12:26 PM   IRAQ
SUNDAY, 19 AUGUST 2018
 به په‌له |◀   کوردی سووریا کار بۆ گۆڕینی دەسەڵات ناکات
خه‌سره‌و گۆران به‌رپرسی داموده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
پارتی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان قبووڵ ناکات/ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق ئیستیحقاقی پارتییه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- خه‌سره‌و گۆران به‌رپرسی داموده‌زگای هه‌ڵبژاردن و سه‌رکرده‌یێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گفتویێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردووه‌ و خوێندنه‌وه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ ده‌وڵه‌تی نوێ و گفتوگۆکان له‌سه‌ر پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌غدا ده‌خاته‌ ڕوو.

کوردپرێس: خه‌سره‌و گۆران سه‌رکرده‌ و به‌رپرسی داموده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلوولی 2018 به‌ڕێوه‌ بچێت گوتی: ئێمه‌ هیچ جارێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بووینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان دوابخرێت. یه‌عنی ته‌نانه‌ت له‌و ڕۆژه‌ی که‌ بڕیار بوو هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان بکرێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووین که‌ له‌ 1ی تشرینی دووهه‌م بکرێت به‌ڵام له‌به‌ر بارودۆخی داگیر کردنی که‌رکووک و هاتنی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی بۆ کوردستان به‌ ناچاری کاته‌که‌ی دوا خرا.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی: ئێستاکه‌ش که‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان 30ی ئه‌یلوولی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ستنیشان کردوووه‌ ئێمه‌ش له‌ پارتی دیموکراتی خوازیاری به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی دیاریکراوین.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ که‌ خوازیاری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانن گوتیشی: له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا قوباد تاڵه‌بانی سه‌رکرده‌یێکی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕای‌گه‌یاند که‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی خۆیدا نه‌کرێت و دوا بخرێت چوونکه‌ بارودۆخه‌که‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گونجاو و له‌بار نییه‌ به‌ڵام پرسیاره‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ بارودۆخه‌که‌ به‌ نیسبه‌ت ئه‌وان گونجاو نییه‌ یان به‌ نیسبه‌ت هه‌ندێک لایه‌نی دیکه‌.

ناوبراو له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی که‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 8ی ئاب به‌ڕێوه‌چوو گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجام درا یان نا زیادی کرد: یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ شێوه‌ی ڕوون و شه‌فاف ناڵێت ده‌مانه‌وێت هه‌ڵبژاردن دوا بخرێت به‌ڵام له‌ واقیعدا ئه‌و حیزبه‌ ئه‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنه‌کان دوا بخرێت چوونکه‌ بارودۆخی ناو یه‌کێتی زۆر سه‌قامگیر نییه‌.

خه‌سره‌و گۆران له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی دیکه‌ی ئاژانسی کوردپرێس له‌باره‌ی دیداری نێوان مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و برێت مه‌کگۆرک نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش و داواکاریی مه‌کگۆرک بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان گوتیشی: مه‌کگۆرک له‌ دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی یان ناڕه‌سمی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانی نه‌کردوووه‌. پێشتر جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی له‌باره‌ی داواکاریی مه‌کگۆرک ڕای‌گه‌یاندبوو که‌ ناوبراو داوایێکی وای نه‌کردوووه‌ و قسه‌ی مه‌کگۆرک ئه‌وه‌ بوووه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن شتێکی ناوخۆیییه‌ و پێوه‌ندی به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی به‌شداریی پارتی له‌ حکوومه‌تی نوێی عێراقدا ده‌شڵێت: تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌نجامه‌کان به‌ فه‌رمی دیاری نه‌کرێن گفتوگۆکان له‌سه‌ر پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت زۆر جیدی نییه‌ به‌ڵام ئه‌وکاته‌ی که‌ ئه‌نجامه‌کان به‌ شێوه‌ی فه‌رمی ڕابگه‌یێندرێت گفتوگۆکان جیدیتر ده‌بێت و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت و به‌شداری له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق ئاشکرایه‌ و هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی که‌ پێبه‌ندی ده‌ستووری عێراق بێت و به‌رنامه‌یێکی له‌پێناو جێبه‌جێ کردنی داواکاری و مافی ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستان هه‌بێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانین.

خه‌سره‌و گۆران هاوپه‌یوه‌ند به‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق و ڕێککه‌وتنیان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ گوتیشی: تاکوو ئێستا هیچ ڕێککه‌وتنێک له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتی هاوپه‌یوه‌ند به‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق ئه‌نجام نه‌دراوه‌ به‌ڵام حه‌تمه‌ن له‌و سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌ یه‌کێکیان بۆ کورده‌ و ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ 2005 تا ئێستاوه‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری بۆ کورد بوووه‌. پێشتر و به‌پێی ڕێککه‌وتنی ستراتێژیکی نێوان پارتی و یه‌کێتی بۆ سێ خول پۆستی سه‌رۆک کۆماری به‌ یه‌کێتی درا به‌ڵام ئه‌م جاره‌ به‌ هیچ شێوه‌یێک مه‌رج نییه‌ حه‌تمه‌ن ئه‌و پۆسته‌ بۆ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت و ئه‌و پۆسته‌ بۆ کورده‌.

پێشتر هه‌ندێک له‌ میدیاکان باسیان له‌وه‌ کردبوو که‌ پارتی له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ پاش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری که‌رکووک له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ئه‌و حیزبه‌ ئاماده‌یه‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار بدرێته‌وه‌ به‌ یه‌کێتی و به‌رپرسی داموده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌وباره‌وه‌ ڕاشی‌گه‌یاند: تاکوو ئێستا هیچ گفتوگۆیێک سه‌باره‌ت به‌ پێدانی پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان ئه‌نجام نه‌دراوه‌. ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌ کوردییه‌کان کۆک بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ چ لایه‌نێک ده‌درێت. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئیستیحقاق و ژماره‌ی کورسییه‌کان بێت پارتی کورسییێکی زیاتری وه‌ده‌ست هێناوه‌ و ده‌بێت ئیستیحقاقی پارتی بێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی عێراق له‌ که‌رکووک گوتی: جارێک مه‌علووم نییه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت یان نا چوونکه‌ وه‌زعی که‌رکووک تایبه‌ته‌ و له‌ 2005وه‌ تا ئێستا هه‌ڵبژاردن نه‌کراوه‌ و هه‌رکات باسی ئه‌و بابه‌ته‌ کرا ئێمه‌ش سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی خۆمانمان ده‌بێت.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه