13:27 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 18 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   ڕێبەری باڵای شۆڕش: لە هیچ ئاستێکدا لەگەڵ ئەمەریکا دانوستان ناکرێت
MONDAY, 20 MAY 2019 - 09:54
کارناسی کاروباری کورد: تورکیا هێرش ناکاته‌ سه‌ر کوردی سووریا

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- خاتوو فردریکه‌ گیردینگ به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریادا بێت تورکیا هێرش ناکاته‌ سه‌ر کوردی سووریا و دواتریش ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا ده‌چێته‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد و ڕێگه‌ نادات تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر کورد ئه‌نجام بدات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا که‌ وه‌ک هاوپه‌یمانیی کورد له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش دێته‌ ئه‌ژمار ده‌ستکه‌وتگه‌لێکی بۆ کوردی ئه‌و وڵاته‌ به‌دواوه‌ بوو. کوردی سووریا به‌ یارمه‌تیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا سه‌ره‌ڕای ڕاوه‌دوونانی داعش له‌ نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریا توانیی ئه‌و ناوچانه بکاته‌ ناوچه‌یێکی خۆسه‌ر و ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ک کارتێک بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا به‌کار بهێنێت.

به‌ڵام هاوپه‌یمانیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردی سووریا پێچه‌ڵاوپووچییه‌کانی قه‌یرانی سووریای زیاتر کرده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت دۆستی کۆن و هاوپه‌یمانانی سه‌ربازی وه‌ک ئه‌مریکا و تورکیای -که‌ هه‌ردووکیان ئه‌ندامی ناتۆن- ڕووبه‌ڕووی یه‌کتر کرده‌وه‌. تورکیا هێزی کوردی سووریا سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ ده‌زانێت که‌ له‌ 40 ساڵی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ تورکیا شه‌ڕ ده‌کات. تورکیا ده‌یهه‌وێت قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌مریکا بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی هێرش‌کردنه‌ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا قبووڵ بکات. له‌لایێکی دیکه‌وه‌، ئه‌مریکا له‌ مانگی دیسێمبێری ڕابردوودا بڕیاری دا که‌ هێزه‌کانی له‌ سووریا بکشێنێته‌وه‌ که‌ هه‌ڤیازییێکی ئه‌رێنی بۆ تورکیایه‌. هه‌رچه‌ند که‌ دواتر له‌ ژێر گوشاره‌ نێوخۆ و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان دۆناڵد تره‌مپ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ 400 بۆ هه‌زار که‌س له‌ 2500 هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ سووریا بمێننه‌وه‌.

بابه‌تێکی دیکه‌ دروست‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریایه‌ و ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت به‌ دروست‌کردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر بکات و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ هه‌ر دوو وڵات له‌سه‌ر چۆنێتیی دروست‌کردنی ئه‌و ناوچه‌ ڕاجیاوازییان هه‌یه‌ و کورده‌کانیش دروست‌کردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ قبووڵ ناکه‌ن. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ فردریکه‌ گیردینگ کارناسی کاروباری کورد و تورکیا ئه‌نجام داوه‌.

خاتوو گیردرینگ که‌ بۆ نووسینی دوایین کتێبی خۆی له‌ژێر ناوی "ئه‌م ئاگره‌ دانامرکێته‌وه‌" یه‌ک ساڵ له‌ بنکه‌ و حه‌شارگه‌ی په‌که‌که‌دا بووه‌ و په‌یوه‌ندییێکی نزیکی له‌گه‌ڵ کاروباری تورکیا و کوردی سووریا هه‌یه‌ نیسبه‌ت به‌ به‌رده‌وامیی پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریا گه‌شبین نییه‌ چوونکه‌ پێی وایه‌ به‌رده‌وامیی پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریا پێویستی به‌ پێکهه‌ڵپڕژانی نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ش مومکین نییه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتنی ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن له‌سه‌ر ڕێگه‌چاره‌یێک بۆ باکووری سووریا گوتی: "هه‌ر دوو وڵات ناتوانن له‌سه‌ر ڕێگه‌چارێک بۆ باکووری سووریا ئیتیفاق بکه‌ن. ڕێککه‌وتنی نێوانیان مومکین نییه‌. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا هێزی کوردی سووریا و هێزی سووریای دیموکرات به‌ تیرۆریست وه‌سف ده‌کات و له‌ هه‌مان حاڵدا ئه‌مریکا هاوپه‌یمانی ئه‌و دوو هێزه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتنی نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌ له‌سه‌ر کوردی سووریا له‌ئارادا نییه‌."

کارناسه‌که‌ی کاروباری تورکیا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری دروست‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ له‌ باکووری سووریا که ده‌یهه‌وێت‌ بۆ پاسه‌وانی له‌ کورد دروستی بکات ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌مریکا ناوچه‌یێکی پارێزراو له‌ باکووری سووریا بۆ پاسه‌وانی له‌ کورد دروست ناکات. بۆچی؟ به‌م بۆنه‌وه‌ که‌ هێشتا ئه‌مریکا له‌ سووریادایه‌. ئه‌مریکا و تورکیا ناتوانن پێکه‌وه‌ شه‌ڕ بکه‌ن چوونکه‌ هه‌ردووکیان ئه‌ندامی ناتۆن که‌واته‌ به‌رده‌وامیی ئاماده‌بوونی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا ته‌زمینێکی ئاسایشه‌ بۆ کوردی سووریا. به‌ڵام هه‌روا که‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ڕای‌گه‌یاندووه‌ له‌ ئه‌نجامدا هێزه‌کانی ئه‌مریکا سووریا به‌جێده‌هێڵن چوونکه‌ ئامانجه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا هاتۆته‌دی و ئه‌و وڵاته‌ له‌ ئه‌نجامدا سووریا به‌جێده‌هێڵێت."

ڕۆژنامه‌وان و شرۆڤه‌کاری هۆڵه‌ندیی دانیشتووی سلێمانیی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر کوردی سووریا به‌ کوردپرێسی گوت: تورکیا هێرش ناکاته‌ سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌. تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ئه‌مریکا له‌ سووریا و له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌دا بێت تورکیا کرده‌وه‌ی سه‌ربازی بۆ سه‌ر کورد ئه‌نجام نادات.

نووسه‌ری کتێبێک له‌سه‌ر کوژرانی نزیکه‌ی 30 گه‌نجی کوردی تورکیا له‌ هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا له‌ژێر ناوی "کوڕگه‌لێک که‌ مه‌رگ له‌ ئامێز ده‌گرن" له‌باره‌ی هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر کورد ئه‌نجام نادات ڕاشی‌گه‌یاند: "تورکیا هه‌رگیز هێرش ناکاته‌ سه‌ر باکووری سووریا چوونکه‌ لایه‌نێکی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌چێته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و چیتر پێویست به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا ناکات. لایه‌نی سێهه‌م که‌ ده‌چێته‌ باکووری سووریا به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆک کۆماری سووریا ده‌بێت."

ناوبراو ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د بچێته‌ باکووری سووریا ئه‌وا کۆتایی به‌ ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی کورد ده‌هێنێت.

ئه‌م کارناسه‌ی کاروباری کورد له‌باره‌ی بڕیاری ئه‌مریکا بۆ هێشتنه‌وه‌ی 400 هێز له‌ باکووری سووریا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌م بڕیاره‌ بۆ پاسه‌وانی له‌ کورد نییه‌ و هه‌روا که‌ ڕام‌گه‌یاند ئه‌مریکا به‌ بۆنه‌ی کورده‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ باکووری سووریا. ئه‌مریکییه‌کان ده‌ڵێین له‌ ئێستادا ده‌یانهه‌وێت نزیکه‌ی 400 هێز وه‌ک کارتێک له‌ به‌رانبه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د، ئێران یان ڕووسیا له‌ سووریا به‌کار بهێنن. به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌مه‌یه‌ که‌ 400 هێز به‌س نییه‌ و ئه‌مریکا چیتر کارتێکی له‌ سووریادا نییه‌ که‌ بیهه‌وێت دژ به‌ که‌سێک به‌کاری بهێنێت.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری/ به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه