19:19 PM   IRAQ
SATURDAY, 21 SEPTEMBER 2019
 به په‌له |◀   شەڕی دژبە کورد ئەولەویاتی یەکەمی تورکیا نیە
SATURDAY, 18 MAY 2019 - 14:07
زاناكان ئامێرێک بۆ "خوێندنه‌وه‌ی مێشک" به‌رهه‌م ده‌هێنن

به‌شی زانست و ته‌کنه‌لۆجیا- پزیشكی پسپۆڕ له‌ بواری مێشک و ده‌مار و یه‌کێک له‌و توێژه‌رانه‌ی ئامێرێک بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێشک دروست ده‌که‌ن بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێت: "ئامێرێکمان بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێشک بۆ ئه‌و که‌سانه‌ دروست کردووه‌ که‌ تووشی جه‌ڵته‌ی مێشک ده‌بن و توانای قسه‌کردنیان سنوورداره‌ و ته‌نها كه‌مینه‌یێک ده‌زانن چۆن بیرۆكه‌كانمان ده‌بنه‌ وشه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ده‌مه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی قسه‌كردن ده‌خرێنه‌ڕوو."

کوردپرێس:

جه‌ڵته‌ی مێشک، ئیفلیجی یاخود هه‌ندێک حاڵه‌تی دیكه‌ كه‌ زه‌بر به‌ ته‌ندروستی ده‌گه‌یه‌نن ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی توشبووه‌كه‌ نه‌توانێت بدوێت، خێراییی په‌یوه‌ندی كردنی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له ڕێگه‌ی چاویانه‌وه‌یه‌ كه‌ سنوورداره‌ و ته‌نها (هه‌شت بۆ 10 وشه‌ له‌ خوله‌كێكدا وه‌رده‌گرن)، له ‌كاتێكدا كه‌سێكی ئاسایی خێرایی وه‌رگرتنی وشه‌كانی له ‌نێوان 120 بۆ 150 وشه‌یه‌ له‌ یه‌ک خوله‌كدا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ماوه‌یێكی زۆرمان له‌ پێشدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی ناڕێكی قسه‌كردن بوون، ژماره‌یێک زانا له‌ زانكۆی كالیفۆرنیا- سان فرانسیسكۆ له‌ ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یێكیاندا توانیویانه‌ وشه‌ و ڕسته‌ له‌ هزری ئه‌و كه‌سانه‌ دروست بكه‌ن كه‌ توانای قسه‌كردنیان سنوورداره‌ و به‌ سه‌ختی ده‌توانن بدوێن و به‌پێی وته‌ی ئه‌و زانایانه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ڕۆژێک دێت ده‌توانن وشه‌كانی خه‌یاڵ به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن و بخوێننه‌وه‌.

ئێدوارد چانگ پزیشكی پسپۆڕ له‌ بواری مێشک و ده‌مار و یه‌کێک له‌و توێژه‌رانه‌ی ئه‌و داهێنانه‌یان ئه‌نجام داوه‌ بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌یان ڕوون ده‌کاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "ته‌نها كه‌مینه‌یێک ده‌زانن چۆن بیرۆكه‌كانمان ده‌بنه‌ وشه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ده‌مه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی قسه‌كردن ده‌خرێنه‌ڕوو، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ مێشک بیرۆكه‌كانی هزر وه‌رده‌گێڕێت بۆ هه‌ندێک جووڵه‌ له‌ سندوقی ده‌نگماندا و به‌و شێوه‌یه‌ ده‌دوێین".

 چانگ و هاوڕێكانی سه‌ره‌تا هه‌وڵیان داوه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌ماره‌كانی مێشكی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ توشی په‌ركه‌م هاتوون چالاكییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی مێشک تۆمار بكه‌ن كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ كۆنترۆڵكردنی زمان و لێوه‌كان و ماسوولكه‌كانی قوڕگ، دواتر له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی یاساكانی ئالگۆریتمه‌وه‌ به‌ به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر توانیویانه‌ جووڵه‌ی سروشتی ئه‌و وشانه‌ تۆمار بكه‌ن و ئه‌و جووڵانه‌ بگۆڕن بۆ ڕسته‌ی بیستراو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ نییه‌ كه‌ به‌ ته‌واوی وشه‌كان بدات به‌ ده‌سته‌وه‌ و ده‌نگه‌كان ته‌نها له‌ شێوازی ده‌ربڕینی وشه‌كانه‌وه‌ نزیكه‌ به‌ڵام زاناكان پێیان وایه‌ بۆ كه‌سێكی خاوه‌ن پێدوایستی تایبه‌ت له‌ بواری بیستندا ئه‌وه‌ هاوكارێكی باش ده‌بێت.

چانگ ده‌ڵێت که‌ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی خه‌یاڵ به‌كار ناهێنرێت و ته‌نها ئه‌و وشانه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌یه‌وێت بیڵێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا زاناكانی دیكه‌ ده‌پرسن "چۆن ده‌كرێت ته‌نها ئه‌و وشانه‌ جیا بكرێته‌وه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌ریببڕێت؟" و له‌وباریه‌وه‌ چانگ ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ كاره‌كانیان به‌وهۆیه‌وه‌ سه‌خته‌ و ده‌یانه‌وێت ته‌نها ئه‌و وشانه‌ی كه‌سه‌كه‌ ده‌یه‌وێت بیڵێت جیا بكه‌نه‌وه‌.

پێشتریش له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌وباریه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ به‌ڵام ئه‌م توێژینه‌وه‌ نوێیه‌ یه‌كه‌مینه‌ له ‌ناو ئه‌وانی دیكه‌دا كه‌ ده‌توانێت ڕسته‌ی ته‌واو به ‌شێوه‌یێكی نزیک ده‌رببڕێت.

توێژینه‌وه‌كه‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ی دڵخۆشی بۆ شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ به‌ڵام توێژه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵێن ته‌كنه‌لۆژیاكه‌ هێشتا ئاماده‌ نییه‌ بۆ به‌كارهێنانی له‌ بواری ته‌ندروستیدا و جه‌یمی هێندێرسن یه‌كێک‌ له‌ پرۆفیسۆره‌كانی بواری زانستی ده‌مار ده‌ڵێت: "پێده‌چێت له‌ 10 ساڵی داهاتوودا ئه‌و سیسته‌مه‌ په‌ره‌ی ته‌واوی پێبدرێت و بتوانن به‌كاری بهێنن".

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه