19:02 PM   IRAQ
TUESDAY, 24 APRIL 2018
 به په‌له |◀   دەوڵەت بە بێ تەگبیری و دووچاوەکی لەگەڵ سنوورنشینان ڕەفتار دەکات
حه‌سه‌ن جه‌هاد ئه‌ندامی شاندی ئۆپۆزسیۆنی کورد له‌ سه‌ردانه‌که‌ی به‌غدا:
بۆ گۆڕینی سیسته‌می پاشاگه‌ردانیی هه‌رێم ده‌بێت به‌ره‌یێکی نیشتمانی پێکبهێندرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حه‌سه‌ن جه‌هاد ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری که‌ هاوکات ئه‌ندامی شاندی هاوبه‌شی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان بوو له‌ سه‌ردانه‌که‌ی به‌غدا، دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و بڕوای وایه‌ سیسته‌می ئێستای ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم پێویستی به‌ چاکسازی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌ به‌وه‌وه که‌‌‌ موجته‌ماعاتی مه‌ده‌نی و ئه‌هلیش بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و چاکسازییه‌که‌ تابێعێکی مللی وه‌ربگرێت.

کوردپرێس: پاش ڕیفراندۆمه‌که‌ی 25ی ئه‌یلوول ده‌روازه‌کانی به‌غدا به‌ته‌واوه‌تی به‌ ڕووی هه‌رێمی کوردستاندا داخرابوون. له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ به‌ ڕووی به‌ره‌یێکی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا ئاوه‌ڵا کرا که‌ خۆیان ڕووبه‌ڕووی دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم (پارتی و یه‌کێتی) ده‌بیننه‌وه‌ و جه‌بهه‌ی ئۆپۆزسیۆن پێکده‌هێنن. هاوپه‌یمانێتیی نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ سه‌رکردایه‌تیی عه‌مه‌ری سه‌یدعه‌لی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ سه‌رکردایه‌تیی عه‌لی باپیر و حزبی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری به‌ سه‌رکردایه‌تیی به‌رهه‌م ساڵح هاوپه‌یمانییێکی نه‌نووسراوه‌. ئه‌و سێ حزبه‌ شاندێکی هاوبه‌شیان نارده‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وته‌ی خۆیان به‌سته‌ڵه‌کی پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق بتوێننه‌وه‌ و له‌و بواره‌شدا سه‌رکه‌وتوو بوون. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ پێشوازی کرانی ئه‌و شانده‌ له‌ ئاستێکی باڵادا بوو. حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک‌وه‌زیران، فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک‌کۆمار، سه‌لیم جبووری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و زۆرینه‌ی سه‌رکرده‌کانی حزبه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ شاندی هاوبه‌شی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان دیداریان کرد. ئه‌وه‌ش ده‌لاله‌ته‌ له‌سه‌ر گۆڕدرانی هاوکێشه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و گۆرانه‌ش بنه‌مای لێکدانه‌وه‌ی نوێیه‌ له‌ ئاینده‌ و شوناسێکی نوێ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان کورد و به‌غدا.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس پاش ئه‌نجام دانی زه‌نجیره‌ دیمانه‌یێک به‌ مه‌به‌ستی شی کردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێم ئه‌مجاره‌یان بۆ ده‌رخستنی هۆکاری سه‌ردانه‌که‌ی شاندی هاوبه‌شی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێم بۆ به‌غدا و ده‌ستکه‌وتی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هه‌روه‌هاش ئه‌گه‌ری پێکهێنانی هاوپه‌یمانیی نوێی سیاسی له‌ نێوان هه‌رێم و حزبه‌ عێراقییه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن جه‌هاد کردوووه‌ که‌ ئه‌ندامێکی شاندی نێردراو بۆ به‌غدا بوو له‌ پشکی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری. ناوبراو هاوکات نوێنه‌ری پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بوووه‌ له‌ فراکسیۆنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌وه‌:

* کوردپرێس: ئامانجی ئێوه‌ به‌ شێوه‌یێکی هاوبه‌ش ئه‌و سێ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ی که‌ بۆ به‌غدا ئه‌نجامتان دا چی بوو؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: به‌ڵێ خۆتان ئه‌زانن کێشه‌ی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ به‌ین هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا. ماوه‌ی پێشوو زۆر قووڵ بوو و گه‌یشته‌ شه‌ڕ و ئه‌وانه‌ و وه‌زعی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌ و ژیان و مه‌عاش و شت وا هه‌ر دیسان زۆر به‌باسه‌ و خراپه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان. ئێمه‌ ئه‌و به‌سته‌ڵه‌که‌مان شکاند که‌ ماوه‌یێکی زۆره‌ حکوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراقدا گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆیان نییه‌، ڕاسته‌ هه‌ندێ مژاری فه‌نی و شتی وا هه‌یه‌ له‌و نێوانه‌‌دا. ئه‌و سێ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ پێویستیان زانی بۆ چاک کردنی ئه‌و بارودۆخه‌ پێشتر بڕیاریان دابوو سه‌ردانی به‌غدا بکه‌ن خۆشبه‌ختانه‌ دیار بوو له‌ به‌غداش به‌ ڕاسی پێیان خۆش بوو و زۆر موشتاق بوون مه‌رحه‌له‌یێکی نوێ دروست بکات له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

* کوردپرێس: ته‌وه‌ره‌کانی دانوستانی نێوان لیژنه‌ی کوردی له‌گه‌ڵ به‌رپر‌سانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق چی بوو و ئێوه‌ هاوپه‌یوه‌ند به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ته‌ئکیدتان له‌سه‌ر چییه‌؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: ئه‌مجا له‌ ناو کۆبوونه‌وه‌کاندا ته‌ئکیدمان له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی پاراستنی چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی ئیتحادی مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ناو عێراقی ئیتحادی پێیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌دا گرت و پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستاندا گفتوگۆ بکات. بڕیاره‌ له‌م ماوه‌ی داهاتووه‌ له‌ باره‌ی ناوچه‌ جێناکۆکێکان دووز و که‌رکووک باسمان کرد، گۆڕانکاری بکرێت و ببێ  به‌ موشته‌ره‌ک. سه‌رۆک‌وه‌زیرانیش باسی له‌وه‌ کرد. هه‌میش بۆ ئه‌وه‌کان تریش ئه‌وه‌ ده‌ڵێن که‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر ئه‌ده‌ین و ئێستاش خه‌ریکی ئه‌نجام دانی ئه‌و کاره‌ن.

* کوردپرێس: پێش ئه‌م سه‌ردانه‌ گه‌ڕێکی دانوستان که‌ پارتی و یه‌کێتی ده‌ستیان پێ‌کرد به‌تایبه‌ت به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆده‌نگییێک له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بێته‌ ئاراوه‌ بۆچی ئه‌م سێ لایه‌نه‌ خۆیان چۆن پارتی و یه‌کێتی یان لایه‌نه‌کانی دیکه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌بوو؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: جارێ ئێمه‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ حکوومه‌ت باس ده‌که‌ین که‌ ئه‌وانه‌ش حکوومه‌تن و ئه‌م لایه‌نانه‌ حکوومه‌ت نین. دوو حکوومه‌تی عێراقی به‌ ڕاستی تا ئێستا کاک نێچیرڤان خۆی باس ده‌کات داوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌که‌ن و موعێدی بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان دانه‌ناوه‌. بۆیه‌ ئه‌م سێ لایه‌نه‌ وه‌کوو وه‌زعی خه‌ڵک پێیان باش بوو بچن هه‌ندێ که‌ش و ئه‌وانه‌ی سیاسییه‌کان باشتر ده‌بێت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ دوایی ئه‌و هیوایه‌ دروست بوو که‌ گفتوگۆکانی هه‌ولێر-به‌غدا جارێکی دیکه‌ ده‌ست‌پێبکات.

* کوردپرێس: بۆ ئه‌وه‌ڵین جاره‌ که‌ شاندێکی ئاوه‌ها جیاواز سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات و له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌دا پێشوازی لێ‌ده‌کرێت به‌تایبه‌ت له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کاندا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. ئه‌مه‌ چ په‌یامێک چ له‌ لایه‌نی کوردییه‌وه‌ و چ له‌ لایه‌نی به‌غداوه‌ ده‌دات؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: ئه‌مه‌ په‌یامی ئه‌وه‌ی تێیدایه‌ که‌ کورد په‌روشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر بکات دوویش ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات که‌ ئێستا قۆناغێک داین که‌ سیاسه‌توانان به‌تایبه‌ت هه‌ندێ له‌ سیاسه‌توانانی هه‌رێمی کوردستان هه‌ست به‌ مه‌سئوولییه‌تی بکه‌ن و ئه‌وانیش بزانن که‌ لایه‌نی تر هه‌یه‌ ئه‌یه‌وێ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و هه‌وڵ ئه‌دات به‌ سه‌ر ساحه‌ی هه‌رێمی کوردستان وجوودیان هه‌یه‌. شتیش له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ دائه‌گرن که‌ پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ڕابردوو بێت و ده‌ستووره‌که‌ی نه‌گۆڕدرێت و کێشه‌کانیش به‌ شێوه‌یێکی یاساییی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌پێی ده‌ستووری عێراق و ستحقاقی خۆمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین.

* کوردپرێس: گۆڕان و کۆمه‌ڵ له‌ حکوومه‌ت هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئێوه‌ش وه‌کوو لایه‌نێکی نوێ که‌ له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێم ده‌رکه‌وتووون وه‌کوو قه‌باره‌یێک. ئه‌مه‌ چ گۆڕانکارییێک له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان دروست ده‌کات. پێشبینی جه‌نابتان چییه‌ بۆ داهاتوو؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: ئێمه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ و پێشمان وایه‌ خه‌ڵکی تریش و پێشماوه‌ی خه‌ڵکی ناو ده‌سه‌ڵاتیش، پێیان وایه‌ که‌ سیسته‌می حوکمڕانی له‌ کوردستان پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌. پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ کێشه‌کان ئه‌و سیسته‌مه‌ حوکمڕانییه‌ پاشاگه‌ردانی تێدایه‌، فه‌سادی تێدایه‌، بێ سه‌روبه‌ری تێدایه‌. له‌ بودجه‌ی فه‌رمانبه‌ران شتی سه‌یر سه‌یری تێیدایه‌. سیسته‌می حوکمڕانی به‌ گشتی پێویستی به‌ ئێسلاحێک هه‌یه‌. ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر بێت و هه‌موو هاوکاری بکه‌ن به‌رنامه‌یێکی چاکسازیی ئیسلاحی هه‌مه‌ لایه‌ن بۆ بواری ئابووری، بۆ ژێرخان، بۆ نه‌وت، بۆ داهات، بۆ فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌ر ئه‌وا بتوانن چاک له‌ سه‌ر لیستێکدا داوای بکه‌ین و هه‌موو لایێک بیکه‌ینه‌ کارنامه‌ی جێبه‌جێ کردن پێم وایه‌ کوردستان قۆناغێکی چاخ ده‌بڕێت و ئه‌و کێشه‌ و گرفتانه‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌ و به‌شێکی زۆری له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ئه‌که‌وێ، به‌ره‌و چاره‌سه‌رکردن ئه‌چێ و شک ئه‌وه‌ نامێنێت که‌ هاووڵاتییێک زۆر بێزاره‌. ڕووداوه‌کانی چه‌ند حه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ بێزارییێکی زۆر له‌ هه‌رێمی کوردستان و ناڕه‌زایه‌تیێکی زۆر له‌سه‌ر شێوازی حکوومه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌.

* کوردپرێس: له‌ به‌رنامه‌تاندایه‌ له‌ نێوان ئه‌م سێ لایه‌نه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو چ له‌ هه‌رێمی کوردستان و چ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق له‌ نێوان خۆتاندا هاوپه‌یمانییێک دروست بکه‌ن؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: خۆدی ئه‌م سێ لایه‌نه‌ پێشتر هه‌نگاوێکیان نا داوایان کرد که‌ حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێت و حکوومه‌تی کاتی دروست بکرێت پاش ڕووداوه‌کانی که‌رکووک، ڕێک نه‌که‌وت. حکوومه‌ت هۆکاری ئه‌وه‌ بوو که‌ وه‌خته‌که‌ نه‌ماوه‌ و وه‌خت که‌مه‌ و ئێمه‌ش هه‌ر کاتین و بۆیه‌ داواکه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت سه‌ری نه‌گرت. ئێستا ئه‌م لایه‌نه‌ پێش وایه‌ و لایه‌نی تریش تا حه‌دێک دوورایی موجته‌ماعاتی مه‌ده‌نی و ئه‌هلی و ئه‌وانه‌ش بێنه‌ سه‌ر خه‌ت یانێ تابێعێکی مللیش وه‌ربگرێت و کارێک بکه‌ن ئه‌م سێ لایه‌نه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌وه‌جوهه‌ی له‌ جاده هه‌یه‌ بۆ چاک کردنی وه‌زعی حوکمڕانی له‌ هه‌رێمی کوردستان پێم وایه‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن شتی تر کامڵ ده‌بێ و شه‌رت نییه‌ ئه‌م سێ لایه‌نه‌ بێت. ئێمه‌ له‌ به‌غدا بووین مامۆستا سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین وته‌یێکی بڵاو کردبوووه‌ و ئه‌ڵێ ئێمه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌مان پێ ئاسایییه‌ و پشتگرییش له‌و سه‌ردانه‌ش ده‌که‌ین.

* کوردپرێس: ئێوه‌ دانیشتنتان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان بوو پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌ر کام له‌م سێ لایه‌نه‌ یان به‌ یه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق هاوپه‌یمانیتان هه‌بێ؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌ عام خۆتان ده‌زانن له‌ کاتی هه‌ڵبژاردن هه‌م عێراقییه‌کان ڕوو ئه‌که‌نه‌ لایه‌نه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌میش به‌تایبه‌تی ئێمه‌ش هه‌موو جارێک له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کاندا گفتوگۆمان بوووه‌ ئێستا چی به‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا نزیک بن به‌ یه‌ک به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق. بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو جارێک دامه‌زراندنی حکوومه‌ت دێته‌ پێشه‌وه‌ عێراق پێویستی به‌ ده‌نگی کورد هه‌یه‌ و زۆر جاریش حکوومه‌تی عێراقیش که‌ دامه‌زراوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ولێره‌وه‌ باس کراوه‌ که‌ حکوومه‌ته‌که‌ چۆن بێت، به‌رنامه‌ی حکوومه‌ته‌که‌ش چۆن بێت، ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ حکوومه‌ته‌که‌ جێبه‌جێ ئه‌کات چییه‌، له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆ بکات. پێم وایه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێکدا له‌م دواگه‌له‌ش عێراق پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان قسه‌ بکات له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستان قسه‌ بکات و قسه‌یش ئه‌کات بۆ ته‌نسیق، شێوازی حکومڕانی بۆ ته‌حولاتی تازه‌، به‌ڵام جارێکان زوووه‌.  

* کوردپرێس: وه‌کوو دوایین پرسیار، به‌م سه‌ردانه‌ی ئێوه‌ و به‌تایبه‌ت خۆتان ئاماژه‌تان دا به‌غدا هیچ وڵامێکی به‌ سه‌ردانی حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌داوه‌، ڕاوبۆچوونێک هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ باس له‌وه‌ ده‌کرێ هه‌وڵێکی کوردستانی، عێراق و نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاردادایه‌ بۆ لاوازکردنی پارتی و یه‌کێتی، بۆچوونی جه‌نابتان له‌م باره‌وه‌ چییه‌؟

- حه‌سه‌ن جه‌هاد: له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ له‌ دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراقی ته‌ئکیدمان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ چی هه‌یه‌، چی نییه‌.  به‌ڵام ئێمه‌ به‌ڕاسی پێمان وتن که‌ ئێمه‌ بۆ دژی که‌س نین، به‌ڵام پێشمان خۆشه‌ به‌غدا ده‌رگای حیوار له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان بکاته‌وه‌، زۆریش پێمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌دا گرت که‌ گفتوگۆ بکات، ئه‌وان ناشتوانن له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا گفتوگۆ نه‌که‌ن. خۆتان ئه‌زانن سندۆقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مریکییه‌کان، فه‌ڕه‌نسییه‌کان، ئه‌ڵمانییه‌کان داوایان کردوووه‌ گفتوگۆ بکه‌ن به‌ڵام دیاره‌ زۆر مولاحزه‌شیان بوووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ وه‌زعه‌که‌ی که‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ مولاحزه‌ی زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر شێوازی حوکم، ده‌سه‌ڵات، نه‌وت و زۆر شتی تر. هیچ که‌لێنێک نه‌بوو به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌م زیاره‌ته‌ ئه‌م که‌لێنه‌ که‌م ده‌کاته‌وه‌ دواتر گفتوگۆ ده‌ست‌پێبکات.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه