16:13 PM   IRAQ
TUESDAY, 21 MAY 2019
 به په‌له |◀   کۆنگرێس داوا ده‌کات ستراتێژییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا تۆکمه‌ بکرێنه‌وه‌
TUESDAY, 23 APRIL 2019 - 15:49
شرۆڤه‌کاری کاروباری سه‌ربازیی سووریا تایبه‌ت بۆ کوردپرێس؛
کورده‌کان توانیویانه‌ چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ عه‌فرین بگوازنه‌وه‌

به‌شی جیهان- شرۆڤه‌کاری کاروباری سه‌ربازیی سووریا به‌ ئاژانسی کوردپرێسی گوتووه‌: کوردی سووریا توانیویه‌تی چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ عه‌فرین بگوازێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ له‌ تورکیا و به‌رهه‌ڵستکارانی سووریا وه‌ربگرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاریشه‌ی سه‌ربازیی هێزه‌ جۆراوجۆره‌کانی سووریا به‌ بۆنه‌ی ژماره‌ی زۆری هێزه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیی دژبه‌یه‌که‌وه‌ گرنگایه‌تییێکی زۆری هه‌یه‌ به‌ڵام هێزی کوردی سووریا به‌ بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنیان له‌ کۆنتڕۆڵ‌کردنه‌وه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چوار خاکی سووریا و له‌ ماوه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش ناوبانگێکی زۆری له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی وه‌ده‌ست هێنا. مانگی ڕابردوو هێزی کوردی سووریا دوامۆڵگه‌ی داعش له‌ شاری باغۆزی له‌ بنده‌ستی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ ئازاد کرد.

به‌ڵام باس کردنی سه‌رکه‌وتن و ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان نادۆڕن. هێزی کوردی سووریا ناسراو به‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) و یه‌کینه‌کانی پاراستنی ژنان (YPJ) له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018وه‌ توانییان هێرشی ئاسمانی و زه‌وینیی دووهه‌مین سوپای چالاکی ناتۆ واتا تورکیا له‌ کانتۆنی کوردنشینی عه‌فرین ته‌حه‌مول بکه‌ن. هه‌رچه‌ند که‌ دوو مانگ له‌ عه‌فرین به‌رخۆدانیان کرد به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ناچار بوون هێزه‌کانیان له‌و ناوچه‌یه‌ بکشێنه‌وه‌ و تورکیا و هێزی سه‌ربزێوی پاڵپشتکراوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا کۆنتڕۆڵی عه‌فرین ناوچه‌ی کوردنشینی سووریا له‌ باکووری ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ گرت.

به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌ کوردی سووریا کۆتایی به‌ داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا هێنا هه‌وڵه‌کانی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی عه‌فرین له‌ تورکیا چڕ کردۆته‌وه‌. چه‌ندین جار به‌رپرسانی کوردی سووریا ته‌ئکیدیان کردۆته‌وه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی دواتری کوردی سووریا ئازادکردنه‌وه‌ی عه‌فرین له‌ ده‌ستی تورکیا و به‌رهه‌ڵستکاران ده‌بێت. ڕاپۆرتگه‌لێکی زۆر له‌باره‌ی هه‌وڵی کورد بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بۆ عه‌فرین بڵاو ده‌کرێته‌وه‌ به‌ڵام کورده‌کان ده‌ڵێین ڕووسیا که‌ کۆنتڕۆڵی ناوچه‌ی په‌رژینی نێوان کورد و عه‌فرینی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ڕێگری له‌ گواستنه‌وه‌ی چه‌ک بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ کردووه‌ و شرۆڤه‌کارێکی کاروباری سه‌ربازیی سووریاش له‌ دیمانه‌یێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ته‌ئکید له‌سه‌ر هه‌وڵی کورد بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ک بۆ عه‌فرین ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌و شرۆڤه‌کاره‌ سه‌ربازییه‌ که‌ به‌ هاوڕێتیی گرووپێک له‌ژێر ناوی "ویزین سیریا" کاروباری سه‌ربازیی سووریا شرۆڤه‌ ده‌که‌ن به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: کوردی سووریا ته‌رکیزی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی چه‌ک بۆ عه‌فرین کردووه‌ و له‌م ڕێبازه‌شدا سه‌رکه‌وتووه‌.

ناوبراو که‌ به‌ بۆنه‌ی هه‌ستیاریی بابه‌ته‌که‌وه‌ نه‌یویست ناوه‌که‌ی بدرکێندرێت به‌ کوردپرێسی گوت: له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا کوردی سووریا به‌ به‌کارهێنانی مووشه‌کی زیره‌که‌وه‌ هێزه‌کانی سوپای تورکیای کردۆته‌ ئامانج و ئه‌و هێرشانه‌ له‌ چاو هێرشه‌کانی ڕابردوو قورستر بووه‌.

ئه‌و کارناسه‌ی کاروباری سه‌ربازیی سووریا ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ کورده‌کان توانیویانه‌ به‌ شێوه‌یێکی سه‌رکه‌وتووانه‌ چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ عه‌فرین بگوازنه‌وه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان دیمه‌شق و هێزی سووریای دیموکرات ناسراو به‌ هه‌سه‌ده‌ ڕای‌گه‌یاند: دیمه‌شق داکۆکی له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی باکووری سووریا له‌ کورد ده‌کاته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا وه‌زیری به‌رگریی سووریا ڕای‌گه‌یاند که‌ ئه‌گه‌ر پێویست بێت ئه‌و ناوچانه‌ به‌ زه‌بری زۆر له‌ کورده‌کان وه‌رده‌گرینه‌وه‌ به‌ڵام من بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ دانووستان و دایالۆگ ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌تاییی هه‌ردوولا بێت‌. ده‌بێ بڵێین که‌ له‌ ئێستادا سوپای سووریا له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ سوپایێکی به‌هێزتر له‌ ڕابردووی هه‌یه‌ به‌ڵام داڵغه‌ی ئێستای دیمه‌شق پارێزگای ئیدلبه‌ و کورده‌کانیش بیر له‌ ئازادکردنه‌وه‌ی عه‌فرین ده‌که‌نه‌وه‌.

کارناسه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی کاروباری سووریا سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی کورد و تورکیا به‌تایبه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا هه‌مبه‌ر داگیرکردنی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و ده‌رکردنی کورد له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ کوردپرێسی گوت: پێده‌چێت له‌ داهاتوویێکی نزیکدا تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر باکووری سووریا و ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد به‌ڵام ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌و کاره‌ به‌ هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وز و ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریکاوه‌ ئه‌نجام ده‌دات. پێده‌چێت ده‌وڵه‌تی تره‌مپ دژ به‌ هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا بێت.

ناوبراو له‌باره‌ی چاره‌نووسی پارێزگای ئیدلبیشه‌وه‌ زیادی کرد: به‌پێی ڕێککه‌وتنی نێوان تورکیا و ڕووسیا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ ئێستادا ئیدلب به‌پێی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ئیداره‌ ده‌کرێت. له‌و پارێزگایه‌دا زیاتر له‌ 12 وێستگه‌ی چاودێری له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ دروست کراوه‌ و 15 بۆ 20 ناوچه‌ی ئارام دامه‌زرێنه‌راوه‌ و هێزه‌کانی تورکیا له‌و پارێزگایه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه‌.

ئه‌و کارناسه‌ سه‌ربازییه‌ ته‌ئکیدی کرده‌وه‌: پارێزگای ئیدلب له‌لایه‌ن به‌رهه‌ڵستکارانی نزیک له‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کرێت و تورکیا هیچ کارێک بۆ گۆڕینی ئه‌م وه‌زعه‌ ئه‌نجام نادات و هێزه‌کانی نزیک له‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ژێر چاودێریی سوپای تورکیا به‌ شێوه‌ی ئازادانه‌ جموجووڵ ده‌که‌ن به‌ڵام ده‌وڵه‌تی سووریا به‌پێی ڕێککه‌وتنی نێوان تورکیا و ڕووسیا ناتوانێت ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام بدات. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌و وه‌زعه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ساڵێکیش درێژه‌ی ببێت له‌ ئه‌نجامدا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژی ئه‌و هێزانه‌ له‌ ئیدلب ئه‌نجام ده‌درێت.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه