03:16 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 26 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارتی بە ئامانجی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک فشاری بۆ سەر یەکێتی دروست کردووە
ڕۆحانی: دڵنیا بن دۆلار دادەبەزێت/ بە پشتیوانیی گەلی ئێران ئەم قۆناغە تێدەپەڕێت

بەشی ئێران/ کوردی- حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا تیشکی خستە سەر چەند بابەتی گرینگی ئابووری و سیاسی و بەتایبەت لەبارەی دراوی تمەن و ئەو قەیرانەی لە بازاڕی دۆلاردا دروست بووە ڕایگەیاند کە گومانی تێدا نییە نرخی دۆلار دادەبەزێت.

کوردپرێس:

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران ڕۆژی چوارشەمە 15ی ئاب بەڕێوە چوو و لەو دانیشتنەدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران سەنجی خستە سەر کێشەی بازاڕی دراو و ڕایگەیاند: دیارە کێشەی سەرەکیی ئێران ئەمڕۆکە کێشەی ئابوورییە و ئەوەش بە گرتن و لێدان و لەکارلادان چارەسەر نابێت ئەگەرچی ڕەنگە هەندێک کاتیش پێویست بێت بەرپەرچی گەندەڵکاران بدرێتەوە بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە گەل و حکوومەت یەکڕیز بن و دەستیان لە دەستی یەکتردا بێت و ئەو دڵنیاییە بە جەماوەر بدرێت کە داهاتوویان داهاتوویێکی خراپ نییە.

ناوبراو تیشکی خستە سەر زەروورەتی ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەپێدانی کەرتی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی و ڕایگەیاند بە هەموارکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری ئەو قەیرانە تێدەپەڕێت و کە سەقامگیری گەڕایەوە بۆ نێو بازاڕ، بێگومان نرخی دراوی دۆلاریش دادەبەزێت.

سەرکۆماری ئێران لەبارەی مەوزووعی دەریای قەزوینیشەوە کە لەم دواییەدا لەگەڵ چوار وڵاتی کازاخستان و ئازەربایجان و ڕووسیا و تورکمەنستان گفتوگۆیان لەسەر کردبوو ڕایگەیاند زیاتر لە 20 ساڵە گفتوگۆ لەو بارەیەوە بەردەوامە و لەم دیدارەدا کۆمەڵێک لە کێشەکان چارەسەر کرا و پشکی ڕووسیا لە دەریای قەزوین بە ڕێژەی 17 لە سەد دیاری کرا بەڵام گفتوگۆ لە سەر بەری باشووری دەریاکەوە لە نێوان ئێران و ئازەربایجان و تورکمەنستان بەردەوامە.

ڕۆحانی ئاماژەی بە مەوزووعی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکاش کرد و گوتیشی ئەمریکا مەبەستی گفتوگۆکردنی نییە لەبەر ئەوەی خۆی پردەکەی ڕووخاندووە و لەو سەری پردە ڕووخاوەکەوە دەڵێت وەرن با گفتوگۆ بکەین. بۆیە ئێمەش پێیان دەڵێین ئەگەر حەزتان لە گفتوگۆیە فەرموون پردەکە چاک بکەنەوە و گەمارۆکانی سەر ئێران هڵپەسێرن با گفتوگۆ بکەین.

شیاوی ئاماژەیە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش چەند ڕۆژ هەڵوێستی بەرانبەر بە مەوزووعی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا نواند و بە ئاشکرا ڕایگەیاند نە شەڕ دەبێت و نە دانووستانیش لەگەڵ ئەمریکا دەکەن و ئەگەر بڕیار بێت دانووستانیش بکەن ئەوا لەگەڵ ئەم دەوڵەتەی ئەمریکا نایکەن.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه