10:52 PM   IRAQ
FRIDAY, 23 AUGUST 2019
 به په‌له |◀   لێکۆڵینەوەی ورد بۆ تەقینەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لە عێراق دەکرێت
FRIDAY, 19 JULY 2019 - 07:13
سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان:
بۆچی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌ستپێکی قۆناخێکی نوێدایه

بەشی جیهان- له‌ وتارێکدا که‌ له‌ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مریکی به‌ ناونیشانی "بۆچی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌ستپێکی قۆناخێکی نوێدایه" مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاندووه‌: "ده‌یانه‌وێت له‌ چوار ساڵی داهاتوو حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رووداوه‌ شۆکهێنه‌ره‌کانی ئه‌م دواییانه‌ تێپه‌ڕێنێت و ئاماده‌ییمان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی مسۆگه‌ر بکه‌ین و به‌ کورتیش ده‌مانه‌وێت سه‌ره‌تایێکی نوێ ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه‌".

کوردپرێس: له‌ وتاره‌که‌یدا، مه‌سروور بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت: "وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران رێگه‌یێکی جیاواز بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌کان ده‌خه‌مه‌ڕوو، که‌ پشت به‌ ده‌ستکه‌وته‌کانمان ده‌به‌ستێت و هه‌روه‌ها شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ داعش له‌ بری کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و تێچووی شه‌ڕه‌که‌، و بڕی بوودجه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، کۆچی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، چه‌ندین ملیار دۆلار قه‌رزیان بۆ به‌جێهێشتووین و وێڕای سه‌ختییه‌کانیش وه‌ک هاوڕێ و هاوپه‌یمانی رۆژئاوا ماینه‌وه‌ و زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌کانمان چه‌ندین هێرشی تیرۆریستی له‌ ده‌ره‌وه‌ پووچه‌ڵ کرده‌وه".

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی وتاره‌که‌یدا بارزانی رایگه‌یاندووه‌: "کۆمه‌ڵێک چاکسازی ده‌که‌م که‌ ته‌واوی که‌رت و لایه‌نه‌کانی خزمه‌تگوزاری بگرێته‌وه‌ و حکوومه‌ته‌که‌م ئابوورییێکی هه‌مه‌ چه‌شن بنیاد ده‌نێت، که‌ خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌مووان به‌دیده‌هێنێت و کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین حکوومه‌ت خزمه‌تی هاونیشتمانیان بکات، نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی".

هه‌روه‌ها بۆ رێکخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌نگاوی پێویست ده‌گرمه‌به‌ر که‌ له‌ ماوه‌ی شازده‌ ساڵی رابروو به‌رده‌وام گرژی هه‌بووه‌ و ئێستاش کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌یوه‌ندییێکی هاوسه‌نگمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت. هاوکات چاومان له‌ پاڵپشتی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و بۆ هاوکاریکردنمان له‌ بونیادنانی ئابووریدا.

ده‌قی وه‌رگێڕدراوی وتاره‌که‌ی مه‌سروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان  له‌ رۆژنامەی واشنتن پۆست

بۆچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی قوناخێکی نوێدایه‌

دوای 16 ساڵی ئاڵۆزیی و پشێوی و پێنج ساڵی جەنگێکی خوێناوی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە مەترسی خستە سەر تەواوی مرۆڤایەتی، قۆناخێکی نوێمان لە پێناو بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر دەست پێ کردووە.

چوار ساڵی داهاتوو، کاتێکی گرنگ دەبێت بۆ ئێمە و دراوسێ و هاوپەیمانەکانمان، بە جۆرێک وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاو دەبڕینه تێپەڕاندنی ڕووداوه شۆکهێنەرەکانی ئەم دواییانە، هەروەها کار بۆ پتەو کردنی پێگەکەمان له ناوچەکه و مسۆگەرکردنی بوون و ئامادەییمان لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەکەین. به کورتی، دەمانەوێت سەرەتاییێکی نوێ دەست پێ بکەینەوه.

هه‌فته‌ی رابردوو حکوومه‌تێکم بۆ بەڕێوەبردنی هه‌رێمی کوردستان پێکهێنا. ئه‌رکی من ئەوەیە، له‌ ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌دا، ئەو شێوازه‌ بگۆڕم که‌ کاره‌کانی پێ ئەنجام دەدەین. وەک سەرۆک وەزیران، رێگایێکی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان دەخەمەڕوو، که‌ پشت به‌ ده‌ستکه‌وته‌کانمان ده‌به‌ستێت و وه‌ڵامگۆی داینامیکییه‌تێکی جیهانی پێشکه‌وتووه‌.

شه‌ڕکردن له ‌دژی داعش، که‌ له‌بری کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕابه‌رایه‌تیمان کرد، له ‌ڕووی ئابوورییه‌وه زیانی پێ گه‌یاندین. بارگرانییەکە بە جۆرێک بوو به‌رگه‌ی ناگیرێت. تێچووی جه‌نگ و که‌مکردنه‌وه‌ی بڕی بوودجه‌ی فیدراڵی له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه‌ له‌ به‌غدا، هه‌روه‌ها کۆچی به‌ کۆمه‌ڵی په‌نابه‌ر و ئاواره‌کان بۆ هه‌رێمه‌که‌مان، هه‌موو ئه‌مانه‌، چەندین ملیار دۆلار قه‌رزیان بۆ جێ هێشتووین.

له‌ هەموو ئه‌و سه‌ختی و ئازارانه‌ی چه‌شتمان، وه‌ک هاوڕێ و هاوپه‌یمانی ڕۆژئاوا و هاوبه‌شێک له‌ ناوچه‌که‌دا ماینه‌وه‌. له‌و کاته‌ی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014ـدا، ده‌ستی به‌سه‌ر ڕووبه‌رێکی فراوان و به‌شێکی گه‌وره‌ی رۆژئاوای عێراق و رۆژهه‌ڵاتی سووریادا گرت، سەلماندمان، که‌ جه‌نگی ئێمه‌ له‌ دژی تیرۆریستان، به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ پاراستنی خۆمانه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندیی به‌ پاراستنی هاوپه‌یمانه‌کانمانه‌وه‌ هەیە.

زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌کانمان چه‌ندین هێرشی تیرۆریستیان له‌ وڵاتانی ده‌رەوه‌ پووچەڵ کردەوە، داڵده‌ی نزیکه‌ی ‌2 ملیۆن که‌سمان دا که‌ له‌ ده‌ستی سته‌م و زۆردارییه‌وه‌ ڕایان کردبوو. زۆر به‌ڕوونی نیازپاکیی خۆمان وه‌کوو هاووڵاتییێکی جیهانیی نیشاندا، ئه‌مه‌ جیا لە په‌نادان و پاراستنی عه‌ره‌ب، کورد، موسڵمان، ئێزدی، کریستیان، تورکمان و پێکهاته‌کانی تر. به ‌دووریی ته‌نیا 10 کیلۆمه‌تر له‌ باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان، ناوچەیێکی کریستییانه‌کان هەیە کە لە هه‌موو سووچێکی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستەوە هاتوون، کڵێسا درووست ده‌که‌ن و به‌ ئاشتی رێورەسمە ئایینییەکانیان بەجێ دەگەیەنن.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، تێچووی په‌نابه‌رانی دیکه‌ ‌روو له‌ زیادبوونه‌ و به‌ شێوه‌یێکی نیوه‌چڵ کۆمه‌ک ده‌کرێن. له‌م نێوه‌دا ناتوانین بە ته‌نیا وه‌ک خانه‌خوێی میواندۆست ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، به‌ڵکوو پێویستیمان به مسۆگه‌رکردنی ‌داهاتووی خۆمان و ئاواره‌کانه‌، بۆ ئه‌مه‌ش چاومان له هاوکاریی هه‌مه‌جۆری ‌دۆست و هاوڕێکانمانه‌ له ‌ڕۆژئاوا.

ئالنگارییەکان له ‌ناوخۆی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ‌ده‌ستپێده‌که‌ن، که بە ‌درێژایی مێژوو نیشتمانی ئێمه‌ بووه‌. وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران، به‌رمه‌بنای باشترین رێکار و رێوشوێنه‌ جیهانییه‌کان، کۆمەڵێک چاکسازی دەکەم که‌ ته‌واوی که‌رت و باڵه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان بگرێتەوە و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ بکاتەوە.

حکوومه‌ته‌که‌م ئابووریێکی هه‌مه‌چه‌شن بونیاد ده‌نێت، که‌ خۆشگوزه‌رانیی زیاتر بۆ هه‌مووان به‌دی بهێنێت. یاساگه‌لێک داده‌ڕێژین بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان پێگه‌یێکی سه‌رنجڕاکێشی هه‌بێت بۆ ڕاکێشانی وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان. هێزه‌ چه‌کداره‌کانمان ده‌که‌ینه‌ یه‌ک و رێکیان ده‌خه‌ینه‌وه‌ و نوێیان ده‌که‌ینه‌وه‌. کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌کان و چاره‌سه‌کردنی گه‌نده‌ڵیی، ببنه‌ زامنی ئه‌وه‌ی که‌ حکوومه‌ت خزمه‌تی هاونیشتمانیان بکات، نه‌ک ‌پێچه‌وانه‌وه‌که‌ی. بۆ ئه‌م گۆڕانکارییه‌ش، دۆستەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی له‌ رووی سیاسی و داراییه‌وە هاوکارمان بن.

بۆ دووباره‌ ریکخستنه‌وه‌ و راگرتنی ‌په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، که ‌له ‌ماوه‌ی 16 ساڵی رابردوو به‌رده‌وام له‌گرژیدا بووه‌، هه‌نگاوی پێویست ده‌گرمه‌به‌ر. زۆربه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌ شێوه‌یێکی سه‌ره‌کی، پشتمان به‌ خۆمان به‌ست، به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ عێراق ببڕین.

به‌ رێککه‌وتن پشکێکمان له‌ ‌بوودجه‌ی عێراق ‌به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت، به‌ڵام زۆر به‌ ده‌گمه‌ن ده‌رماڵه‌ و هەقە داراییه‌کانی دیکه‌مان به‌ ته‌واوی وه‌رگرتووه‌. ئێستا کاتی ‌ئه‌وه‌ هاتووه‌ هاوبه‌شی و پەیوەندییێکی بنیاتنه‌ر ‌و هاوسه‌نگ و سه‌قامگیرمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت.

وەک سەرۆک وەزیران، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقم کرد و به‌ ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کانی نێوانمان له‌ په‌یوه‌ست به‌ نه‌وت، ناوچە جێناکۆکەکان، بوودجه‌ و ڕۆڵی هێزه‌ چه‌کداره‌کانمان، کۆمه‌ڵیک پێشنیازم خستنه‌ روو.  ده‌مه‌وێ له‌ رێگای دابه‌ش کردنی هاوسه‌نگ و دادپه‌روه‌رانه‌ی بوودجەوه‌، رێز له‌ ڕێککه‌وتنه‌کانمان بگیرێت. ئه‌م بڕیاره‌ش ده‌توانێت بناغه‌یێکی پته‌وی هاوکاریی نێوانمان بێت بۆ ئایینده. دواڕۆژی ئێمه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ عێراقێکی سه‌قامگیر و دیموکرات.

ساڵی 2017، هه‌رێمی کوردستان ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامدا، ده‌نگدانه‌که‌ هیچ پابەندبوونێک یان مولزەم نەبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا 93%ی خه‌ڵک، به (‌به‌ڵێ) ده‌نگیان دا. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا بوو که‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌کرد، له‌ په‌یوه‌ست به‌ مافی بڕیاردانی چارەنووس، پشتگیریی زیاترمان بکات. کاری له‌پێشینه‌مان بونیادنانی کوردستانێکی به‌هێز و سه‌قامگیره‌، بۆ ئه‌مه‌ش چاومان له‌ پشتگیریی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ددانپێدانان به‌ ڕۆڵی جیهانی و بونیادنه‌رانه‌مان له‌وانه‌ ده‌که‌ین، که‌ له‌ پاراستنیاندا هاوکاریان بووین، ئه‌مه‌ش بە هاوکاریکردنمان له‌ بونیادنانی ئابوورییه‌که‌مان.

به‌درێژایی ته‌مه‌نی چه‌ندین نه‌وه‌، بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزی، هه‌موو خێزانێک له ‌هه‌رێمی کوردستانی عێراق، زیانی که‌سیی به‌رکه‌وتووه‌. چیتر نامانه‌وێ و ناشتوانین به‌ هۆی شەڕ و ناکۆکی لایەنەکان و دراوسێکان، که‌ دەرهاوێشتەیێکی خراپی بە جێهێشتوە، ده‌ستبه‌رداری هه‌ماهه‌نگی و هاوسۆزیی بین، یان ئه‌و قوربانییانه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرین، که‌ خه‌ڵکێکی زۆر داویانه‌.

له‌نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هاوڕێ و دۆستی زۆرمان هه‌ن، که‌ هیوای باشمان بۆ دەخوازن، بەڵام هه‌نووکه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌وڵی زیاتر بده‌ن و کاری له‌مه‌ زیاتر بکەن. سه‌ر له‌نوێ ڕۆڵی نێوه‌ندگیرێکی پاک ده‌گێڕین، که‌ هه‌مووان متمانه‌ی پێ بکه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌ روانگه‌ی دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی راسته‌قینه‌وه‌ ده‌که‌ین. دوای ئه‌وه‌ی پاڵشتیی نه‌گۆڕی خۆمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوپه‌یمانه‌کانمان نیشاندا، له‌ نێویاندا ئه‌مه‌ریکا، هه‌روه‌ها پابه‌ندیی خۆمان به‌ به‌ها و پره‌نسیپه‌ دیموکراتییه‌کان سه‌لماند. ئێستا پێویستیمان به‌وه‌یه‌ دۆسته‌کانمان، هاوکارمان بن له‌ سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێکردنه‌وه‌.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه