئێمە زیاتر بە ڕووی خەڵکی جەماوەردا درکەکانمان بکەینەوە. کە واتا ئێمە ئەوەمان بەلاوە گرینگترە نەک ناو گۆڕین و هەر کاتێکیش ناو گۆڕین ببێتە مایەی ئەوەی کە خەڵک زیاتر پێی دڵخۆش بێت و خەڵک زیاتر پشتیوانی و پشتگیری بکات ئەوەمان بەلاوە ئاسانە.

کوردپرێس: وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە ئایا ئێوە ئەندامتان هەیە و ئاگارداری بابەتەکە هەن و ئەم سەردانە چ کاریگەریێکی لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە؟

عەبدولسەتار مەجید: وەفدێکی پەرلەمان دەعوەت کراوە بۆ بەغدا و ئەندامی ئێمەشی تێدایە، پێم وایە زیاتر بۆ بەشداری کردنە لە کۆنفرانسێکدا کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتیی دەکات. بڕوا ناکەم ئەم وەفدە گفتوگۆ لەسەر پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بکات.

 

دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

 

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه