16:36 PM   IRAQ
SATURDAY, 21 APRIL 2018
 به په‌له |◀   هەر بەڕێوەبەر یان مودیرعامێک لە ناوچاو ترشاندنی ئەم و ئەو دەترسێت با بکشێتەوە
ڕاگەیێندراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یەکێتی ئاماژە دەدات بە کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دەڵێت ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکانی پێش ڕوودا بە دوای چارەسەر کردنی ئەو کێشانەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌یێكی چه‌ند سه‌عاتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌ هه‌ولێر، راگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه ‌و تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر ستراتیجی كوردایه‌تی و كۆڵنه‌دانی دیموكراسی یه‌كێتی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یێنراوه‌كه‌یه‌:

ڕاگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی

له‌ هه‌لومه‌رجێكدا، ناوچه‌كه‌ له‌دۆخی پێكدادانێكی تری دوای سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕی به‌ره‌ییه‌ به‌سه‌ر داعشدا، هاوكات له‌ یه‌كه‌مین رۆژی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی جێگری سكرتێری گشتی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی به‌ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسی زانیاری و جێگری سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند، كۆبوونه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و په‌سندی بڕیارو به‌رنامه‌كانی هه‌ڵبژاردن سازكرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، راپۆرتی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن به‌رپرسی مه‌كته‌ب ڕاگه‌یه‌ندرا. گفتوگۆیه‌كی هه‌ڤاڵانه‌یان له‌سه‌ركرا، دوای بۆچوونه‌كان و ره‌خنه‌كان، لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن، ده‌زگای هه‌ڵبژاردن و مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و لیستی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ڕاسپێردران، گه‌رم و گوڕ، بڕیارو به‌رنامه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.

كۆبوونه‌وه‌ پێی وایه‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن... بۆ ناو عێراق و له‌ناو عێراقیشدا، بۆمافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی گه‌له‌ سته‌م دیده‌كه‌مانه‌ كه‌ (11) ساڵه‌، له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه‌، ده‌ستی به‌ده‌ستی پێ ده‌كرێ، له‌جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی (140) و دوای (15) ساڵ له‌ روخاندنی ڕژێمی به‌عس، تازه‌ به‌تازه‌ بودجه‌ی كوردستان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ و هێشتا چه‌كداركردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌ك له‌سه‌ر سه‌دی حه‌شدی شه‌عبی تازه‌ دامه‌زرێنراو نییه‌. ته‌نانه‌ت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش بڕ بڕ ده‌درێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، شنگال، سه‌عدیه‌، مه‌نده‌لی، دووزخورماتوو، جه‌له‌ولاو خانه‌قین، دۆخێكی نه‌خوازراوه‌ و هاوڵاتیانی ئه‌و شارانه‌ نیگه‌رانن و هه‌وڵێكی تایفه‌گه‌ریش ده‌درێ، ناكۆكییه‌كانی كوردو توركمان و عه‌ره‌ب، ناكۆكییه‌كانی نێوان ئێزیدی و شیعه‌ و سوننه‌ قووڵتر و په‌راوێز خستنی ئاینزاكانی تر، زیاتر بكرێ.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌و قه‌یرانه‌ ئابووری و گوزه‌رانه‌ سه‌خته‌ی خه‌ڵك، یه‌كێتی پێی وایه‌ كێشه‌ی كورد، هێنده‌ ڕه‌وایه‌ و مافه‌كانیشی به‌شێوه‌یه‌ك پێشێڵ كراوه‌، هیچ كوردێكی به‌ویژدان نییه‌، ئێستاش له‌ باشووری كوردستاندا داكۆكی له‌ مافه‌ دیموكراسی و پیشه‌یی و یاساییه‌كان نه‌كات. هه‌روه‌كو هه‌موو كوردێكی ئازادیخواز، له‌به‌شه‌كانی تری كوردستانیشدا سه‌ره‌ڕای تێكچوونی دۆخی ناوچه‌كه‌، سووره‌ له‌سه‌ر مافه‌ ڕه‌واو دیموكراسییه‌كان.

یه‌كێتی باش ده‌زانێ قه‌یران و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، فشارێكی زۆری خستۆته‌سه‌ر مووچه‌خۆر. گه‌رچی دوا ده‌ستكاری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ مایه‌ی ده‌ستخۆشیه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ئه‌ركمانه‌ و له‌پێناویدا درێخی ناكه‌ین. دڵنیاشین، به‌ره‌ به‌ره‌ قه‌یرانی ئابووری كوردستان، كه‌ هاوكاتی قه‌یرانی ئابووری جیهان و ناوچه‌كه‌ و داشكانی به‌های نه‌وت سه‌ری هه‌ڵدا، دڵنیاین ئاسۆی چاره‌سه‌ریان ده‌ركه‌وتووه‌.

یه‌كێتی، هێزێكی تاقی كراوی مه‌یدانه‌كانی خه‌باته‌ له‌ شاخ و شارو له‌ حكومه‌ت و خه‌باتی مه‌ده‌نیشدا. ئێمه‌ هێزێك نین له‌شاخ و شاردا، هه‌ڵپه‌رست بووبین، به‌ڵكو به‌رپرسیاریه‌تی سه‌رشانمان، زۆرتر له‌ دۆخه‌ سه‌خته‌كاندا ڕاده‌په‌رێنین، بۆیه‌ له‌كاره‌ساته‌كانی شۆڕشدا، چۆكمان دانه‌دا، له‌ پیلانه‌كانی ناوخۆو ئه‌ركه‌كانی حوكمڕانی و قه‌یرانه‌كانیشدا، خۆمان له‌تێكۆشان و ره‌خنه‌ و هه‌ڵوێست نه‌دزیه‌وه‌.

نه‌ پله‌ و پایه‌ی به‌غداد له‌ خشته‌ی بردین و نه‌ كێشه‌كانی كوردستانیش، هه‌ڵیدێراوین. له‌و ئه‌زموونانه‌و به‌م رۆحیه‌ته‌وه‌ مامی گه‌وره‌مان له‌ سیاسه‌تدا گه‌وره‌ی كردین و ئێستاش مه‌زارگاكه‌ی قه‌ڵای وره‌ و په‌یمانی هه‌تاسه‌رمانه‌.

سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی جارێكی تر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، له‌كاتێكدا ره‌خنه‌ له‌ناو هه‌ڵه‌كانمان له‌ حكومه‌ت و له‌ كێشمه‌ كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی ده‌گرین، به‌ڵام دڵنیاین یه‌كێتیه‌ په‌رۆشه‌كان به‌شانازیه‌وه‌ ده‌ست به‌ئاڵای سه‌وزی یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌گرن، چونكه‌ ده‌زانن:

یه‌كه‌م:  یه‌كێتی ده‌ست به‌رداری ستراتیژی دیموكراسی و كوردایه‌تی نه‌بووه‌ و ناشبێ.

دووه‌م: كێشه‌كان هه‌ڵیان نه‌دێراین بۆ شه‌ڕی ناوخۆ و دروستكردنی دوو ئیداره‌ له‌ كوردستاندا.

سێیه‌م : راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشمان، پاراست.

چواره‌م: سه‌ربه‌خۆیی سیاسی یه‌كێتیمان نه‌دۆڕاند و سه‌نگی دیبلۆماسیه‌تی یه‌كێتیشمان له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ده‌ست نه‌دا.

پێنجه‌م: سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی ئابووری و دژایه‌تی تاڕاده‌ی دوژمنكارانه‌مان، بواری خه‌باتی مه‌ده‌نیمان به‌رته‌سك نه‌كرد.

شه‌شه‌م: كه‌ قه‌یران سه‌ری هه‌ڵدا، سوور بووین له‌سه‌ر مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌، پۆلیس، ئاسایش، كه‌سوكاری شه‌هیدان و كه‌م ئه‌ندامانمان و مووچه‌خۆران تێكڕا.

حه‌وته‌م: به‌رگه‌ی قه‌یرانه‌كانمان گرت و ئاماده‌بووین فشار بخه‌ینه‌ سه‌ر ئۆرگان و ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتی، به‌ڵام رێگه‌مان نه‌دا كاری نابه‌جێ به‌رامبه‌ر بازاڕو سه‌رمایه‌دار بكرێت.

هه‌شته‌م: دوای ڕووداوه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر، سه‌رباری پڕوپاگه‌نده‌ نابه‌جێكان، به‌رگه‌ی لێكه‌وته‌كانی ڕووداوه‌كانمان گرت، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ماده‌ی (140) نه‌بووین و نابین.

له‌ كۆتاییشدا. .یه‌كێتی ئامانجێتی، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ به‌شێكی برینه‌كان ساڕێژ بكات، نه‌ك گه‌رمی تای هه‌ڵبژاردن، ده‌سكه‌وته‌ مه‌ده‌نییه‌كانیشمان له‌ده‌ست بدات. له‌م روانگه‌وه‌، رێز له‌هه‌موو لیسته‌كان ده‌گرین، به‌ڵام مستیش له‌ ده‌روشه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

یه‌كێتییه‌كه‌ی شۆڕشی نوێ، یه‌كێتییه‌كه‌ی مه‌دره‌سه‌ی فره‌یی حزبایه‌تی، یه‌كێتیه‌كه‌ی دیموكراسی و نان و ئازدی، یه‌كێتیه‌كه‌ی داستانه‌كانی شه‌ڕه‌كان و كه‌ژاوه‌ی شه‌هیدان و خۆڕاگری، یه‌كێتییه‌كه‌ی قاڵبوی ئه‌نفال و كیمیاباران، یه‌كێتیه‌ رێچشكێنه‌كه‌ی راپه‌رین و داهێنه‌ره‌كه‌ی فیدرالی و یه‌كێتیه‌كه‌ی تێكدانی پیلانه‌كانی ناوخۆیی و ئیقلیمی، یه‌كێتیه‌كه‌ی خاوه‌ن پڕۆژه‌ی گه‌شه‌كردنی زانكۆ و په‌یمانگاكان بۆ ته‌واوی شاره‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ئه‌نفاله‌كان، یه‌كێتیه‌كه‌ی ژیانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ڵادزێ و پێنجوێن و سه‌ید سادق و چوارتاو (28) ناحیه‌ و (5000) هه‌زار گوندی خاپووركراو، یه‌كێتیه‌كه‌ی دابینكردنی مووچه‌ و ئه‌رز بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و كه‌م ئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر. هه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌كه‌تان ده‌مێنێته‌وه‌.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60104

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه