19:38 PM   IRAQ
SUNDAY, 19 MAY 2019
 به په‌له |◀   وه‌زیرى نه‌وتی عێراق: كشانه‌وه‌ى كارمه‌ندانى كۆمپانیاى ئێكسۆن مۆبیل قبووڵكراو نییه‌
MONDAY, 22 APRIL 2019 - 20:16
کۆشکی سپی: لێخۆشبوون بۆ 8 وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران درێژ ناکرێتەوە/ ئێران: وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکا دەدەینەوە

بەشی ئێران- کۆشکی سپی ڕایگەیاند لێخۆشبوون لەو 8 وڵاتەی نەوتی ئێرانیان دەکڕی درێژ ناکرێتەوە و ئامانجیان ئەوەیە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە تەواوەتی پەک بخەن. وەزارەتی دەەرەوەی ئێرانیش بە فەرمی ڕایگەیاند بە زووترین کات هەڵوێستیان دەبێت و بڕیاری پێویست بۆ ئەو بابەتە دەردەکەن.

کوردپرێس:

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە 22ی نیسان کۆشکی سپی بە فەرمی ڕایگەیاند بەنیازن فروشتنی نەوتی ئێران بە تەواوەتی پەک بخەن هەر بەو بۆنەیەشەوە ئەو لێخۆشبوونەی بە 8 وڵاتی جیهان درابوو بۆ کڕینی نەوتی ئێران، ڕژۆی 2ی ئایار کۆتایی دێت و ماوەی لێخۆشبوونەکەش درێژ ناکرێتەوە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند ئامانجی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە فەشەل بە کەرتی ئابووریی ئێران بهێنێت و بەو مەبەستەش گەمارۆی خستۆتە سەر کەرتی نەوتی ئێران و هەر وڵاتێک پاش 2ی ئایار نەوتی ئێران بکڕێت گەمارۆی قورسی ئەمریکای دەخرێتە سەر.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیێندرانی ئەو هەواڵە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە سنووری 74 دۆلار و ئەوەش پەرە بە نیگەرانییەکان بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت دەدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەش ڕاگەیاند کە دوو وڵاتی سعوودیە و ئیمارات بەڵێنیان داوە کورتهێنانی نەوت لە بازاڕەکاندا قەرەبوو بکەنەوە و ببنە جێگرەوەی ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت و هەوڵ دەدەن هاوکێشەی نرخی نەوت تێکنەچێت.

بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە زۆرینەی چاودێرانی سیاسی و ئابووری لە سەر ئەو بڕوایەن قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی 2 ملوێن بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا کارێکی ئاسان نییە و بە سعوودیە و ئیمارات جێبەجێ ناکرێت.

هاوکات ژمارەیێک چاودێری ئابووری و سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش دەڵێن هەرگیز مومکین نیە ئەمریکا بتوانێت فرۆشتنی نەوتی ئێران بە تەواوەتی پەک بخات لەبەر ئەوەی ئێران دەرەچەی بۆ فرۆشتنی نافەرمیی نەوت دۆزیوەتەوە و بە تەنیا وڵاتی چین ڕۆژانە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕێت و هەرگیز ئامادە نییە لەو نەوتە هەرزانەی ئێران بەو کوالێتییە بەرزەوە خۆش ببێت. تورکیا و هندستان و عێراق و ڕووسیاش هاوپەیمانی ستراتێجیی ئێرانن و دەتوانن لە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکادا یارمەتیی تاران بدەن.

پاش ڕاگەیاندنەکەی کۆشکی سپی و پرێس کونفڕانسەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کاردانەوە و هەڵوێستی جیاجیا پیشان دران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە ڕایگەیاند: بڕیارە پێشووەکەی ئەمریکا پێچەوانەی پەیڕەوی دەولی بوو حسابی یاساییی بۆ نەدەکرا و ئێستاش بە هەمان شێوە ئیدارەی ترەمپ بڕیارێکی نالۆژیکیی دیکە دەردەکات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە وردی خوێندنەوە بۆ بڕیارەکە دەکات و پاش کۆ کردنەوەی زانیاری و داتاکان و لێکدانەوەی وردی بابەتەکان ڕاپۆرتی گشتی ئامادە دەکرێت و پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی وڵاتی ئێران دەکرێت پاشان بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەردەکرێت.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه