02:49 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 26 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارتی بە ئامانجی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک فشاری بۆ سەر یەکێتی دروست کردووە
یاریی ناته‌واوی گشتپرسیی هه‌رێمی کوردستان/ حه‌سه‌ن ساڵحی

به‌شی وتار/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پاش تێپه‌ڕینی نزیکه‌ی شه‌ش مانگ له‌ ڕیفراندۆمه‌که‌ی 25ی ئه‌یلوولی 2017 کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری ڕووی داوه‌ که‌ زۆرینه‌یان به‌ سه‌ر کورددا شکاوه‌ته‌وه‌ و فه‌شه‌لی به‌ خولیای سه‌ربه‌خۆیی و پێ هێنانی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی کورد هێناوه‌ و بۆته‌ هۆی ته‌مێ و سزای به‌غدا به‌ سه‌ر هه‌رێمدا.

کوردپرێس- پاش هه‌وراز و نشێوی فراوان به‌ هۆی لێکه‌وته‌کانی ڕیفراندۆمه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 سوپای عێراق هاته‌ که‌رکووک و ئه‌و ناوچه‌ جێناکۆکه‌ و دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان له‌ ده‌ست کورد ده‌رهێنران. ئه‌وه‌ش به‌ به‌رچاوی هاوپشتانی کورد له‌ ڕۆژئاوا ڕووی دا و بوووه‌ هۆی دووره‌په‌رێزیی سه‌رکرده‌ کورده‌کانی عێراق و جیهان.

پاش ئه‌م ڕووداوانه‌، سه‌ره‌ڕای پیشبینیی هه‌ندێک چاودێریی سیاسی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ پڕۆژه‌ی ڕیفراندۆم کۆتاییی پێهاتبێت و چووبێته‌ مێژوووه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ڵوێست و لێدوانی هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌ کورده‌کان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هێشتاکه‌ پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کۆتاییی پێنه‌هاتوه‌ و کورد ئه‌گه‌رچی به‌ فه‌رمی پێداگری له‌ سه‌ر چاره‌ کردنی کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌کات به‌ڵام بابه‌تی ڕیفراندۆم وه‌کوو خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و هیچ کام له‌ سه‌رکرده‌ کورده‌کان ئاماده‌ نین ئه‌نجامی ڕیفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ و به‌ وته‌ی ئه‌و سه‌رکرده‌ کوردانه‌ ئه‌و "به‌ڵگه‌ مێژوویییه‌" ئێستاش به‌رده‌وامه‌ تاوه‌کوو له‌ ده‌رفه‌تێکی گونجاودا جێبه‌جێی بکه‌ن.

به‌رزه‌خی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم له‌ نێوان گۆڕانکارییه‌ سیاسییه‌کانی عێراقدا

ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ره‌ڕای حوکمه‌که‌ی دادگای فیدراڵی عێراق سه‌باره‌ت به‌ ناده‌ستووری بوونی ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ نییه‌ ئه‌نجامی ڕیفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. به‌غداش له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا له‌ سه‌ر پرسی بودجه‌، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ و پرسی سنووره‌کان و مه‌له‌فی نه‌وت نه‌رمی نانوێنێت و پێداگره‌ له‌ سه‌ر سزادانی هه‌رێمی کوردستان. هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی دووره‌په‌رێزیی سه‌رکرده‌ کورده‌کان و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ عێراق لای ڕای گشتیدا.

له‌ لایێکی تره‌وه‌ پێداگریی هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌ر جێبه‌جێ کردنی ماده‌ جێ کێشه‌کانی ده‌ستووری عێراق و داوای چاره‌ کردنی کێشه‌کان به‌ گفتوگۆ له‌ میدیا خۆجێیییه‌کان و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی به‌غدا له‌و بابه‌ته‌ وای کردوووه‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌نجامی گشتپرسی وه‌کوو زه‌رووره‌ت خۆ بنوێنێت و به‌غدا به‌ نادیموکراسییه‌ت لای ڕای گشتی بناسرێت و هاوپشتیی جیهان بۆ کورد زیاتر ببێت و ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ستۆکیی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم لای هه‌ندێک کۆڕی سیاسیدا که‌م ببێته‌وه‌.

به‌غدا پاش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان، فڕۆکه‌خانه‌کان و نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی کۆنتڕۆڵ کرد به‌ نیازه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ سنووردار و که‌م بکاته‌وه‌ که‌ چیتر هیچ که‌سایه‌تی و به‌ره‌ و قه‌باره‌یێکی سیاسیی کورد توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت ئه‌نجامی پڕۆژه‌ی ڕیفراندۆم جێبه‌جێ بکات. نموونه‌ی ئاشکرای ئه‌و بابه‌ته‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2018دا له‌ جێگه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ده‌سته‌واژه‌ی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستانی به‌ کار هێناوه‌ و له‌ جێبه‌جێ کردنی بودجه‌شدا به‌نیازه‌ ڕاسته‌وخۆ ته‌عامولی له‌گه‌ڵ پارێزگاریی پارێزگاکان هه‌بێت و پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تخانه‌کانی هه‌رێم و ده‌وری ده‌ستووریی ئه‌و وه‌زاره‌تخانانه‌ نیسبه‌ت به‌ دیکه‌ی ناوچه‌ فیدراڵییه‌کان بگۆڕێت.

به‌ڵام ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و پلانه‌ کێشه‌ی ده‌ستووریی زۆری هه‌یه‌. کورد داوای جێبه‌جێ کردنی ده‌ستوور ده‌کات و له‌ ده‌ستووریشدا مافی ته‌واو به‌ کورد دراوه‌. ده‌سه‌ڵاتی به‌هه‌م هێنان و ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ کورد دراوه‌. به‌ڵام هه‌مان ده‌ستوور جه‌ختی کردۆته‌وه‌ که‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌بێت به‌ چاودێریی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ ئه‌نجام بدرێت و داهاته‌که‌شی بکرێته‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵه‌وه‌. ئه‌و بابه‌ته‌ گرینگه‌ پاش گرفتی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر که‌وتۆته‌ په‌راوێزه‌وه‌ و هه‌رێمی کوردستان به‌و بیانوووه‌وه‌ که‌ بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ بڕا، تاک لایه‌نه‌ و بۆ خۆی ده‌ستی کرد به‌ هه‌نارده‌ کردن و فرۆستنی نه‌وت له‌ ڕێگای تورکیاوه‌ و ئه‌وه‌ی برینه‌که‌ی کوردی ناسۆرتر کرد ئه‌وه‌ی بوو ماده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌کرا و چاره‌نووسی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی باکووری عێراق له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بڕیاری له‌ سه‌ر نه‌دراوه‌ ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ده‌بوو تا کۆتاییی ساڵی 2017 یه‌کلایی بکرابا به‌ڵام کێشه‌که‌ تا ئه‌مڕۆکه‌ش وه‌کوو خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

یاریی دوو ده‌می عه‌بادی به‌ کارتی کورده‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستای عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق زیاترین پێویستی به‌ ده‌نگی عه‌ره‌ب هه‌یه‌. به‌م دۆخه‌ی ئێستاشه‌وه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا هه‌موو شتێک دژ به‌ کورده‌ که‌ داوای جیابوونه‌وه‌ی کردبوو، عه‌بادی هه‌وڵ ده‌دات سیاسه‌تی گوشار خستنه‌ سه‌ر کورد درێژه‌ پێبدات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی عه‌ره‌ب کۆ بکاته‌وه‌. حه‌یده‌ر عه‌بادی ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌شدا سه‌ر بکه‌وێت ئه‌وا بۆ پێک هێنانی ده‌وڵه‌تی داهاتوو پلانی داناوه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتی کردن له‌گه‌ڵ باڵی هێرۆخان له‌ یه‌کێتی و هه‌روه‌ها حیزبه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح و چه‌ند حیزبێکی نوێی تر که‌ پێگه‌یێکی ئه‌وتۆیان له‌ نێو جه‌ماوه‌ری کورددا نییه‌. له‌ لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ عه‌بادی هه‌وڵ ده‌دات گوشاری سه‌ر ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان زیاد بکات که‌ دوو حیزبی پارتی و یه‌کێتی جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و عه‌بادی به‌م شێوازه‌ به‌نیازه‌ به‌ ناڕه‌زایی دروست کردن له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕێژه‌ی ده‌نگی ئه‌و دوو حیزبه‌ که‌م بکاته‌وه‌. له‌ خراپترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر دوو حیزبی پارتی و یه‌کێتی شکست بهێنن یان ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانیان دابه‌زێت ده‌وری حکوومه‌تی ناوه‌ند بۆ زیاد کردنی هێژموونیی خۆی له‌ هه‌رێمی کوردستان زیاد ده‌کات و به‌ره‌ی سه‌رکه‌وتوو له‌ به‌غدا چیتر پێویستی به‌ ده‌نگی ئه‌و حیزبانه‌ نابێت بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت.

یه‌که‌م ئه‌نجامی یه‌کگرتنه‌وه‌ی سیاسیی حیزبه‌ کوردستانییه‌کان دژ به‌ لێکه‌وته‌کانی ڕیفراندۆم

پاش دابه‌زینی پشکی کورد له‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق که‌ له‌ 17 بۆ 12 له‌ سه‌د که‌م کرایه‌وه‌ کۆده‌نگی و یه‌کڕیزی له‌ نێوان هه‌ر پێنج حیزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی کوردستان (پارتی، یه‌کێتی، گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی) هاته‌ دی و زۆرینه‌ی په‌ڕله‌مانتاران بێ­هیوایییان له‌ بڕیاره‌کانی عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕاگه‌یاند و بژارده‌ی کشانه‌وه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقیان هێنایه‌ ئاراوه‌ و ژماره‌یێک له‌ سه‌رکرده‌کانی پارتییش به‌ تایبه‌ت مه‌سعوود بارزانی و هێمن هه‌ورامی و مه‌سروور بارزانی جارێکی تر پێداگرییان کرد له‌ سه‌ر پاراستنی بژارده‌ی جێبه‌جێ کردنی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم ئه‌وه‌ش وه‌کوو بژارده‌یێک به‌ سه‌ر مێزی کورده‌وه‌. ده‌کرێت ئاوای بخوێنینه‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام بوونی دۆخه‌که‌ی ئێستا له‌ سه‌ر پرسی بودجه‌ و مووچه‌ وه‌کوو خاڵێکی باش بۆ کورد، سیمای سه‌رکرده‌ وه‌په‌راوێزخراوه‌کانی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌بووژێنێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی داڕێژه‌رانی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمدا زیاتر ده‌کات و وێ ده‌چێت ئه‌نجامه‌که‌شی دووره‌په‌رێزیی ئه‌و حیزبانه‌ بێت که‌ له‌ به‌رنامه‌ی درێژخایه‌ندا هاوته‌ریب نیین له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو حیزبه هه‌ر بۆیه‌ش ناکرێت باس له‌ ته‌واو بوونی یاریی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی کوردستان بکه‌ین.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه