02:49 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 26 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارتی بە ئامانجی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک فشاری بۆ سەر یەکێتی دروست کردووە
عێراق و گەمارۆکانی سەر ئێران/ ڕافد جبووری

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕافد جبووری چاودێری سیاسی لە وتارێکی ڕۆژنامەی "العربی الجدید"دا تیشکی خستۆتە سەر گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و کاردانەوەی ئێران و پێگە و هەڵوێستی عێراق لەو بارەیەوە.

کوردپرێس:

عێراق ئەو وڵاتەیە کە لە 2003وە ئێران تێیدا هەژموونیی زیادی کردووە بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایا سییەکانی عێراق لە ژێر گوشاری گەمارۆکانی ئەمرکیا بۆ سەر ئێران دەتوانێت بە باشی هەناسە هەڵکێشێت؟ ئایا ئەمریکا ڕێگە بە هەناسە هەڵکێشانی عێراق دەدات؟

ئێران پاش تورکیا و چین سێهەم شەریکی بازرگانیی عێراقە و تای شایەنەکەی عێراق بەلای ئێراندا قورسایی دەکات لەبەر ئەوەی ئێران ساڵانە زیاتر لە 6.5 ملیار دۆلار کاڵا بۆ عێراق هەناردە دەکات و بەنیازیشە ئەو ڕێژەیە زیاد بکات. هەناردەکردنی ئەو بڕە کاڵایە پاش دەستپێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لای ئێران زۆر بە هەند وەردەگیرێت.

ئەمریکا بڕیاری داوە توندترین گەمارۆی مێژوو بخاتە سەر ئێران. دیارە ئێرانیش هەوڵ دەدات ڕێگای دیکە بۆ هەناردە کردنی نەوتەکەی بدۆزێتەوە و هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زیاد بکات کە عێراق گرینگترین وڵاتە لەو بارەیەوە.

جێبەجێکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران هەرگیز دەرهاویشتەیێکی ئاسایی نابێت. لەبەر ئەوەی تەنانەت پێش گەمارۆکانیش خەڵکی ئێران گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەی ئابووری بوون و نرخی دراوی ئێرانی بە ڕێژەیێکی بەچاو دابەزی و دەوڵەتی ئەمریکاش ئیدعا دەکات کە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران نییە بەڵام پشتی بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران بەستووە و بەنیازە گەمارۆی قورستر بخاتە سەر ئەو وڵاتە و بێگومان عێراقیش یەک لەو وڵاتانە دەبێت کە ئەمریکا لەپێناو گەمارۆکانی دژ بە ئێران بەکاری دەهێنێت و واشەنتۆن وتوویەتی بەنیازە کۆتایی بە هەبوونی ئێران لە عێراق بهێنێت.

ئەمریکییەکان سەرەڕای ئەو زیانانەی پاش 2003 لە عێراق کردوویانە ملیان بەوە داوە کە دەسەڵات و هەژموونیی خۆیان لە عێراق لە گەڵ ئێران بەش بکەن و ترەمپیش و دوو سەرکردەی سەلەفی ئەویش واتا بووش و ئۆباما باسی هەژموونیی ئێرانیان لە عێراق کردووە. بەو حاڵەشەوە مەوزووعی ەژموونیی ئێران و ئەمریکا لە عێراق بەردەوام بەشێک بووە لە سیاسەتی ستراتێژییانەی ئەمریکا و هیچ بەڵگە و نیشانەیێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە نێو خاکی عێراق بەچاو نەبینراوە.

عێراق لەلایەن واشەنتۆنەوە تۆمەتی زۆری خراوەتە پاڵ ئەوەش بە بیانووی یارمەتیدانی ئێران بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکانی سەر ئەمریکا دژ بە ئێران. لە کاتی خۆیدا واشەنتۆن تانەی زۆری لە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی عێراق دابوو و پێوەندیی نێوان واشەنتۆن و بەغداد لەو کاتەدا چەندین جار تێکچوو. بەو حاڵەشەوە بەغدا لە چەندین دیداری دیپڵۆماسییانەدا پێشوازیی لە گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و زلهێزەکان لەگەڵ ئێران کردووە و ئەو گفتوگۆیەش ساڵی 2015 ئەنجامەکەی دەرکەوت کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک بوو بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مانگی ئایاری 2018 لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە کشایەوە.

ئەگەرچی هاوپەیمانە عێراقییەکانی تاران ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە بەڵام ئاستی هاوکارییەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران زۆر زیاترە لە ئاستی هاوکارییەکانی عێراق لە سەردەمی نووری مالکیدا. چوونکە ئێستا گواستنەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران زۆر سنووردار کراوە و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە چاودێرە ئەمریکییەکان لە بانقەکانی عێراقدان بۆ ئەوەی چاودێریی ڕەوتە بکەن و دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران ڕەوانە نەکرێت.

دیارە ئەمانە تەنها بەراییی نیشانەکانی پێبەندبوونی عێراق بە گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێرانە. چوونکە ئێستا ئەو قەبارە سیاسییانەی عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکن، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵی زۆرینەی بانقەکانی عێراقیان بەدەستەوەیە و لەو مەترسییە دەترسێن کە هەڕەشە لە سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە دەکات. دیارە ئەگەری ئەوە زۆرە کە ناکۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکا کارتێکەریی هەبێت لە پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق و وەزیر و سەرۆکوەزیرانی دژ بە ئێران لە عێراق بگەنە دەسەڵات هەر بۆیەش ئێستا ئێران هەوڵ دەدات سەرۆکوەزیرانی سەر بە تاران بگاتە دەسەڵات و حەیدەر عەبادی ئەو پۆستە وەرنەگرێتەوە.

لە بارەی مەلەفی نەوتیشەوە خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە پێش یەک مانگ گرێبەستێک لە نێوان ئێران و عێراق واژۆ کرا کە بە پێی ئەو گرێبەستە نەوتی کەرکووک بۆ پاڵاوگەکانی کرماشان بگوازرێتەوە و ئاڵوگۆڕی نەوت و بەرهەمی نەوتی لە نێوان ئێران و عێراق بکرێت. ئەگەرچی ئەو گرێبەستە گەورە نییە بەڵام هەر لە ڕێگای ئەو گرێبەستەوە ئێران دەتوانێن گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە تاران تێپەڕێنێت.

ئەمریکا دەتوانێت لە نێو عێراقدا بە توندی شەڕی سەربازی دژ بە ئێران بکات بەڵام ئەوەش دوور لە چاوەڕوانییە لە بەر ئەوەی ئەمریکا و دەوڵەتی ترەمپ لە عێراق تەرکیزی کردۆتە سەر شەڕی دژ بە داعش نەک شەڕی دژ بە ئێران.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه