16:35 PM   IRAQ
FRIDAY, 19 JULY 2019
 به په‌له |◀   ڕۆحانی: ئێران ڕێچکەکانی پاراستنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی دانەخستووە
TUESDAY, 9 APRIL 2019 - 09:40
مامۆستای زانکۆی لیۆنی فه‌ڕه‌نسا تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
ئاینده‌یێکی خراپ به‌ره‌وڕووی کوردی سووریا ده‌بێته‌وه‌

به‌شی جیهان- دوکتۆر فابریس بالانشه‌ به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: من نیسبه‌ت به‌ داهاتووی کوردی سووریا زۆر گه‌شبین نیم چوونکه‌ هیچ که‌س قایل به‌ ڕچاوکردنی مافی کورد نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کوردی سووریا سه‌رکه‌وتنێکی زۆری هه‌ڵبه‌ت به‌ یارمه‌تیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش به‌ده‌ست هێناوه‌ و توانیویه‌تی نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چواری سووریا کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌ که‌ زۆرترین سه‌رچاوه‌ی ئاو، کشتوکاڵ و نه‌وت و گاز له‌و ناوچانه‌دایه‌. ئه‌وان ئێستا پاش کۆنتڕۆڵ‌کردنی دوامۆڵگه‌ی داعش له‌ باغۆز و کۆتایی هێنان به‌ خه‌لافه‌تی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ له‌ سووریا ده‌یانهه‌وێت شوێن پێی خۆیان له‌و وڵاته‌ به‌هێز بکه‌ن و هه‌وڵه‌کانیان بۆ جێگیرکردنی سیسته‌می فیدڕاڵی له‌ باکووری سووریا چڕ ده‌که‌نه‌وه‌ و هیوادارن ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری سووریا جێبه‌جێ بکرێت.

به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ کوردی سووریا به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێکی زۆر ده‌بێته‌وه‌؛ تورکیا سیسته‌می خۆسه‌ری ئه‌وان له‌ نزیکی سنووره‌کانی باشووری خۆی ته‌حه‌مول ناکات، ئه‌مریکا هاوپه‌یمانیی سه‌ره‌کیی کورد ده‌یه‌وێت هێزه‌کانی له‌ سووریا بکشێته‌وه‌ و دیمه‌شقیش ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای ئاشتییانه یان زه‌بری زۆره‌وه‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌.

دوکتۆر فابریس بالانشه‌ توێژه‌ری باڵای کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌تایبه‌ت سووریا به‌ ئاژانسی کوردپرێسی وتووه‌: دۆخی کوردی سووریا جێی نیگه‌رانییه‌ و هیوایێکی زۆر به‌ سه‌قامگیربوونی دۆخی ئێستای ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌ئارادا نییه‌.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "من نیسبه‌ت به‌ دۆخی کوردی سووریا له‌ داهاتوودا زۆر گه‌شبین نیم."

دوکتۆر بالانشه‌ که‌ هاوکات مامۆستای زانکۆی لیۆنی 2ی فه‌ڕه‌نسا و توێژه‌ری سه‌نته‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین له‌ واشنتۆنه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆکاره‌کانی ڕه‌شبینیی خۆی نیسبه‌ت به‌ دۆخی کوردی سووریا له‌ داهاتوودا به‌ کوردپرێسی گوت: "ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌رگیز ئیداره‌ی خۆسه‌ری کورد له‌ باکووری سووریا به‌ سه‌رکردایه‌تیی پارتی کوردیی یه‌کێتیی دیموکراتی سووریا (PYD) قبووڵ ناکات چوونکه‌ ئه‌و حیزبه‌ به‌ لقێک له‌ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) ده‌زانێت."

ناوبراو گوتیشی: "به‌شار ئه‌سه‌دیش کۆنتڕۆڵی کورد له‌سه‌ر باکووری سووریا قبووڵ ناکات. ڕووسیا و ژماره‌یێک له‌ هاوپه‌یمانانی ئه‌و وڵاته‌ش به‌ بۆنه‌ی پشتیوانیی کورد له‌ هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌ سووریا ئه‌وان به‌ خه‌یانه‌تکار ده‌زانن."

ئه‌و توێژه‌ره‌ی کاروباری سووریا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا و کارتێکه‌ریی ئه‌و بابه‌ته‌ش له‌سه‌ر دۆخی کورده‌کان ڕای‌گه‌یاند: "من پێم وانییه‌ ئه‌مریکا هێشتا له‌ سووریا بمێنێته‌وه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی سه‌ربازیی تورکیا پاسه‌وانی له‌ کورد بکات به‌ڵام تا چه‌ند مانگی داهاتوو ئه‌م بابه‌ته‌ ڕوو نادات چوونکه‌ هێشتا هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریان و کشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ش له‌و وڵاته‌ چه‌ندین مانگ ده‌خایێنێت. هه‌روه‌ها کورد چه‌ندین مانگ به‌ بۆنه‌ی زاڵبوون له‌سه‌ر داعش پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تییان لێده‌کرێت به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ تا کێ درێژه‌ی ده‌بێت؟"

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه