08:51 PM   IRAQ
MONDAY, 23 JULY 2018
 به په‌له |◀   حەیدەر عەبادی داوای راگرتنی كاركردن به ‌یاسای ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتاران ده‌كات
دیمانەی کوردپرێس لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی:
بەربژێریی لە بەغدا ئەزموونێکی نوێی سیاسەت کردنی کورد لە عێراقە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاڵا تاڵەبانی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و پاڵێوراوی لیستی "ئیئتیلافی بەغدا" لە هەڵبژاردنەکانی پێش ڕووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، دەڵێت: پارتە سیاسییەکان و لیستە کوردییەکان پلان و بەرنامەیێکی تایبەتیان بۆ پاش ڕیفراندۆم نەبووە و هەروها جەختیشی کردەوە پارتە سیاسییەکانی عێراق ئامادەی تەعامول لەگەڵ هەرێمی کوردستانن ئەوەش لە چوارچێوی دەستووری عێراقدا.

کوردپرێس: تایبەتمەندیی سەرەکیی سێ خولی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لە عێراق لە یەک قەوم و تایفە بوونی بەربژێرەکان بووە و بە شێوەی سروشتی دەنگی دەنگدەرانی ئەتنیکە جیاوازەکان و مەزهەبە جیاوازەکان لەوان شیعەکان، ئەهلی سوننە و مەسێحییەکان و کوردەکان دەڕژایە سندووقی هاو مەزهەب و هاو زمانی خۆیان. بە ئاوڕدانەوە لە فرەلایەنی و جیاوازیی قەومی و تایفی و مەزهەبی لە عێراق ئەو پرسە لێکتر ترازان و دوور بوونە لە یەکتری ئاسان دەکردەوە و دەبووە هۆی چارەسەر نەبوونی هەندێک پرسی سیاسی کە هەڕەشەیێکی گەورە بوو بۆ داهاتووی سیاسیی عێراق و یەکێتیی ئەو وڵاتە. لەم نێوانەدا ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەم خولە لە هەڵبژاردنەکاندا لە ئیئتیلافێکی سونی و عەرەبی واتا "ئیئتیلافی بەغدا" و لە شاری بەغدا کاندیدی هەڵبژاردنەکان بووە.

کوردپرێس گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی پاڵێوراوی لیستی "ئیئتیلافی بەغدا" ئەنجام داوە، دەقی گفتوگۆکە بە شێوازی خوارۆیە:

کوردپرێس: دۆخی کورد لە ئێستاکەی عێراقدا لە ڕووی بڕیاردان و هەروەها پێگەی کورد لە ساحەی سیاسیی عێراق چۆن دەبینن؟

ئاڵا تاڵەبانی: پێگەی کورد زۆر لاواز بووە لە ناو حکوومەتی ناوەند ئەوەش بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەر، یەک لەوانە کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە کە کێشەی بوودجە و قەیرانی گەورەی داراییە کە هەیە، دووهەم ئەوەیە کە ئێستا هێزە سیاسییەکان لە هەموو کات زیاتر تێگەیشتن و یەکڕیزی لە نێوانیاندا نییە نەک هەر بۆ ئیدارەدانی پڕۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە ڕووی هەماهەنگیی سیاسیشەوە یەعنی حکوومەت هەر وەکوو پەیوەندی هەیە لەگەڵ سەرۆکی هێزەکان کە دەیبینن بەڵام لە ڕووی جەماوەری و قاعیدەی جەماوەرییەوە ئەمڕۆ قاعیدەی ئەم حیزبانە زۆر لە یەک ترازاون و بە تایبەت ئێستا هەڵبژاردنیش لە پێشە ئەمە تەئسیر خراپی دەبێت لە سەر ئەو دۆخە. پرسێکی دیکە پێوەندییەکانی بەغدا و هەرێمە کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئەو پێوەندییانە خراپ و ئاڵۆزە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری ڕیفراندۆم و ئاوڕ نەدانەوە لە ئەو هەموو داوای نێودەوڵەتی و عێراقییانە بوو کە لە کورد کرا و لە قیادەی سیاسیی کورد کرا کە ڕیفراندۆم ناگونجاوە، بەڵام ئەنجام درا بۆیە ئێستا من پێموایە پێوەندییەکان زۆر خراپە هیچ شتێکیش لەم کاتەدا ناچێتە پێشەوە و چوونکە هەموو درگاکان لە بەغدا داخراوە.

کوردپرێس: ئاماژەتان دا بە هەڵبژاردن ئێوە یەکێک لە پاڵێوراونن، ئەگەر هەڵە نەبم لە لیستی بەغدا، هۆکاری ئەم بڕیارە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا و لە هاوپەیمانییێکی وادا بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات؟

ئاڵا تاڵەبانی: من پێم وانییە ئەوە کارێکی خراپ و نامۆ بێت، کورد دەتوانێت لە هەموو شوێنێک بەشداری بکات و بەشێک بێت لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، مەرج نییە کورد تەنها لە ناو لیستە کوردییەکاندا خۆی هەڵبژێرێت. من لەگەڵ ئەوەم کە ئێستای پڕۆسەی سیاسی پێویستی بەوە هەیە کە جیاوازیی قەومی و تائیفی لە ناو فراکسیۆنەکاندا لە بەرچاو بگیرێن. ئەوە بە مانای چوونە ناو حیزبێکی دیکە نییە بەشداریی لە ئیئتیلافێکدایە بە شێوی کەسی و بە شۆناسی قەومی و مەزهەبیی خۆمەوە.

کوردپرێس: پڕۆژەی نیشتمانی لە عێراق کە ئێوە ئاماژەی پێدەدەن لە لایەن ئاڵا تاڵەبانییەوە وەکوو کوردێک بە چ مانایێکە؟

ئاڵا تاڵەبانی: پڕۆسەی نیشتمانی هی عێراقە، ئەی کێشەی کورد لە کوێ حەل دەکرێت لە ناو عێراقدا حەل ناکرێت؟ کورد هەر پڕۆژەیێکیشی هەبێت دواتر لە کوێ جێبەجێی دەکەن؟ لە عێراق جێبەجێی ناکەن. بەبێ شک دەبێت لە چوارچێوەی عێراقدا جێبەجێی بکەن.

کوردپرێس: لە بەرابەر پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقەوە پڕۆژەی سەربەخۆیی خوازانەمان لە هەرێمی کوردستان بینی، ئەم پڕۆژەیە چ خەسارێکی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق هەبووە؟

ئاڵا تاڵەبانی: من پێم وایە بۆ کورد خەسارەتی زۆر بوو چوونکە ئەوەی کورد لە چەند ساڵی ڕابردوو بەدەستی هێنا زۆری لە دەست دا و پڕۆسەی سیاسیی کورد لە عێراق زۆر گەڕاوەتە دواوە .

کوردپرێس: پاش گشتپرسی ساحەیی سیاسیی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینی، پێتان وایە ئەو قۆناغە دەستپێکی گۆڕانکارییێکی جیدی بێت بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق؟

 ئاڵا تاڵەبانی: من تا ئێستا هیچ وتارێکی لەو شێوەیە نابینم، من پێم وایە هەموو ئەو حیزبانە کە ئەمڕۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراق دەکەن کارەکانیان هێشتا لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دەخولێتەوە. من ستراتێژییێکی نوێ دوای ڕیفراندۆم نابینم.

کوردپرێس: هەڵسەنگاندنتان بۆ پێگەی پارتی و یەکێتی لە ڕووی جەماوەرەوە پاش گشتپرسی و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق چۆنە؟

ئاڵا تاڵەبانی: من پێم وایە کە بە شێوەیێکی گشتی ئەو حیزبانەی کە لە حکوومەت لە هەرێمی کوردستان بە گۆڕانیشەوە، هەموویان ئەو هێزە جەماوەرییەیان بەبێت کە لە هەڵبژاردنی پێشووتر هەیانبوو، ڕەنگە هەندێک فراکسیۆنی نوێ بتوانن متمانەی خەڵک بە دەست بێنن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو حیزبانە تووشی شکستێکی گەورە دەبەن چوونکە هەر چۆنێک بێت ئەو حیزبانە پێگەی خۆیانیان هەیە بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا کورسیی هەموو حیزبەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

کوردپرێس: پێتان وایە چارەنووسی ناوچە کێشە لەسەرەکان پاش هەڵبژاردن چی دەبێت ئایا وەکوو پێشوو کورد دەتوانێت هەمان پێگەی خۆی لەو ناوچانەدا بەدەست بێنێتەوە؟

ئاڵا تاڵەبانی: ئەگەر بەرنامە و پلانمان هەبێت و ئەگەر بەرنامە و پلانەکانیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش یەکلای بکەینەوە و تاوتوێی بکەین من پێم وایە دەتوانین کێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بکەین بەڵام ئەگەر بە خیتابێکی توند و جیاواز نەتیجەی نابێت.

کوردپرێس: سەبارەت بە کەرکووک لەم دواییانەدا بانگەشەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکووک و دیکەی ناوچەکان دەکرێت، ئایا ئێوە ئاگادارییێکتان لەو بارەیەوە هەیە و پێتان وایە لەم قۆناغەدا بۆچی ئەم باسە دەکرێت؟

ئاڵا تاڵەبانی: من زانیارییێکی وردو لەو بارەیەوە نییە، کەس هەیە باشی ئەو بابەتە دەکەت و کەسی دیکە ئینکاری دەکات، خودی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت هیچ ڕێککەوتنێک نییە بۆیە من ناتوانم قسەی لەسەر بکەم.

کوردپرێس: ئێوە ئاگاتان لە هەڵویستی لایەنە عەرەبەکان هەیە، پێتان وایە ڕوانگە و بەرنامەیێکی تایبەتیان هەیە بۆ تەعامول لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟

ئاڵا تاڵەبانی: من پێم وایە ئەوان لە دوا ڕیفراندۆمەوە تەعامولیان خراپ بوو، ئەوان پێشتر مامەڵەیێکی زۆر نەرمیان هەبوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم تۆزێک توندیان کردەوە. بەڵام ئێستا قۆناغێکی تازەیە بە ڕای من هەموو هێزە سیاسییەکان عێراق بەپێی دەستوور هیچ کێشەیێکیان نییە تەعامول لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.

کوردپرێس: سەبارەت بە یەکێتیی نیشتمانی و داهاتووی ئەو حیزبە، پێتان وایە ئەم پارتە لە ڕووی سەرکردایەتی و بەرنامە و پڕۆژەی حیزبییەوە چ گۆڕانکارییێکی بەسەردا دێت؟

ئاڵا تاڵەبانی: دوای غیابی جەنابی مام جەلال یەکێتی کێشەی هەیە، کێشەی بڕیار دانی هەیە، کۆنگرە زۆر گرینگە بۆ هەموو حیزبێک بۆ کۆ بوونەوە بۆ بڕیار دا و بۆ کۆمەڵێک بواری تر، بۆیە یەکێتیش دەبێت کۆنگرە بکات ئەگەر کۆنگرە نەکات کێشەکانی قووڵتر دەبێت بەڵام چۆن و کەی دەکرێت ئەوە نازانم، بەڵام ئەوەی من بیزانم یەکێتی هێزێکی گەورەی ناوچەکە و عێراق و کوردستانە، ڕەنگە کێشەی بۆ دروست ببێت بەڵام لە دوایدا یەکێتی هەر یەکێتییە و لە سەر پێی خۆی دەوەستێت.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه