02:44 PM   IRAQ
MONDAY, 24 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارتی له‌ ڕێگای ڕاگه‌یێندراوێکه‌وه‌ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رکۆمار وه‌ڵامی یه‌کێتی ده‌داته‌وه‌
عەفرین حەماسەیە مەیکەنە تراژدیا/ مەنسوور ڕەحیمی

بەشی یادداشت- ڕەوشی عەفرین بەرەو ئاقارێک دەچێت کە چیتر زۆر کەس لە کەوتنی دڵنیا بۆتەوە و دڵی هەموو خەمخۆرێکی مرۆڤایەتیی پێ قورس بوووە بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی ئێستەش بێ­دەنگە و دەڕوانێتە توانەوەی خەڵکی مەدەنیی دانیشتووی شارەکە لە شەڕێکی نەخوازراو.

کوردپرێس- نزیکەی دوو مانگ لە هێرشی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرین تێدەپەڕێت کە ڕۆژی 20ی جانیڤێری دەستی پێکرد. سەرەڕای بەرخۆدانی دوو مانگەی هێزی کورد لە بەرانبەر دووهەم سوپای ناتۆ، ئەو سوپایە و سەربزێوانی سەر بە تورکیا لە شارەکە نزیک بوونەتەوە و پاش چڕ بوونەوەی هێرشەکان و لێدران لە مەخزەنی ئاو و نەبوونی پێداویستیی سەرەتایی و ئاوارە بوونی خەڵکەکە وای کردوووە ڕەوشێکی یەکجار مەترسیدار و ئەسەفناک ڕوو بدات.

ئەگەرچی هەندێک لە چاودێران بڕوایان وایە ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی نەکرێت بەرخۆدان بەردەوام دەبێت و عەفرین ناکەوێت. بەڵام ئاڵوگۆڕی مەیدانی شەڕەکە باس لەوە دەکەن کە تورکیا لێبڕاوە هەر چۆنێک بێت دەست بە سەر عەفریندا بگرێت و ئەوەش بە چاو دەبینرێت وای دەردەخات کە مەترسیی کەوتنی عەفرین هەیە و ئەگەرەکەشی زۆر بەهێز بۆتەوە.

کەوتنی عەفرین لێکەوتەی زۆری دەبێت چ بۆ تورکیا و چ بۆ کوردیش. جگە لە قوربانی کرانی خەڵکێکی زۆری مەدەنی ئەگەر تەنانەت عەفرینیش لەلایەن تورکیاوە داگیر بکرێت ئەو وڵاتە کێشەی دەبێت بۆ ئیدارە کردنی ئەو ناوچە کوردنشینە.

ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئەی دەوری ئەم زلهێزانە چییە؟ ئەم بێ­دەنگییە بۆچی؟ بەرژەوەندی لە هەر چی و لە هەر کوێ بێت تەنها بۆ ئەوە دێنە دەنگ؟ ئەو بێدەنگییە نرخەکەی زۆر قورسە. نرخی ئەو وەزعە بە سەر کورددا شکاوەتەوە و کورد خەریکە باجی چاوچنۆکی و بەرژەوەندی و دابەش کردنی دەسەڵات لە نێوان زلهێزان دەدات.

عەتا نەهایی نووسەر و ڕووناکبیری ناسراوی کورد لە پۆستێکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بە خەمەوە دەڕوانێتە لارەملییەکەی ئێستەی کورد لە عەفرین و دەنووسێت: ڕۆژگارێکی سەیرە، ئەوە دیسان لە پێش چاوی دنیا شارێکی دیکە دەسووتێنرێت و دانیشتووانی قڕ دەکرێن، بەڵام کەس نووزەی لێوە نایەت...

ئەو نووسەرە بەناوبانگەی کورد زیادی دەکات: کورد چوونکا نیشتمانێکی لەسەر تاپۆ نەکراوە، لە ناو ماڵ و لەسەر خاکی باب و کاڵی خۆشی نەک کرێچی، قەرەچێکی بێ شکۆی لانەوازە کە هەموو کەس و ناکەسێک پێی دەوێرێت.

جەلال جەلالی زادە نوێنەری پێشووتری پەڕلەمانی ئێرانیش تیشکی خستۆتە سەر خەیانەتی 72 ساڵ لەوەو پێشی ڕووسەکان لە قازی محەمەد کە نزیکەی یەک ملوێن کورد لە سیبری بە هۆی ئەو خەیانەتەوە کرانە قوربانی.

ناوبراو بە توندی رەخنەی لە ڕووسیا گرتوووە و گوتوویەتی: ڕەفتاری کۆمۆنیستی و کۆیلە کردنی گەل و پەیمان شکاندن و پشت کردن لە هاوپەیمانان کۆمەڵێک سیفاتی ناشیرینن کە لە ڕووسەکان وەشاوەتەوە.

جەلالی­زادە چۆنیەتیی مامەڵە کردنی ڕووسیا لەگەڵ ئەفغانییەکان، چچنەکان و موسڵمانانی ڕووسیا و قەفقازستان بە نموونە دەهێنێتەوە لەگەڵ هەڵوێستی ڕووسیا بەرانبەر بە کوردی عەفرین هەڵی دەسەنگێنێت و دەشڵێت ئەمە لە بەر یەک نەبوونی کورد و ڕاجیاوازیی کوردە کە ئەو نەهامەتییانەی بەسەر دێت.

ئێستەش بە ڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی تاکە دەرەچەی کورد بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نالەبارەی عەفرین ئەوەیە کە کورد ڕوو بکاتە دیمەشق. بەرپرسانی کوردی سووریا بۆ چەندین جار ڕایان گەیاندوووە کە پێشنیارمان کردوووە و داوامان لە دەوڵەتی سووریا کردوووە بێت و سنووری وڵاتەکەی بپارێزێت چوونکە ئێمە بەشێکین لە سووریا. بەڵام تا ئێستا بە فەرمی دەوڵەتی سووریاش نەهاتۆتە سەر خەت و خۆیشی نالەقێنێت کە بەشێک لە خاکەکەی لە لایەن وڵاتێکی بیانییەوە هێرشی کراوەتە سەر و خەریکە داگیر دەگرێت و خەڵکی سڤیلی وڵاتەکەی بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەی جەنگیی وڵاتێکی تر دەبنە قوربانی.

مەشرووعیەت پێدان بە هێرشەکەی تورکیا بە بیانووی پاراستنی سنوور پاساوێکی نەگونجاوە کە عەقڵییەتی سیاسی تەنها لە بەر بەرژەوەندی دەتوانێت قبووڵی بکات. هەمان ئەو وڵاتانەی بە وتەی خۆیان «لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەن» و هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە مەشرووع و ڕەوا دەزانن ئەگەر وڵاتێکی تر بیهەوێت هەمان سیاسەت لە وڵاتەکەی ئەواندا جێبەجێ بکات قبووڵی دەکەن؟ ئایا ڕووسیا یان ئەمریکا قبووڵی دەکەن کە وڵاتێکی تر ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنێت و خەڵکی مەدەنیی وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج و بە بێ شەرمی داوای بەشەکانی دێکەی وڵاتەکەشیان بکات؟ دیارە کاکە و مامەی نێوان زلهێزان بە دڵی تورکیا نەبوە و داوای بەشی زیاتر دەکات. بۆیە ئەردۆغان لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی داد و گەشەدا بەڵێنی دا بە زووترین کات دەگەنە عەفرین و بە عەفرینیشەوە ناوەستن و بەرەو ناوچەکانی دیکەی سووریاش دەڕۆن.

ئێستا کورد چیتر ڕەشبینە لە یاسا و دەستوور و پەیڕەوە نێودەوڵەتییەکان. چوونکە تەنها لە کاتی بەرژەوەندیدا یاسا هەیە و پەیڕەو هەیە و دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت.

 

 

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه