03:22 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 24 OCTOBER 2018
 به په‌له |◀   پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان یەک ساڵ پاش ڕیفراندۆم
هێمن هەورامی:
پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد دەبێ، بەڵام مەرج نییە بدرێتە یەکێتی

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هێمن هەورامی دەڵێت: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد دەبێ، بەڵام مەرج نییە بدرێتە یەکێتی. ئارێز عەبدوڵڵاش دەڵێت: بۆ كورد باشترە ئەو پۆستە لای یەكێتی بمێنێتەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشداریی کردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)  رای‌گەیاند: بەدڵنیاییەوە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد دەبێت، بەڵام مەرج نییە لە  نێو کورددا بۆ یەکێتی بێت.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: بۆ لایەنی كوردستانی باشترە پۆستی سەرۆك كۆمار لە لای یەكێتی بمێنێتەوە. "پێشتر ئەو پۆستەی لەلای یەكێتی بوووە لەو بارەوە ئەزموونێكی باشمان هەیە. بەڵام ئەو پۆستە ‌و پۆستەكانی دیكەش دەبێت بە رێككەوتنی هەموو لایەنە براوەكان بێت".

ئەو ئەندام سەركردایەتییەی یەكێتی دەخوازێ‌ سەرجەم لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن پێكەوە بڕۆنە بەغدا بۆ گفتوگۆكردنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ‌و دەشڵێت: "بەڵام دەبێت لە كوردستانیش زەمینەسازی بۆ ئەو كۆدەنگییە دروست بێت ‌و گوێ‌ لە هەموو دەنگە جیاوازەكان بگرێت، ناكرێت لە بەغدا داوای یەكڕیزیی بكرێت، بەڵام لە كوردستان زەمینەسازی بۆ ئەو یەكڕیزییە نەبێت، ئەگەر بێتە سەر ناڕازی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ئێمەش قسەی خۆمان هەیە، بەڵام یەک دەنگی كورد لە بەغدا زۆر پێویستە".

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 12-5-2018ی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمە و تاوەكو ئێستا 26 بۆ 27 كورسی مسۆگەر كردوووە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە دەستەبەركردنی 17 كورسی پلەی دووەمی هێناوە، بەڵام شەش لایەنی كوردستانی (گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوەی ئیسلامی و شیوعی) تاوەكو ئێستا ئەو ئەنجامانە رەت دەكەنەوە‌ و جەخت لەوە دەكەنەوە لە هەڵبژاردنەكەدا ساختەكاری كراوە.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه