22:23 PM   IRAQ
TUESDAY, 10 DECEMBER 2019
 به په‌له |◀   لە ڕەشنووسی بودجەی 2020ی ئەمەریکادا جەخت لە سزادانی تورکیا کراوەتەوە
FRIDAY, 19 JULY 2019 - 16:40
گفتوگۆی کوردپرێس لەگەڵ سەرکەوت شەمسەدین نوێنەری پەرلەمانی عێراق:
لێکەوتەکانی کێشمەکێشی نێوماڵی بارزانییەکان لەسەر ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکەوت شەمسەدین نوێنەری پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیێکدا لەگەڵ کوردپرێس وێڕای شیکردنەوەی ڕووداوی هێرش کردنەسەر دیپلۆماتە تورکەکان لە هەولێر لەباەری لێکەوتەکانی هێرشەکە و کاریگەریی کێشمەکێشی نێوماڵی بارزانییەکان لەسەر ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات.

کوردپرێس: تەقە کردن لە دیپلۆماتە تورکەکان لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکانی شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 17ی جووڵای 2019 کە بوو بە هۆی کوژران سێ کەس لەوان جێگری کونسۆڵی تورکیا ڕووداوێک بوو کە ئاقاری سیاسیی هەرێمی کوردستانی پاش هێور بوونی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ تووشی گرفتێکی جیاواز کرد. تەقەکردن لە دەستەی دیپلۆماتکارانی بیانی ئەوەش دیپلۆماتکارانی خەڵکی وڵاتی تورکیا کە پێوەندیی سیاسی، ئابووری و ئەمنیەتیی پێچەڵاوپێچێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە شارێک وەکوو هەولێر و ڕێستۆرانتی تایبەت بە دیپلۆماتەکان ئاڵۆز بوونی بابەتەکە زیاتر دەکاتەوە.

لەلایێکی دیکەوە بوونی برازای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شوێنی ڕووداوەکەدا و ڕاپۆرتی هەندێک لە میدیاکان لەبارەی تێوەگلانی ناوبراو بە ڕووداوەکەوە لەحاڵێکدا کە پەکەکە پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئەو هێرشەدا ڕەت کردەوە پرسیاری زۆر لەبارەی هێرشەکە دێنێتە ئاراوە.

چۆنییەتی ڕووداوەکەی هەولێر و لێکەوتە سیاسییەکانی ئەم ڕووداوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەگەری تێوەگلانی حزبێکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەو ڕووداوەوە و ئەوەی کە چ کەس یاکەسانێک سوودمەند یا زیانمەندی ڕووداوەکەن تەوەرە سەرەکییەکانی دیمانەی کوردپرێس-ە لەگەڵ سەرکەوت شەمسەدین نوێنەری پەرلەمانی عێراق کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

گرنگایەتیی شەفافیەت لە دۆسیەی هێرش کردنەسەر دیپلۆماتکارانی تورک لە هەولێر

سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی تەقەکردن لە دیپلۆماتکارە تورکەکان لە هەولێر و لێکەوتەکانی ڕووداوەکە بە کوردپرێسی وت: باش دەزانین کە تەقە کردن و کوشتن و ڕووداوی تیرۆریستی لە دونیای ئەمڕۆدا ئاساییە و ڕووئەدات، ئەمە تایبەت نییە بە هەولێرەوە. بەڵام ئەوەی کە تایبەتە بە هەولێرەوە و خەڵک چاوەڕوانیی لێیە و خۆمیش وەکوو تاکێک ڕەخنەم لێیە نەبوونی شەفافیەت لە تەحقیقاتەکانە و پەردەپۆش کردنی حەقیقەتی ڕووداوەکانە لەلایەن هێزی ئاسایش و ئەمنییەوە، ئێمە ناتوانین متمانە بکەین کە نەتیجەی لێکۆڵینەوەکان نەتیجەیێکی شەفاف ئەبن سەبەبی سەرەکیی ئەم ڕووداوەمان بۆ ئاشکرا بکرێت و سیاسی نەکرێتەوە.

مەترسیدار بوونی لێکەوتە سیاسییەکانی هێرش بۆ سەر دیپلۆماتکاران

جگەلەوەی کە ئەم ڕووداوە مەترسیدار ئەبێت و کاریگەریی دیپلۆماسی نەرێنی دەبێت لەسەر ڕای سیاسی نێوان عێراق و تورکیا و و هەروەها نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا. سەلامەتی گیانی دیپلۆماتکاران بەشێوەیێکی عام و دیپلۆماتکارانی ئەورووپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێ لە هەولێر کە ئەمەش مەترسییێکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئەگەر بە شێوەیێکی شەفاف پێمان نەڵێن ڕووداوەکە چی بووە لێکەوتە نەرێنییەکانی زۆر مەترسیدار دەبن.

تۆمەتبار کردنی برازاکەی نێچیرڤان بارزانی و لێکەوتە ئەمنییەکانی کێشە نێوحزبییەکان

تەنها یەک ڕۆژ پاش تەقەکردن لە هەولێر و کوژرانی دیپلۆماتە تورکەکان لە حاڵێکدا کە دیار دنیز بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەکەکە هەر چەشنە پێوەندیی پەکەکەی لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا ڕەت کردەوە ژمارەیێک لە میدیا نافەرمییەکان بەبێ هیچ بەڵگەیێک مەتین دلۆڤان بارزانی برازاکەی نێچیرڤان بارزانی؛ بە هۆکاری کوژرانی دیپلۆماتکارە تورکەکان دەناسێنن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە مەتین بارزانی ئاگای لە بوونی دیپلۆماتکارە تورکەکان لە ڕێستۆرانتەکەدا نەبووە و پاش دەمەقاڵێ لەگەڵ چەند کەسی دیکەدا تەقەی کردووە و دوو کارمەندی کونسۆڵخانەی تورکیا کوژراون و ناوبراو هەڵاتووە. سەرەڕای بەیاننامەی فەرمیی مەتین بارزانی و ڕەت کردنەوەی ئەو هەواڵە بەڵام میدیا نافەرمییەکان هێشتا باسی تێوەگلانی ناوبراو بەئەم ڕووداوەوە دەکەن.

سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی ئەگەری پێوەندیی نێوان هێرش بۆ سەر دیپلۆماتە تورکەکان و کێشە ناوحزبییەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: بۆیە من تەئکیدم لەسەر لێکۆڵینەوەکە کردەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەساسی سیاسیی پێش ڕووداوەکان نەکەوین و لێکۆڵینەوەیێکی عێراقی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکەوە بتوانن لێکۆڵینەوەیێکی بێ لایەن بکەن چوونکە لە ڕاستیدا ناکۆکیی نێوان هەردوو باڵەکەی پارتی واتا نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی ناکۆکییێکی ڕوونە و ئێستا کەس ناتوانێت بیشارێتەوە.

کێشمەکێشی مەلەفی ئەمنی و مەلەفی حکوومەت مەلەفی نەوت و ئیدارەدانی عیلاقات لەگەڵ بەغدا توندە و ئەو ململانێیە کاریگەری نەرێنی بووە و بۆشایی ئەمنی دروست کردووە. ئەو فەراغە ئەمنییە ماوەی پێشوو پێشبینی کرابوو و تەئسیراتی دەبێت لەسەر مەلەفی ئەمنی بۆ نموونە ئەڵێم ئەنجومەنی ئاسایش بێ ساحێبە، لە ڕاستیدا بەپێی یاسا سەربە هەرێمی کوردستانە و بە سەرۆکایەتیی هەرێمە، بەڵام ئێستا هیچ هەماهەنگییێک و تەلفیقێکیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمدا نییە تەنانەت سەرۆکایەتیی هەرێم ئاگای لە جموجووڵەکانیان نییە و ئاگاری لە بەیاننامەکانیشیان نییە.

ناوبراو درێژەی دا واتا شڵەژانێک ڕوویداوە بە هۆی سیراعی نێوان ئەو دوو کەسە و ئەو دووباڵەوە. ئەمە تەئسیراتی لەسەر ئەمنییەت و تەنانەت لەسەر تەحیقیقاتەکانیش هەیە کە چاوەڕوانکراوە. بەڵام لەبارەی بوونی مەتین بارزانی؛ خۆی لە فەسیبووکەکەی خۆیدا دەڵێت من لەوێ بووم و ئەمە پێویستی بە بەڵگەی زیاتر و قسەکردن نییە خۆی لەوێ بووە بەڵام ئایا تا چەندە تێوەگلاوە لە حەدەسەکە و تا چەنێک بەشدار بووە و تا چەندە ئەو یەکێک بووە لەو ڕووداوە ئەمە دەبێت بەڵگەمان دەست کەوێت و ئەبێت کامێراکانی موراقیبە بیخەنە ڕوو و ئەبێت تەحقیقێکی میهەنیی بێ لایەن بکرێت بۆ ئەوەی دەرکەوێت کە ئایا وجوودی مەتین بارزانی پێوەندیی بە ڕووداوەکەوە هەیە یان نییەتی.

