04:36 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 14 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارێزگارى كه‌ركووک تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو
ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر سێ وێستگەی گرینگی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران

بەشی یادداشت- گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران کاردانەوەی جیاوزی لێکەوتۆتەوە بەڵام کاردانەوەی ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر بەهۆی پێگەی جوگرافی و سیاسییانەوە زیاتر بە هەند وەردەگیرێت و لەو نێوانەشدا حکوومەتی هەرێم دەتوانێت ئەم قۆناغە بکات بە دەرفەتێک بۆ بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم.

کوردپرێس:

ئێستا ڕەوتی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە بە قۆناغێکی جیاوازدا تێدەپەڕێت. تورکیا و ڕووسیا و بەتایبەت ئێران لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر و واشەنتۆن هەڕەشەی لە هەموو ئەو لایەن و وڵاتانە کردووە کە دەبێت پێبەند بن بە گەمارۆکان و هەر وڵات یان لایەنێک پێوەی پێبەند نەبێت ئەوا گەمارۆکان داوێنگیر خۆی دەبێت.

پاش کشانەوەی ترمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک هەڕەشەکانی واشەنتۆن دەستی پێکرد و هەوڵی دا بە گوشاری ئابووری خواستی خۆی جێبەجێ بکات. یەکێتیی ئەورووپا و زۆرینەی وڵاتانی جیهان تانەیان لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان دژ بە ئێران دا.

ئەنقەرە و گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران

کاردانەوەکان بەرانبەر بە دەستپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران جیاواز بوون. لەم نێوانەدا تورکیا وەکوو هاوپەیمانی ئێران دەرکەوت و ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. ئەمریکا لەم قۆناغەدا مەوزووعی قەشەیێکی ئەمریکی بە ناوی برانسۆنی ورووژاند کە لە 2016وە بە تۆمەتی سیخوڕی کردن لە تورکیا بەند کراوە. ترەمپ لەم قۆناغەدا داوای ئازادکردنی ئەو قەشە ئەمریکییەی کرد. تورکیا ملی بەو داوایەی ترەمپ نەدا و واشەنتۆن بەو بیانووەوە گەمارۆی ئابووریی خستە سەر تورکیا و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر داواکانی جێبەجێ نەکرێن گەمارۆی قورستر بە سەر ئەنقەرەدا دەسەپێنێت. دیارە ورووژاندنی مەوزووعی ئەو قەشە ئەمریکییە کە زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی تورکیایە و پێشتر هەرگیز نەکرابوویە مەوزووعی موناقەشەی نێوان ئەمریکا و تورکیا، لەم کاتەدا کە تورکیا بە قازانجی ئێران و دژ بە گەمارۆکانی ئەمرکیا هەڵوێستی نواندووە بە سودفە نییە و وا دەردەکەوێت ئامانجی ئەمریکا گوشارخستنە سەر تورکیایە ئەوەش نەک بە مەبەستی ئازادکردنی قەشە برانسۆن بێت بەڵکوو بەو مەبەستەیە کە ئەنقەرە یارمەتیدەری دەوڵەتی ترەمپ بێت لە گەمارۆکانی سەر ئێران.

بەغدا و گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران

لایەنێکی دیکەی بابەتەکە پێوەندیی بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە. مەسەلەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی تایبەتی دەوێت لە بەر ئەوەی ڕەنگە هیچ وڵاتێکی دراوسێ هێندەی عێراق لە باری ستراتێژییەت و هەژموونی و پێگەی جوگرافییەوە هێندەی عێراق لە مەوزووعی تێپەڕاندنی گەمارۆکاندا لای ئێران گرینگ نەبێت.

ئێستا هەڵبژاردنی پەڕلەمان لە عێراق کراوە و ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردن هێشتاکە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بۆتە ساحەی موناقەشە و ئیمتیاز وەرگرتنی لایەنە براوەکانی عێراق فرەڕەنگ کە سێ لایەنی سەرەکیی کورد و عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە دەوری تێدا دەبینن.

بەڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا دوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا شوێندانەرن و قورساییی ئەو دوو وڵاتە پڕۆسەکە یەکلا دەکاتەوە. بۆیە دوور نییە ئەگەر بڵێین کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان دژ بە ئێران پێوەندیی ڕاستەوخۆی بووە بە کاتی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە بەغدا. بۆیە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق حەفتەی ڕابردوو بە ئاشکرا ڕایگەیاند لە بەر بەرژەوەندیی گەلی عێراق پێبەند دەبێت بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەگەرچی بە عادیلانەشی نازانێت.

ئەو بڕیارەی عەبادی لەم قۆناغەدا کە بەختی خۆی بۆ مانەوە لە دەسەڵات تاقی دەکاتەوە دڵی ئەمریکای پێ خۆش بووە بەڵام ئاستی پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق چ لە باری ئابووری و چ لە باری سیاسی و چ لە باری سەربازییەوە وا دەکات عەبادی و حکوومەتی بەغدا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە. هەر بۆیەش عەبادی لە لێدوانێکی دیکەدا هەوڵی دا قسەکانی تەعدیل بکات و ڕایگەیاند مەبەستی لە "پابەندبوون بە گەمارۆکانەوە" تەنها ئەوە بوو کە بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ ئێران ناکەن ئەگینا بەردەوام دەبێت لە پێوەندیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئێران. ئەوەش پاش ئەوە هات کە دەنگۆی سەردانی عەبادی بۆ تاران پاش سەردانی بۆ ئەنقەرە بڵاو بوویەوە و هەواڵەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئێران بە ئەنقەست پێشوازیی لە سەردانەکە نەکردووە بۆیە سەردانەکەی عەبادی هەڵوەشاوەتەوە.

هەولێر و گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران

حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پاش بڕیارەکەی عەبادی ڕایگەیاند کە هەڵوێستیان لە چوارچێوەی هەڵوێستی بەغدا دەبێت. ئەم هەڵوێستەش سیاسیترین و دیپڵۆماسییانەترین بڕیارێکە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بەرانبەر بە مەزووعی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەری کرد. بەڵام کورد پێویستە ئاستی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و لە بیر نەکات کە بە حوکمی مەرزە هاوبەشەکانی نێوانیان لەباری ئابوورییەوە پێویستی بە ئێران هەیە و لەبەر ئەوەی قەیرانی سەردەمی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دووپات نەبێتەوە پێویستە پارێزگاری لە پێوەندیی ئابووریی خۆی لەگەڵ ئێران بکات. لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری قەیرانی دارایی و سیاسی لە هەرێم بەهۆی کاردانەوەی دەسەڵات و وڵاتانی جۆربەجۆر و بەتایبەت بەغدا بەرانبەر بە ڕیفراندۆمەکەی هەرێم پەرەی سەند.

کاردانەوەی وڵاتانی جۆربەجۆر بەرانبەر بە ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی 2017 وای کرد کورد بە خۆدا بشکێت. گەمارۆکانی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەیرانی ئابووریی هەرێمی چڕتر کردەوە. کورد شکۆی شکا و چیتر وەکوو جاران قیادەی کوردی نەیدەتوانی پەنجە بەرز بکاتەوە و بە حوڕی داوای مافەکانی بکات. بەڵکوو ئەم جارەیان بە کزی داوای ئەو شتەی دەکرد کە پێشتر دەیگوت پێی ڕازی نابم و لێی بێ منەت بوو. بە مەبەستی بەرزکردنەوەی جەستەی کەم تینی کورد، گفتوگۆ و دانووستاندن لە فەڕەنساوە دەستی پێکرد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی دا ئەو وڵاتانە بەسەر بکاتەوە کە کارتێکەر بوون لە بووژانەوەی حەیاتی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. هەر بەو مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەی دیپڵۆماسییانەی دەست پێکرد و سەردانی تورکیا و ئێران و ڕووسیا و بەغدا کۆمەڵێک هەنگاوی ئیجابی بوون کە بارزانی لە پێناو بەخۆداهاتنەوەی کورد ئەنجامی دا. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام پێوەندیی بە بەغداوە دەکرد و ئامادەییی هەرێمی کوردستان بۆ بووژانەوەی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ڕادەگەیاند. ئەگەرچی عەبادی لەو قۆناغەدا بێ منەتانە مامەڵەی لەگەڵ کورد دەکرد بەڵام کۆی ئەو هەوڵە دیپڵۆماسییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ ئەوەش دەرکەوتنی باشی کورد لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەڕلەمانی عێراق و نەمانی کۆمەڵێک لە گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان وای کرد کورد جارێکی دیکە لە ساحەی سیاسیی عێراقدا ئاوڕی لێبدرێتەوە و سەردانی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکەی پەڕلەمانی عێراق بۆ هەولێر بەڵگە بوون لە سەر بەهەند وەرگرتنی پێگەی کورد لە هەیکەلییەتی سیاسیی عێراق.

هەموو ئەمانە پێگەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە جاران بەرجەستە دەکاتەوە. ئیران دەتوانێت لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بەشێکی زۆری کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکات بەو مەرجەی هەولێر داخرانی سنوورەکانی و گەرماۆکانی سەر حکوومەتی هەرێم پاش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول نەیەنێتە ناو و بیرەوەریی تاڵی ئەو قۆناغە لە بیر بکات. بەڵام حکوومەتی هەرێم تا ئەم کاتە وتوویەتی بڕیاری هەولێر لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و بەپێی بڕیاری بەغدا دەبێت. بەو حاڵەشەوە کورد دەتوانێت گەلێک باشتر لە ئێستا، قازانج لەم دۆخە وەربگرێت و دۆخەکە بقۆزێتەوە و لانی کەم لە باری ئابوورییەوە بەشێک لەو خەسارانە قەرەبوو بکاتەوە کە پاش ڕیفراندۆم لێی قۆماوە.

ئێستا بازاڕی دراو لە قەیراندایە و نرخی تمەن دابەزیوە. کاڵای ئێرانی لەم قۆناغەدا زیاترین قازانج بۆ بازرگانان و لایەنی حکوومیی هەرێمی کوردستان دەکات. لا لایێکی دیکەشەوە ئێران پێویستی بە دۆلار و فرۆشتنی نەوتە. ئەمە دەرفەتێکی هەرەباشە بۆ هەرێمی کوردستان کە بتوانێت کێشە ئابوورییەکانی پێ چارەسەر بکات و ئەگەر قیادەی کوردی بە کەسایەتیی ژیر و بەبیر بڕیاری گونجاو و دیپڵۆماسییانە بدەن دەتوانن لە هەردوو سەرەوە براوە بن. واتا هەم وەکوو هاوپەیمانی ئابووریی ئێران دەرکەون هەم لە بەغداش زمانیان سوور بێت و مافەکانیان بچەسپێنن و قەرەبووی شکۆ و ئیرادەی شکاوی کورد بکەنەوە.

دیارە نە هەڵوێستەکەی عێراق و نە ئەوەی هەرێمی کوردستانیش هیچیان بەقازانجی ئێران نەبوون و بێگومان ئێران لە هیچیان ڕازی نییە و بە حوکمی ئەو یارمەتییەی لە شەڕی دژ بە داعشدا ئاراستەی عێراقی کردووە، بەغدا بە قەرزداری خۆی دەزانێت و بەڕای ژمارەیێک چاودێری سیاسیی ناوخۆی ئێران، حەیدەر عەبادی بەو بڕیارەی خۆی، سفرەدڕیی کردووە و بێ منەت بووە لە یارمەتییەکانی ئێران بۆ عێراق لە سەردەمی قەیرانی داعش.

ئێستاش ئایندەی ناوچەکە نادیارە و بەستراوە بە موناقەشە و بڕیاری قیادەی وڵاتان و لایەنەکانی ناوچەکە. پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە چاوەڕوانیی بڕیار و ئیمتیازگیریی لایەنەکاندایە و کوردیش بەشێکە لەو ململانێیە و بوونی سەربازی و سیاسیی ئەمریکا و ئێرانیش دیار نییە ڕەوتەکە بەرەو چ ئاقارێک دەبات بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئێستا دەرفەتێک باش ڕەخساوە بۆ ئەوەی کورد، قەیرانەکە بکات بە دەرفەت و بەقازانجی خۆی بقۆزێتەوە بەو مەرجەی سەرکردایەتیی کورد بڕیاری گونجاو و سیاسییانەی لە سەر بدەن.

 

*لە سەر ئەرکی بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس نووسراوە

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه