‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 71261  |  بڕوار: ۱۳۹۶/۱/۱۷  |  کاتژمێر: 17 : 17

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەلێدوانێکی تایبەت بۆ کوردپرێس:

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پەسند کردنی ڕێفراندۆم لە کەرکووک لە پێناو جێبەجێ کردنی دەستووری عێراقە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەریبڕی، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو پارێزگایە بەهۆی دۆخی عێراق و لەبەرچاو گرتنی لایەنە عێراقییەکان و چاوەڕێیی لە بەغدا بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری 10 ساڵ پشت گوێ خراوە

ڕێبوار تاڵەبانی لە پێوەندیێکی تەلەفۆنی لەگەڵ کوردپرێسدا، سەبارەت بە هۆکار و مەبەستی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لەو پارێزگایە وتی: پرسی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک لە ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە بە پێی داخوازیی فەرمی و یاسایی دوکتور نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک و بە مەبەستی جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی یاسای بنەڕەتی عێراق هاتە ئاراوە و پەسند کرا. ئامانجی دانانی ئەم مادەیە لە دەستووری عێراق دیاری کردنی چارەنووسی ناوچە جێناکۆکییەکان لەم وڵاتەدایە.
ڕێبوار تاڵەبانی جەختی کردەوە، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، داپەڕێکی یاساییە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بە هۆکاری داخوازییەکەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک لەم دۆخەی ئێستادا وتی: دەبوایە 10 ساڵ پێش ئێستا ئەو داپەڕە ئەنجام بدرایە. لایەنی عێراقی لە جێبەجێ کردنی مادەی 140 یاسای بنەڕەتی و چارەسەر کردنی پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان کەمتەرخەمیی نواندووە و دەبوایە 10 پێش ئێستا ئاڵای کوردستانمان لە کەرکووک هەڵکردایە، بەڵام هەلومەرجی تایبەتی عێراق و هەڵوێستی دیکەی لایەنە عیراقییەکان لەبەرچاو گیرا و ئەو داپەڕە وەدوا کەوت.
نەجمەدین کەریم سەبارەت بە کاردانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە یاسایی نەزانینی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو پارێزگایە وتی: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری خۆی سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووکی پووچەڵ کردەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەروەها سەبارەت بە ئەو لایەنانەی لە نێوخۆی پارێزگای کەرکووکدا لەگەڵ ئەو بڕیارە دژایەتییان کردووە، بەتایبەت تورکمان و عەرەبەکان و هەروەها شێوەی مامەڵەی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ ئەو بەرهەڵستکارانە وتی: تێکڕای تورکەمانەکان و عەرەبەکانی کەرکووک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو پارێزگایەیان قبووڵ کردووە و دەنگی ئەرێیان پێداوە و بەدڵنیاییەوە لەگەڵ بەرهەڵستکاران کە بریتین لە چەند ڕەوتی تورکەمانی و عەرەب، لەوبارەوە گفتوگۆ دەکەین.
ناوبراو سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کەرکووک لە لایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراق وەک کاردانەوەیێک بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو پارێزگایە وتی: حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە ئاوەها داپەڕێک ڕوو نادات. کردەوەیێکی لەو چەشنە یاسایی نییە و کاردانەوەی جیهانیی بەشوێنەوە دەبێت.
ڕێبوار تاڵەبانی سەبارەت بە دژایەتی کردنی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و بەتایبەت هەڕەشەی تورکیا لەوبارەوە وتی: ئەم کاردانەوانە نموونەی ڕاستەقینەی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆ و پێشێل کردنی سەروەریی عێراقە. پرسی کەرکووک پرسێکی عێراقییە و عێراقییەکان بۆخۆیان چارەسەری دەکەن و دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش دەبێ وەڵامی ئەو وتانە و دەستێوەردانانە بداتەوە.
ڕێبوار تاڵەبانی سەبارەت بە پەسند کردنی ڕێفراندۆمی دیاری کردنی چارەنووس لە کەرکووک لە لایەنی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە زیادی کرد: بڕیاری گشت‌پرسی بۆ دیاری کردنی چارەنووسی ئەو پارێزگایەیە. تا ئێستا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، مادەکانی دەستوور بۆ بەڕێوەبردنی ڕێفڕاندۆم لە کەرکووک و دیکەی ناوچە کێشە لەسەرەکانی جێبەجێ نەکردووە و ئەو کارە وەدوا دەخاتەوە. خەڵکی کەرکووک مافی ئەوەیان هەیە لە سەرۆک وەزیران و بەغدا داوا بکەن ئەو ماددانە جێبەجێ بکرێت. لە مادەی 140 بە شێوەیێکی ڕوون و دیاریکراو جەخت کراوە چارەنووسی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی یاسایی و بەڕێوەبردنی گشت‌پرسی دیاری بکرێت.
ناوبراو سەبارەت بە وەڵامی سەرۆکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە داخوازی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ بەشداریی نوێنەرێک لەو پارێزگایە لە شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووس وتی: هێشتا لەوبارەوە هیچ وەڵامێک لە لایەن هەولێرەوە نەگەیشتۆتە دەستمان،
لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئەگەر ڕێفڕاندۆم لە کەرکووک بەریوە بچێت و دەرنجامەکەی لکاندنی ئەو پارێزگایە بە هەرێمی کوردستان بێت، ئایا سەرەڕای ئەو دژایەتییانەی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە، ئەو داپەڕە جێبەجێ دەکرێت، دەریبڕی: ئەوە پرسێکی ناوخۆی عێراقە و دەبێ بە دەستی عێراقییەکان چارەسەر بکرێت و بڕیاری بۆ بدەن و نابێ کەس لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا دەستێوەردان بکات. لە واقیعدا ئەوە خەڵکی کەرکووکن کە دەبێ چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بە چارەنووسی داهاتە نەوتییەکانی کەرکووک لەو گۆڕانکارییانەدا وتی: تا ئێستا داهاتی نەوتیی کەرکووک بە پێی یاسا بۆ هەمووی هاووڵاتیانی عێراق بووە، بەڵام ئەگەر گۆڕانکاریێکی نوێ ڕوو بدات، بە دڵنیاییەوە دۆخەکە دەگۆڕدرێت و ڕێککەوتنی نوێ و یاسای نوێ حاکم دەبێت.  
 
لێدوان: حەسەن ساڵحی/ بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان
 
کۆدی هەواڵنێر: 60108

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://www.kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=71261