ج کەسێک سوود لە ڕووداوەکەی هەولێر دەبینێت؟

ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی هەڵکەوتەی سیاسیی تایبەت و بوونی ئەکتەرانی سیاسیی ناوخۆی و بیانی بە بەرژەوەندیی جیاوازەوە، ڕەهەندی پێچەڵاوپێچی لێدەکەوێتەوە. لەم قۆناخەدا گرژتر بوونی باری سیاسی و سەربازیی نێوان پەکەکە و تورکیا و لە لایێکی دیکەوە کێشمەکێشی سیاسی نێو حزب و ڕەوتەکان لە هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی کاردانەوەکان لە هەولێر و سلێمانی و قەندیل و ئەنقەرە بە هەواڵی هێرشەکەی هەولێر تاوتوێ کردنی ئەم ڕووداوەی دژوارتر کردۆتەوە. سەرکەوت شەمسەدین لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە چ کەسێک سوودمەندی هێرشەکەیە دەڵێت: لە ڕاستیدا هەر زەرەر گەیاندنێک بە عیلاقاتی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران و تورکیا زەرەرەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

ڕەنگە حزبێکی دیاریکراو یا کەسایەتییێک یان باڵێکی سیاسیی جەناحێکی حزبێک هەبێت سوود لەم سیراعانە ببینێت بەڵام هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکین تیایدا بەڵام دیارە هەر کەسێک و هەر لایەنێک بیەوێ بەرژەوەندیی لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت ئەکرێت سوود لەم حادیسانە ببینێت، ئەوە ئێمەین وەکوو هەرێمی کوردستان و موئەسساتی هەرێم کوردستان دەبێت ڕێگە نەدەین کەس سوود لەم حادیسانە ببینێت و بە زەرەری هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بشکێتەوە.

کاریگەریی ڕووداوەکەی هەولێر لەسەر پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا

سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی ئەگەری کاریگەریی ڕووداوەکەی هەولێر لەسەر پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان دەڵێت: تا ئێستا شتێکی ئەوتۆ دیار نییە کە کاریگەریی نەرێنیی هەبووبێت. ئەگەر بە ئاراستەی تردا نەبرێت و لێکۆڵینەوەکە بە سیاسی نەکرێت و بە شێوەیێکی میهەنی بکرێت و ئەو کەسەی تۆمەتبار بووە لەو حادیسەدا دەستگیر بکرێت و ڕادەستی قەزا بکرێت ڕەنگە نەبێت بەهۆی ئاڵۆز بوونی زیاتر بەڵام ئەگەر هەوڵ هەبێت بۆ پەردەپۆش کردنی و بۆ شاردنەوەی ڕەنگە وابکات کە نەک هەر تورکیا بەڵکوو ئێران و وڵاتانی دیکەش نەتوانن وەکوو پێویست متمانە بە ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەگەری تێوەگلانی پەکەکە بە هێرش کردنە سەر دیپێۆماتکارانی تورک لە هەولێر

لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا پارتی کرێکارانی کوردستان هەواڵی کوژرانی چەند کەس لە سەرکردە و ئەندامانی پارتەکەی بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە ڕاگەیاندووە و پێشتریش جەختی لە تۆڵەکردنەوە لە بکوژانی ئەندامەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان کردبووەوە. لە ڕووداوەکەی هەولێریشدا هەرچەند کە بە فەرمی پەکەکە تێوەگلانی بە ڕووداوەکەوە ڕەت کردەوە بەڵام هێشتایش وەکوو تۆمەتبارێک دێتە ئەژمار.

سەرکەوت شەمسەدین لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایا ئەگەری تێوەگلانی پەکەکە بە هێرشەکەوە هەیە و تەنها بە بۆنەی لێکەوتە نەرێنییەکانییەوە ڕەتی دەکاتەوە، ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا بابەتەکە ئەمەیە کە بەشێوەی فەرمی ئەم ڕووداوە لەلایەن پەکەکەوە ڕەت کراوەتەوە و دەڵێت ئێمە نەبووین، پەکەکە بەمەوە ناسراوە کە کاتێک کارێک دەکات دەڵێت ئێمە بووین و حاشای لێناکات و سرووشتی کار کردنی پەکەکە وایە بەڵام پێش ئەوەی کە پەکەکە یان هەرکەسێکی دیکە تۆمەتبار بکرێت دیسانەوە ئەیڵێمەوە ئەبێت تەحقیقێکی میهەنی بکرێت تاوەکوو ئەوەی بەدوور لە دەستوەردانی سیاسی بەڵگەکان بخرێنە ڕوو بۆ ئەوەی کە دڵنیا بین کە کێ لە پشتی ئەم ڕووداوەدایە و بەپێی ئەو ئەساسە ئێمە مەوقیف وەربگرین.

کەوابوو ناتوانین لە ئێستاوە بڵێین پەکەکە ئەم کارەی کردووە یان نەیکردووە. بەڵام وازیح ئەمەیە کە پەکەکە و تورکیا لە ڕووبەڕووبوونەوەیێکی عەسکەریدان و چاوەڕوان کراوە کە ئەو دوو لایەنە لە هەر شوێنێکدا ببێت زەرەر بە یەکتر بگەیێنن. بەڵام ئەم بابەتەی هەولێر هەتاکوو ئێستا ناتوانین لەسەر پەکەکەی ڕاست بکەینەوە تاوەکوو لێکۆڵینەوەکان بە تەواوێتی ڕوون نەکرێنەوە.

دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه