‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 70661  |  بڕوار: ۱۳۹۵/۱۲/۳۰  |  کاتژمێر: 23 : 48

فەرماندەی هێزەکانی یەپەگە لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقە:

توانای ئەوەمان هەیە مانگی ئەیپرێل بچینە ناو ڕەقەوە

بەشی سووریا- فەرماندەی هێزەکانی یەپەگە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی ڕەقە ڕایگەیاند: ئەگەر بڕیاری کۆتایی بدرێت بۆ چوونە ناو ناوەندی ڕەقە، ئەوا ئەو ئۆپەراسیۆنە لە مانگی ئەیپرێلدا دەستی پێدەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە زەڕ نیووز، سیپان حەموو لە فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە لێدوانێکدا وتی: لە ئەگەری ڕاگەیاندنی بڕیاری کۆتایی ئۆپەراسیۆنی چوونە ناو ناوەندەنی ڕەقە لە سەرەتاکانی مانگی ئەیپرێلی ئەمساڵەوە دەست پێدەکات. ئێمە پێمان وایە ئازادی کردنی ڕەقە تەنیا چەند حەوتە ئەخایێنێ.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە هێزەکانی یەپەگە لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقە هاوشان لەگەڵ هێزەکانی سوپای دیموکراتیکی سووریا دەچنە پێش و زیادیشی کرد: یەپەگە ٢٥ لەسەدی هێزەکانی سوپای دیموکراتیکی سووریا پێک دێنێت. لێرەدا ئەزموونەکانی یەپەگە و زاڵی بوونی ئەو هێزانە لە شەڕی شاردا زۆر کارساز و گرینگ دەبێت.
وتیشی: لە ئێستادا ئامادەیی سەربازی گونجاو و دۆخێکی باشمان هەیە بۆ چوونە ناو ڕەقە. چەک و چۆڵی سەربازی، هێزی چەکداری، دیسپلین و ڕێکوپێکی سەربازی لە ئاستێکی باڵادایە شارەکە لە سێ بەرەوە گەمارۆ دراوە و پاک کراوەتەوە.

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=70661