‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 70650  |  بڕوار: ۱۳۹۵/۱۲/۳۰  |  کاتژمێر: 14 : 9

تورکیا هەرێم بۆ شەڕی پەکەکە و پەیەدە هان دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی کوردستان لە گوشارخستنی تورکیا بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو هەڵگیرساندنی شەڕ لە دژی په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده، هەواڵی دا.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس، قادر ڕه‌زگه‌یی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی کاروباری پێشمه‌رگه‌ و کاروباری شه‌هیدان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان بە میلله‌تی ڕایگه‌یاند: "عێراق و هه‌رێمی کوردستان ناتوانن به‌رگری له‌ سیاده‌ و سه‌روه‌ری خۆیان بکه‌ن و وڵاتانی دراوسێی عێراقیش ئاماده‌بوونی سه‌ربازیان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت تورکیا که‌ هێز و بنکه‌ی سه‌ربازی له‌ باشوری کوردستان هه‌یه‌".
ناوبراو وێرای ڕەخنەگرتن لە وتەکانی مەسعوود بارزانی کە بوونی پەکەکەی وەک لەمپەرێک لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شەنگال باس‌کردبوو، وتی: "ئایا بوونی هێزێکی کوردی که‌وا رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش و گرووپه‌ تیرۆرستیه‌کانی‌تر پێشێلی سه‌روه‌ری خاکی کردووه‌ یان بوونی هێزێکی بیانی وه‌ک تورکیا".
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان وێرای ئاشکراکردنی گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە ناو ماڵی کورد، زیادی کرد: "تورکیا کاریگه‌ری زۆرە له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککه‌وتنی سیاسی و ئابووریی له‌گه‌ڵ ئاک پارتی هه‌یه‌ و بۆیه‌ تورکیا ده‌یه‌وێت ڕۆڵی خۆی زیاتر بکات و گوشاره‌کانی خۆشی بۆ سه‌ر پارتی ده‌ستپێکردووه‌ به‌ ئامانجی ده‌ستپێکردن و به‌رپاکردنی شەڕ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌".
ڕەزگەیی بە گرێ‌دانەوەی ئەم مژارە بە  هۆکاری به‌ره‌وپێش چوونی پرسی کورد له‌ ناوچه‌که و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی هەرێم هەمبەر بەو دەرفەتە مێژووییە، وتیشی: "تورکیا ده‌یه‌وێت خۆشی بێته‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و سنووری مووسڵ به‌تایبه‌ت شه‌نگال که‌وا هەرێمی کوردستان دەلکێنێت بە کوردستانی سووریاوە، و بە جێگرکردنی هیزی دەسکردی رۆژ ده‌یانه‌وێت له‌ داهاتوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ سازبێت له‌ نێوان په‌یه‌ده‌ و کانتۆنه‌کان و سوپای تورکیا و هێزی رۆژ".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60106

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=70650