05:48 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 12 DECEMBER 2018
 به په‌له |◀   ڕاگەیێندراوی هاوبەشی یەکێتی و پارتی/ لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن
هێمن هه‌ورامی: حكوومه‌تی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان حکوومه‌تی زۆرینه‌ ده‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هێمن هه‌ورامی سه‌رۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان حكوومه‌تی زۆرینه‌ ده‌بێت و به‌پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێمن هه‌ورامی له‌ لێدوانێكدا وتوویه‌تی "به‌ ڕاشكاوی ده‌یڵێین ئێمه‌ و یه‌كێتی بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت مه‌حكوومین به‌وه‌ی پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین، ئێمه‌ و لایه‌نه‌ به‌ڕێزه‌كانی دیكه‌ش، به‌ڵام ناكرێت حكوومه‌تی بنكه‌فراوان هه‌بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شدار بن تێیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ په‌رله‌ماندا پشتیوانی ئه‌و حكوومه‌ته‌ نه‌كه‌ن. ئه‌و پره‌نسیپه‌ له‌ پێنج ساڵی ڕابردوودا ده‌ركه‌وت كه‌ شكست خواردوو بوووه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كوردستانێكی به‌هێز و سه‌قامگیریی سیاسی هه‌بێت ئه‌وا ناتوانین ئه‌م شتانه‌ به‌م پره‌نسیپه‌ به‌ ده‌ست بهێنینه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌یێكی یه‌كسان و هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین، پارتی مه‌غروور نییه‌ به‌و 45 كورسییه‌ی به‌ ده‌ستی هێناوه‌، له‌ مونته‌ڵه‌قی مه‌غروور بوونیشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ حزبێكی سیاسیدا ناكات".

هێمن هه‌ورامی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی به‌پێی كورسییه‌كانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ده‌كه‌ن وتوویه‌تی: "ئێمه‌ دیسان ده‌ڵێین به‌پێی ئیستیحیقاقی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، چوونكه‌ یه‌كێتی خۆی ئه‌و ده‌رگایه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن و كورسییه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت له‌ به‌غدا. به‌ڵام ئێمه‌ و یه‌كێتی مه‌حكوومین به‌وه‌ی پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین، پێكه‌وه‌ ڕاپه‌ڕینمان كرد، پێكه‌وه‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێممان دروست كرد، پێكه‌وه‌ په‌رله‌مانمان دروست كرد، پێكه‌وه‌ پێش ڕووخانی ڕژێم ڕێككه‌وتنمان كرد، پێكه‌وه‌ ده‌ستووری عێراقمان نووسییه‌وه‌، پێكه‌وه‌ ئیداره‌مان یه‌كخسته‌وه‌، پێكه‌وه‌ شه‌ڕی داعشمان كرد، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ڕقمان له‌ یه‌كتر بێت و دژی یه‌كیش بین، مه‌حكوومین به‌وه‌ی پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین چوونكه‌ سه‌قامگیریی كوردستان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییێكی باشتری یه‌كێتی و پارتی ڕاده‌وه‌ستێت".

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه